پێشمەرگە و مامۆستا و میوزیکژەن و ئاوازدانەر و ئەکتەر و دەرهێنەری شانۆیی و نووسەر، مامۆستا زرار محەمەد مستەفا، لە ساڵی 1937 لە شاری ڕواندزی پاشای گەورە، لە بنەماڵەیەکی دیاری ڕواندز هاتووەتە دنیاوە.
قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە ڕواندز خوێندووە، دواتر خوێندنی ئامادەیی تا پۆلی پێنجەمی وێژەیی لە هەولێر خوێندووە، پاشان لە خولێکی هاوینەی وەزارەتی پەروەردەی سێ مانگی بەشداریی کردووە، دواتر وەک مامۆستا لە دەربەندی ڕایات دامەزراوە و وانەکانی هونەر و زمانی ئینگلیزیی گوتووەتەوە و پاشان بووە بە بەڕێوەبەر، لە ساڵی 1961یش دەبێتە بەرپرسی ناوچەی ڕواندزی پارتی دیموکراتی کوردستان.
مامۆستا زرار، هەر لە تەمەنی لاوییدا حەز و خولیای لە میوزیک بووە و لە ساڵی 1969 لە شاری بەغدا عوودێک دەکڕێ و خۆی دەبێتە مامۆستای خۆی و خۆی فێری میوزیک دەکات. لە ساڵی 1971 لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی خۆی دەست دەکەن بە پرۆڤە، ئەگەرچی ئامێریشیان نەبووە، بەڵام زۆرینەی ئامێرەکانیان لە لقی هەولێری یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان وەرگرتووە و یەکەم گرووپیان لە شاری ڕواندز دروست کردووە. دواتر داوایان لێ دەکرێ لە ئاهەنگی یادی شەهیداندا بەشداری بکەن و ئەوە دەبێتە یەکەم کار و چالاکیی گرووپەکەیان.
هەرچەندە وەک خۆی لە چاوپێکەوتنێکدا باسی کردووە کە ئاستیان زۆر باش نەبووە، تا ئەو کاتەی سەعید یەحیا خەتات لە ساڵی 1972 دەبێتە بەرپرسی ناوچەی پارتی لە ڕواندز و پرسیاری گرووپەکەیان دەکات و فێری مەقامات و نۆتە و زۆر شتی گرنگیان دەکات. هەر لەو ساڵەدا لەگەڵ هونەرمەندی مەزنی کورد تایەر تۆفیق، ئاهەنگێک لە ناوپردان ساز دەکەن.
ئینجا لەوێوە چەندان کاری هونەری دەکەن، تا لە ساڵی 1974 بەهۆی بارودۆخی ئەوکات، تیپەکەیان هەڵدەوەشێتەوە و لێک جیا دەبنەوە و مامۆستا زرار دەچێتە ڕیزەکانی شۆڕشی ئەیلوول و پەیوەندی بە هێزەکانی پێشمەرگەوە دەکات، بۆ داکۆکیکردن لە خاک و نیشتمان. پاشان ئاوارە دەبێ بۆ ئێران و لەوێ لە ئۆردوگای زێوە، وەک خۆبەخش دەبێتە بەڕێوەبەری دواناوەندیی زمناکۆ،
دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە سالی 1975 دەگەڕێتەوە بۆ شاری ڕواندز.
لە ساڵی 1977، کە کۆمەڵەی هونەر و وێژەیی کوردی لە ڕواندز دادەمەزرێ، مامۆستا زرار دەبێتە بەرپرسی ئەو کۆمەڵەیە، هەر لەو ساڵەدا یەکەم خولی میوزیک لە ڕواندز دەکاتەوە کە چەند ئارەزوومەندێک تیایدا بەشداری دەکەن.
دواتر مامۆستا زرار تیپی مۆسیقای پاشای گەورە دادەمەزرێنێ و بەشدارانی خولەکە دەبنە ئەندامی تیپەکە، پاشان لە ساڵی 1979 لەلایەن چالاکیی قوتابخانەکەنی هەولێر، منداڵە بەهرەمەندەکانی هەرسێ شاری هەولێر و کۆیە و ڕواندز بانگهێشت دەکرێن و بەیەکەوە تیپێکی گەورە دروست دەکەن و بۆ یەکەم جار لە شاری سەماوە بەشداری لە فێستیڤاڵی سەرتاسەریی چالاکیی قوتابخانەکان دەکەن و لەسەر ئاستی 18 پارێزگاکەی عێراق، پلەی یەکەم بەدەست دێنن.
دوای ئەوە، وەک تیپی مۆسیقای پاشای گەورە بەشداری لە زۆر کار و چالاکیی دیکەدا دەکەن و کار بۆ زۆر لە هونەرمەندانی کورد لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەن و بەرهەمگەلێکی زۆریش بۆ ئێزگەی کوردیی بەغدا و تەلەڤزیۆنی کەرکووک تۆمار دەکەن.
مامۆستا زرار نۆ خولی میوزیکی لە سۆران و ڕواندز کردووەتەوە و جگە لە خولی میوزیک، نزیکەی هەشت خولی دیکەی فێربوونی نیگارکێشانی بۆ منداڵان کردووەتەوە. هەروەها جووڵانەوەیەکی شانۆیی لە ڕواندز دروست کردووە و وەک دەرهێنەر و ئەکتەر 30 کاری شانۆیی پێشکەش کردووە و لە ساڵی 1981 دەبێتە ئەندامی یەکێتیی هونەرمەندانی کوردستان.
لە بواری نووسینیشدا، مامۆستا زرار محەمەد مستەفا چەندین کتێبی نووسیوە، وەک (هونەر لە ڕواندزێ) و (رواندز. باڵەک.. برادۆست) و بەشێکیاشیان چاپ نەکراون.
مامۆستا زرار یەکەم هونەرمەندی کوردە، کە لە ژیاندا بووە و پەیکەری بۆ دروست کراوە و خەڵاتی ڕێزلێنانی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2005 پێ بەخشراوە.
مامۆستا زرار ئەگە چی وەک خۆی دەیگوت: ”هەرگیز بۆ سوپاس و پاداشت کارم نەکردووە“ و زوو زوو دێڕە شیعرێکی کامەران موکریی شاعیری دەگوتەوە، کە دەڵێ:
کەوتووینە ڕێگا لەگەڵ کاروانا
خەڵاتم ناوێ لە تێکۆشانا
لەگەڵ ئەوەشدا، لە ژیانیدا چەندین خەڵات و پاداشتی لە بەرامبەر ئەو تەمەنەی بە هونەری کوردیی بەخشیوە وەرگرتووە، کە زیاتر لە شەست ساڵ خزمەتە.
مامۆستا لە ژیانیدا هەرگیز هاوسەرگیریی نەکردووە، چونکە پەیمانی بە خۆی دابوو کە تا قوتابییەکانی پێنەگەیەنێ و بەرهەماکانیان نەبینێ، هاوسەرگیری نەکات، دواتر کە قوتابییەکانی پێگەیشتن، ئەویش وەک خۆی فەرموویەتی، تەمەنی لایداوە و تازە شەمەندەفەر جێی هێشتووە.
دیارترین ئەو هونەرمەندانەی، کە لەسەر دەستی مامۆستا زرار فێری میوزیک بوون، هەر یەک لە (ئامانج غازی، سەید ئەحمەد ڕواندزی، چەتۆ نەورۆز، سیروان سیرینی...تد) بوون، کە بوونەتە ئەستێرەی گەشی ئاسمانی هونەری کوردی و جێپەنجەیان لە خزمەتکردنی هونەری کوردیدا دیارە.
لە ڕێکەوتی 7ی 12ی 2021 کۆچی دوایی کرد و ئیدی شانبەشانی میر محەمەد و وەستا ڕەجەب، دەبێتە بەشێک لە مێژووی شاری ڕواندز و سەدای دەنگی عوودەکەی تا هەتایە لە گوێی هونەردۆستاندا دەزرنگێتەوە. [1]