بۆکان حەسەن، ناسراو بە (بۆکان جاف) دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە دوایین هەوڵیدا لەپێناو بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆی و هاوکارەکانی توانیان ڕۆژی 11ی ئەم مانگە دەسکەوتێکی گرنگ بۆ زمانی کوردی لە بواری تەکنۆلۆژیا تۆمار بکەن کە کۆمپانیای گەورەی گووگڵ لە کۆی 127 زمان بڕیاری دا 24 زمان هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی بیانخاتە نێو خزمەتگوزاریی وەرگێڕانی گووگلەوە، کە یەکێک لەوانە زمانی کوردی (شێوەزاری سۆرانی) بوو. ئێستا شێوەزاری سۆرانیی زمانی کوردی بە سیستەمی وەرگێڕانی گووگڵ (google translate) زیاد کراوە کە ئەمە دەسکەوتێکی مەزنە بۆ بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی لە ئاستی زانست و تەکنۆلۆژیادا.
لەم دیمانە کورتەدا وەڵامی چەند پرسیارێکی (باسنیوز)ی دایەوە و باسی گرنگیی ئەم پرۆژەیە و هەوڵەکانی خۆی لەم پێناوەدا کرد و ڕایگەیاند هەنگاوی گرنگی داهاتوومان هەوڵدانە بۆ زیادکردنی زمانی کوردی بە سیستەمی دەنگیی گووگڵ (Gogle Voice).
لەبارەی ئەوەی لە کەیەوە بیرۆکەی ئەم کارە لەلای گەڵاڵە کراوە و گرنگیی ئەم پرۆژەیە لە چیدایە، گوتی: بیرۆکەی ئەم کارە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2012 کە هەوڵەکانمان خستە گەڕ کە دەبێ زمانی کوردیش بچێتە ڕێزی ئەو زمانانەی دنیا لە سیستەمی وەرگێڕانی گووگڵدا، هەتا ئەوەی سەرەنجام سەرەتا شێوەزای کورمانجیی سەروو، پاش هەوڵێکی زۆر لە ساڵی 2016 بە فەرمی تۆمار کرا، بەڵام ئەوکاتە شێوەزاری کرمانجیی ناوەڕاست (سۆرانی) تۆمار نەکرا و هۆیەکەشی لەبەر نەبوونی کیبۆردی کوردیی تایبەت بەو شێوەزارە و نەبوونی سەرچاوەی پێویست لە تۆڕی ئینتەرنێت بوو. هەروەها هۆیەکی دیکەی دواکەوتنی ئەم پرۆژەیە نەبوونی پاڵپشتی و لایەنی دارایی بوو. بۆیە سەرەنجام هەوڵەکانمان سەری گرت و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا توانیمان هەنگاوێکی دیکە بچینە پێشەوە و شێوەزاری سۆرانیشمان بە سیستەمی وەرگێڕانی گووگل زیاد کرد و ئێستا بە شێوەی تێستی کارایە و پاش تەواوبوونی وەردەکارییە تەکنیکی و هونەرییەکانی وێرژنی نوێی دەکەوێتە بەر دەستی بەکارهێنەران.
دەربارەی بوونی دوو شێوەزاری زمانی کوردی (کرمانجی و سۆرانی) لەناو سیستەمی گووگڵدا ئایا لەڕووی تەکنیکییەوە گرفت نییە، بۆکان جاف ڕایگەیاند: نا لەم بارەوە گرفت نییە، بۆیە تۆماکردنی شێوەزاری سۆرانی گرنگە، چونکە هەر ئەم شێوەزارە خۆی چەندین بنزاری هەیە و زۆریش دەوڵەمەندە و خاوەن پاشخانێکی گرنگی مێژووییە.
بۆ نموونە دەکرێ لە داهاتوودا هەوڵ بۆ تۆمارکردنی شێوەزارەکانی هەورامی، لوڕی و کەلهوڕییش بدرێت و پێشم وایە خودی گووگلێش پێی خۆشە ئەو شێوەزارانەشی پێ زیاد بکرێ و ئێستا ئیشی تێدا دەکات.
دەربارەی دامەزرانی کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس و هەوڵەکانی بۆکان جاف گوتی: ئەم کۆمەڵەیە کە دامان مەزراندووە لەژێر چاودێریی کۆمپانیای گووگڵ دایە و ئێستاش لە ماڵپەڕ و پەیجی فەرمیی ئەم کۆمپانیایە ئاماژە بە کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە کە ئەم کۆمەڵەیە لە ساڵی 2019 تۆمار کراوە و هۆکارەکەشی بۆ چالاکییەکانمان لەگەڵ کۆمپانیای گووگڵ دەگەڕێتەوە و پێم وایە هەوڵێکی گرنگە و دەبێ هەموو لایەک پاڵپشت و پشتیوانمان بن، چونکە پێوەندیی بە زمانی کوردی و زمانی نەتەوەییمانەوە هەیە و بۆ داهاتوو سەرچاوەیەکی گرنگە لە بواری ئایتیدا و تێیدا بەناوی عێراق و هەرێمی کوردستان و شوێنی ژیانی من، واتە هەڵەبجە و ناوی منیش (بۆکان جاف) وەک دامەزرێنەری ئەم کۆمەڵە و سەرپەرشتی ئەم کارە و هاوکارەکانم کراوە.
لەبارەی پرۆژە و کاری داهاتووی لەناو گووگڵدا بۆ گەشەکردنی زمانی کوردی، بۆکان جاف ڕاشیگەیاند: ئێمە زۆرمان هەوڵداوە کار لەسەر وێنە و ڤیدیۆش بکەین و یەکێک لە کارە گرنگ و دڵخۆشکەرەکانمان ئەوەیە بە جدی هەوڵ دەدەین سیستەمی دەنگیی زمانی کوردیش لەناو وەرگێڕانی گووگڵ زیاد بکەین و ئێستا ئیش لەسەر ئەمە دەکەین، ئێستا لە پرۆگرامێکدا بەشدارم کە کە کار لەسەر دەنگ دەکات لەناو گووگڵدا کە کارئاسانییەکی ئێجگار گرنگە و ناوی el yaksen programە کە پێش ئەوەی کارا بکرێتە و بخرێتە بەر دەستی هاووڵاتییان، دەبێ بە وردی چاو لە هەموو لایەنەکانی بکرێت کە لە زمانەکانی دیکەدا چۆنە و لەگەڵ تایبەتمەندیی و فۆنەتیک و دەربڕینی زمانی کوردی ڕێک بخرێت و دوای داواکارییەکەی من بەڕێوەبەرانی گووگڵ ڕایانگەیاندووە دەبێ کارەکانی جێگیرکردنی شێوەزاری سۆرانی لە بەشی وەرگێڕانی گووگلدا بە یەکجاری تەواو ببێت و جێ بکەوێت، ئەوکات دەتوانن کار لەسەر سیستەمی دەنگیش بکەین و هەنگاوەکانمان دەبێ بەپێی یاسا و ڕێنمایی گووگڵ و قۆناغ بە قۆناغ بڕواتە پێشەوە، چونکە وردەکاریی زۆری دەوێت.
بۆکان جاف ئاماژەی بەوەش دا: لە سەرخستنی ئەم پرۆژەیەدا و لە زیادکردنی زمانی کوردی (شیوەزاری سۆرانی) بە گووگڵ، کونسووڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان هاوکاری و پاڵپشتییەکی زۆریان کردووە و جێ پەنجەیان دیارە و سپاسیان دەکەم.
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) لەم بارەوە نووسیویەتی: دەمانەوێت بە تایبەتی پیرۆزبایی لە بۆکان جاف بکەین کە گەنجێکی شاری هەڵەبجەیە و یەکێکە لەوانەی بە شێوەیەکی سەرەکی کاری لەسەر ئەم پڕۆژەیە کردووە. بۆ خۆتەرخانکردن و کاری جدی بۆ پڕۆژەکە کە هەوڵەکانی بوونە هۆی گەیشتن بەم پێشهاتە گرنگە بۆ زمانی کوردی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
شێوەزاری سۆرانیی زمانی کوردی، زمانی فەرمیی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. بە شێوەیەکی سەرەکی لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین لە هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە باشووری کوردستان بەکار دەهێندرێت و لە پارێزگاکانی کرماشان، سنە و ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە هەمان شێوە شێوەزاری کرمانجیی ناوەڕاست (سۆرانی) بەکار دەهێندرێت.
بەپێی زانیاری و داتاکانی کۆمپانیای گووگڵ، نزیکەی هەشت ملیۆن کەس بە زمانی کوردی (سۆرانی) سوود لە خزمەتگوزارییەکانی ئەو کۆمپانیایە وەردەگرن کە زۆربەیان لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.
بۆکان جاف، لەدایکبووی ساڵی 1991ی هەڵەبجەیە و بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزیدا هەیە، ئەو یەکێکە لەو کەسانەی خولیایەکی زۆری بۆ تەکنەلۆژیا هەیە و لە کۆمپانیایەکی بواری ئایتی لە هەڵەبجە سەرقاڵی کارە. [1]