کوردستان جۆن بۆڵتن
K24- هەولێر:
جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، من بۆچوونم وابوو دەبێت کوردستانی عێراق سەربەخۆ بێت و پشتیوانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیشم کرد. ئێستاش پێموانیە، کە حکومەتی بەغدا بتوانێت چیتر وەک حکومەتێکی نیشتمانی مامەڵە بکات.
هەروەها گوتی: لەراستیدا ئەم حکومەتەی ئێستای بەغدا زیاتر لە حکومەتەکانی پێشوو لەژێر هەژموونی ئێراندایە. میلیشیا شیعەکانی عێراقیش وەک هێزێکی تێکدەر لەو ناوچانەی کە شیعە نین چالاکی دەکەن. بۆیە من پێموایە بۆ سەلامەتی و سەقامگیری ناوچەکە واباشترە کورد لە حکومەتی عێراق جیاببنەوە، دەزانم زەحمەتە بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە کە قسە لەگەڵ کۆنگرێسی ئەمەریکا بکرێت و گوشاریان لێبکرێت بۆئەوەی ئیدارەی بایدن قایل بکەن کە لەبەرژەوەندی ئەمەریکایە پەیوەندی توندوتۆڵی خۆی لەگەڵ کورد درێژە پێبدات و لەناوچەکەش نەکشێتەوە. پێموایە جێبەجێکردنی ستراتیژیی ئیدارەی بایدن کەمێک زەحمەت دەبێت، بەڵام باوەرم وایە، کە لەبەرژەوەندی کورد دەبێت.
جۆن بۆڵتن، لە میانی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 ئێوارەی ڕۆژی (2ی شوبات/ فێبرایەری 2021) لە وەڵامی پرسیارەکانی کوڤان عزەت بێژەری ژووری هەواڵ، بۆچوونەکانی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی کورد و کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا و ڕێککەوتنی ناووکی 2015ی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک خستەڕوو.
دەقی گفتوگۆکە
پرسیار: دوای دەستبەکاربوونی، ئیدارەی بایدن تێڕوانینی بۆ پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چییه بە تایبەتی بەرامبەر بە کورد ؟
جۆن بۆڵتن: ئێستا بایدن خەريکی خۆڕێکخستن و تەواوکردنی ئیدارەکەیەی، بەڵام پێموایە گەورەترین جیاوازی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ ئەوەیە، کە بایدن زیاتر چاوی خستووەتە سەر ئێران. ئەنجامەکانیشی سەبارت بە کورد و عێراق و هەموو ناوچەکە دەوەستێتە سەر ئەوەی کە ئەو سیاسەتەی بایدن چۆن جێبەجێ دەکرێت. ئەوەی تا ئێستا ئیدارەی بایدن وتوویەتی ئەوەیە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015ی ئەتۆمی و ئەو تێڕوانینەشی هەیە کە ئەم ڕێککەوتنەکە باشترین ڕێگەیە بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی. من پێموایە ئەو بۆچوونە هەڵەیە و ئەو ڕێککەوتنە ناتوانێت ئێران لە کارە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکە ڕابگرێت و ناشبێتە هۆی ئەوەی ئێران چیتر لە عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن کێشە دروست نەکات. ئەم ستراتیژەی بایدن چۆن جێبەجێ دەکرێت و چۆن بۆ ناوچەکە و کورد بە دیاریکراوی دەکەوێتەوە، هێشتا نازانین. ئەوەی دەیزانین ئەوەیە ئیدارەی بایدن زیاتر لە ترەمپ دوودڵترە لەسەر کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، بۆیە پێموایە ئیدارەی بایدن زیاتر لە مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ڕۆژئاوای عێراق و سووریا تێگەیشتووە و مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکە و هێشتنەوەی پەیوەندی ئیدارەکەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کورد زۆر گرنگە و پێموایە ئەمەش وەک خۆی دەمێنێتەوە.
پرسیار: کورد هەموو ڕێگەیەکی بەرامبەر بە بەغدا تاقیکردووەتەوە، بەڵام بەغدا ئامادە نییە ڕێکەوتن بکات، پێتان وایە ئەمەریکا له و نێوەدا چ ڕۆڵێکی هەیە؟
جۆن بۆڵتن: من بۆچوونم وابوو دەبێ کوردستانی عێراق سەربەخۆ بێت و پشتیوانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیشم کرد. ئێستاش پێموانیە حکومەتی بەغدا بتوانێت چیتر وەک حکومەتێکی نیشتمانی مامەڵە بکات. لەراستیدا ئەم حکومەتەی ئێستای بەغدا زیاتر لە حکومەتەکانی پێشوو لەژێر هەژموونی ئێراندایە. میلیشیا شیعەکانی عێراقیش وەک هێزێکی تێکدەر لەو ناوچانەی شیعە نین چالاکی دەکەن. بۆیە من پێموایە بۆ سەلامەتی و سەقامگیری کورد واباشترە لە حکومەتی عێراق جیاببنەوە، دەزانم زەحمەتە، بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە قسە لەگەڵ کۆنگرێسی ئەمریکا بکرێت و گوشاریان لێبکرێت بۆئەوەی ئیدارەی بایدن قایل بکەن لەبەرژەوەندی ئەمریکایە پەیوەندی توندوتۆڵی خۆی لەگەڵ کورد درێژە پێبدات و لەناوچەکەش نەکشێتەوە زۆر نیگەرانی هەیە لەبارەی چین و لە ئیدارەی ئۆباماش بەهەمانشێوە ئەو نیگەرانیانە هەبوون و من هیچکات لە ڕۆڵ و مەترسییەکانی چین بۆسەر ئەمریکا لە ناوچەکە کەمناکەمەوە و بەپێچەوانەوە پێموایە گەورەترین مەترسی لەسەدەی 21 بۆسەر ئەمریکا. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بەرژەوەندی زۆر باشمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. ئەو گۆڕانکاریانەش لە ناوچەکەدا هەن سەبارەت بە وڵاتانی عەرەبی پێموایە دەبنە هاوپەیمانییەکی بەهێز لەبەرامبەر ئێران.
پێموایە جێبەجێکردنی ستراتیژیی ئیدارەی بایدن کەمێک زەحمەت دەبێت، بەڵام باوەڕم وایە، لەبەرژوەندی کورد دەبێت.
پرسیار: ئێوە ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بوون، بۆچی ترەمپ، بایەخی بە کورد نەدەدا، هۆکارەکەی چی بوو؟
جۆن بۆڵتن: ترەمپ خۆی لایەنگر و دۆستی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش نەبوو. لەراستیدا پێزانینیشی بۆ ڕۆڵی کاریگەر و قوربانیدانی یەپەگە و لایەنەکانی دیکەی کوردیش نەبوو لە تێکشکاندنی خەلافەتەکەی داعشدا، هۆکاری ئەو هەموو ناکۆکیانەش کە لەناو ئیدارەکەیدا بوو هەرئەوە بوو و ئێمە دەمانویست تورکیا و ئەردۆغان ئێران و ڕژێمەکەی ئەسەد لە باکووری سووریا دوورخەینەوە. پێموانیە دۆخەکە لەسەردەمی ئیدارەی بایدندا خراپتر بێت، لەراستیدا خۆی جارێکیش باسی ئەوەیکردووە، پشتیوانی لە دابەشکردنی عێراق دەکات بۆ سێ وڵات لەناویشیاندا دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان هەیە. بەڵام ئێستا من پێموانیە خۆی و تیمەکەشی ئاگاداری تەواوی ئەو گۆڕانکارییانە بن ئێستا لەسەر زەوی و لە عێراق و ناوچەکە هەن. قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵات لە ئەمریکا ماوەیەکی زۆری دەوێت تا ئیدارەکەی تەواو دەبێت بۆیە ئێستا بایدن لەقۆناغی خۆئامادەکردن و تەواوکردنی ئیدارەکەیدایە.
پرسیار: پێتان وایە ئێستا بایدن هەمان بۆچوونی هەبێت بۆ دابەشکردنی عێراق؟
جۆن بۆڵتن: بایدن هێشتا دوو دڵە لە بارەی ڕۆڵی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە و چەندینجاریش وتوویەتی، بەڵام بایدن خۆی و ڕاوێژکارەکانیشی ئەوە باش دەزانن، فراوانبوونی کارە تیرۆریستییەکانی ئێران و هەوڵە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکە، هەر لە نیمچە دوورگەی عەرەبیەوە تا عێراق و سووریا و لوبنان و ئەو مەترسیانەشی کە لەسەر عێراق بەتایبەتی دروستیکردووە بۆ سەر ئەو لایەنانەی لە بەرەی تاراندا نین، جا ئەوانە کوردبن یان سوننە یان ئەوانی دیکە. پێموایە دەگاتە ئەو باوەڕەی دۆخەکە ئاڵۆزترە و بەتایبەتی دوای ئەوەی کە لەوە تێگەیشت ئێران بە ئاسانی ناگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی. بەگوێرەی ئەوەی ساڵی 2015 واژوو کراوە. بۆیە پێموایە کاتی دەوێت و ئێستا لە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی ئەو گۆڕانکاریانەیە، لە 2015ەوە تا ئێستا دروستبوون.
پرسیار: ئایا پێشمەرگە بە سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی، داعشی ڕاگرت و هەولێر و هەرێمی کوردستانی پاراست، یاخود ئێران؟
جۆن بۆڵتن: سەیرکە، پێموایە ئەمریکا ئەوەی پێویست بوو بۆ کورد بیکات نەیکردووە، بەڵام لە 20 ساڵی ڕابردووش ئەوەی ئەمریکا بۆ کوردی کردووە هیچ وڵاتێکی دیکە زیاتر لە ئەمریکای نەکردووە. ئەمەش ئێمە بۆ کوردی دەکەین لەبەرژوەندی ئێمە و کوردیشە. ئێران خەریکی پڕوپاگەندەی خۆیەتی و هەژموونی بەسەر ناوچەکەدا هەیە. نەک تەنیا بەسەر شیعەکانی عێراقدا، بەڵکو هەوڵی فراوانکردنی هەژموونی خۆی دەدات لە نیمچە دوورگەی عەرەبی و کوردستانیش. ئەمانە خولیا و ئامانجێکی گەورەیان هەیە لە ناوچەکە. ئەردۆغانیش بەهەمانشێوە خولیا و ئامانجی دیکەی هەیە. من ناوی لێدەنێم سیاسەتی نوێی داگیرکاری عوسمانی، کە زۆر مەترسیدارە بەتایبەتی بۆ کورد. بۆیە، زۆر شت هەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدەن و زۆرێکیشیان پڕوپاگەندەن و ئێران دەستێکی کارای هەیە تێیاندا.
پرسیار: واتە پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی، هەرێمی کوردستانیان پاراست، نەک وڵاتانی دیکە؟
جۆن بۆڵتن: نەخێر، ئەمە بە هەوڵی کورد بوو و زۆریش گرنگە خەڵکی تێبگەن کورد ئەم سەرکەوتنەی بەدەست هێناوە.
پرسیار: ئەگەر ئەمەریکا لە عێراق بکشێتەوە، پێتان وایە هێزەکانی ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات؟
جۆن بۆڵتن: من نیگەرانی ئەوەم ئەگەر ئەمریکا لەو بنکە سەربازیانەی لە عێراق هەن بکشێتەوە. ئەمە بەقسە ئاسانە بڵێی لە ئەفغانستان و عێراق بەتەواوی دەکشێینەوە، بەڵام زۆر لەوە قورسترە، بیری لێدەکرێتەوە. ئێمە بەرژەوەندییەکی سیاسی و ئابووری زۆرمان هەیە لە کوردستان، بەتایبەتی دوای ڕووخانی سەددام حوسێن. پێموایە بۆ هەموو ناوچەکەش باشترە ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی بێت. پێشموایە ئەوەی سەرۆک ترەمپ کردی لە شکاندنی بەڵێنەکانی ئەمریکا لەبەرامبەر یەپەگە و لایەنەکانی دیکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. هیوادارم بایدن ئەو هەڵەیە نەکاتەوە و ئەگەر شتێکی لەوشێوەیە ڕووبدات دڵنیام لە کۆنگرێس تووشی کێشە دەبێتەوە.
پرسیار: بۆچوونتان لە بارەی چارەسەری کێشەکانی عێراق چییە؟
جۆن بۆڵتن: پێموایە هەڕەشەی سەرەکی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێرانە. هەتاوەکو هەژموونی ئێران لەسەر عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن بمێنێت ئەو وڵاتانە ئاسایش و سەقامگیری بەخۆیانەوە نابینن. ئێستا ئەمە بووەتە تێڕوانینی وڵاتانی ناوچەکەش و دەبینین کە ئیمارات و بەحرەین پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییکردەوە، چونکە هەمان تێڕوانینیان هەیە بۆ ئێران. پێموایە پێویستە کوردیش سوود لەم دەرفەت و پەیوەندیانە وەربگرێت، لەراستیدا لەبەرژەوەندییەتی، بۆئەوەی هەوڵی کەمکردنەوەی ئەو هەڕەشانە بدات ئێران دروستیکردوون. هەتا ئێران لە پڕچەککردنی میلیشیا شیعەکانی عێراق بەردەوام بێت کارکردن لەگەڵ بەغداش سەختە و ڕێگەیەکی دوور و درێژیش ماوە هەتاوەکو دەگەینە ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە.
پرسیار: بۆچی ئەمەریکا لە کاتی ڕیفراندۆمدا بە دەم کوردەوە نەهات، هۆکارەکەی چی بوو؟
جۆن بۆڵتن: ئەوەی من تێیگەیشیتم ترەمپ لە گرنگی ئەو هاوپەیمانیە و دۆستایەتیەی ئەمریکا لەگەڵ کورد هەیبوو بەتەواوی تێنەگەیشتبوو. جیا لەوەش بەرژوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر سنووردار بوون. هەموو بیری لای ئەوەبوو، سەربازەکانی ئەمریکا لەو ناوچەیە، بکشێنێتەوە بەبێ ئەوەی بیر لەو ئەنجامەکانی بڕیارەکەی بکاتەوە. بەداخەوە دەیڵێم ئێمە دەرفەتەکەمان لەدەستدا و کوردیش دەرفەتەکەی لەدەستدا. لەوانەیە بمانتوانیبا لەرووی سیاسیشەوە بگەینە ئەوەی کە کورد دەیەوێت.
پرسیار: پێتان وایە ئەمەریکا بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ناووکی 2015ی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک
جۆن بۆڵتن: زۆر قسە لەبارەی چۆنیەتی خستنەوە سەرپێ و زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی 2015 دەکرێت، بەڵام من پێموایە ئەو ڕێککەوتنەکە بەجۆرێک شکستی هێناوە، ئەمریکا ناتوانێ بچێتەوە ناوی و ناتوانرێ زیندووش بکرێتەوە، پێموایە هەر لە سەرەتاوە ڕێککەوتنێکی زۆر خراپ بوو. ئێران چەند مەرجێکی پێشوەختەی بۆ ئەمریکا خستوونەتەڕوو بۆئەوەی ئەمریکا پێش چوونەوە ناو ڕێککەوتنەکە ئەنجامیان بدات و منیش پێموایە جێبەجێکردنیان ئەستەمە. بۆیە پێموایە ئەگەر بایدنیش جدی بێت لەسەر چوونەوە ناو ڕێککەوتنەکە کاتێکی زۆر و دوور و درێژی دەوێت تا بزانن چۆن بچنەوە ناوی.
پرسیار: وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت، لەوانەیە لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناووکیی، ئەمە چۆن لێکدەدەنەوە؟
جۆن بۆڵتن: پێموایە لێرە تێکەڵییەک هەیە لەبارەی پرۆسەی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی ئێران، هەڵەی هەر گەورەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی 2015 ئەوە بوو کە ڕێگە بەئێران درا یۆرانیۆم بە بڕی 6 پۆینت 67 لەسەدا یۆرانیۆمی جۆری 235 بپیتێنێت. ئەوەی ئێران لابەلا و بەنایاسایی پیتاندوویەتی بە بەراورد بەوەی لە ڕێککەوتنەکەدا ڕێگەی پێدراوە هیچ نیە. هەتا ئێران لە بۆچوون و خواستی ستراتیژی خۆی بەردەوام بێت کە ئەویش دروستکردنی چەکی ئەتۆمە هیچ ڕێککەوتنێک چارەسەری هەڕەشەکانی ئیران ناکات و ئەو هەڕەشانەی هەر بەردەوام دەبن.
پرسیار: پێتان وایە ئه و هەڕەشە و ناکۆکیانەی نێوان هەردوولا بگەنە ئاستیی پێکدادانی سەربازی؟
جۆن بۆڵتن: پێموانیە هیچ کەسێک بیەوێت ئەوە ڕووبدات، بەڵام دەوەستێتە سەر ئێران، ئەوان دەستبەسەر کەشتیەکاندا دەگرن و مووشەکی کرووز تاقیدەکەنەوە و مووشەک بۆ میلیشیا شیعەکانی عێراق و وڵاتانی دیکە دەنێرن. ئێرانە پارە دەداتە حزبوڵڵای لوبنان و چەکداری دەکات و ئێستا وا لە سووریا هەمان کار دەکات. بۆیە، هەڕەشەی ڕاستەقینە ئێرانە. ئەگەر ئێران بەشێوەیەکی ئاشتیانە مامەڵە بکات بەدڵنیاییەوە ناوچەکەش دەرفەتێکی بۆ دێتە پێشەوە، بەڵام لە سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە واتە لە 1979وە تا ئێستا ئێران سیاسەتی ئاشتیانەی نەبووە.
پرسیار: باس لەوە دەکرێت ئەمەریکا لە سووریا شکستیهێناوە، ئایا ئیدارەی بایدن هەمان ڕێگەی ترەمپ دەگرێتەبەر لە سووریا؟
جۆن بۆڵتن: جارێکی دیکە دەیڵێمەوە ئێستا زۆر زحمەتە بزانین چی ڕوودەدات و بەڵام ئێستاش باوەڕی تەواوم هەیە، هەڵەیەکی گەورە دەبێت ئەگەر ئێمە واز لەو دەستکەوت و سەرکەوتنانە بهێنین کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و ناوچەکانی دیکە بەدەستمان هێناون و هیواداریشم ئەم ئیدارەیە ئەو کارە نەکات. لەناوخۆی ئەمریکا پشتیوانییەکی فراون هەیە بۆ ئەو سەرکەوتنەی کورد لەبەرامبەر داعش بەدەستیهێنا لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانیە نێودەوڵەتیەی پێکمانهێنا. ئەو پشتیوانیەش بۆ کورد بەواتای بیرهێنانەوەی ئەوانە دێت کە پێکەوە ئەو کارەمان بە ئەنجام گەیاند.
پرسیار: ئێوە لە ئیدارەی ترەمپدا بوون، بۆچی نەتان توانی ترەمپ قایل بکەن، پشتیوانی لە کورد بکات؟
جۆن بۆڵتن: ئێمە زۆر بە سەختی کارمان لەسەر ئەوە دەکرد ترەمپ قایل بکەین و خۆزگە بەوەش دەخوازام، بمانتوانیبا زیاتر بۆ کورد بکەین، بەڵام دواجار تۆ وەک ڕاوێژکار دەبێ مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسە بکەیت کە سەرۆکی ئەمریکایە. ئەو کات و ئێستاش باوەڕی تەواوم هەیە چارەسەری یەکجارەکی بۆ کێشەکان و بەدیهێنانی سەقامگری لەناوچەکە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە.
پرسیار: ئه و گوێی لە ئێوە نەگرت؟
جۆن بۆڵتن: هەندێکجار ترەمپ گوێی بۆ ڕاوێژەکانمان دەگرت و هەندێکجاریش گوێی نەدەگرت. بەڵام ئێمە ئەوەی لەدەستمان هات کردمان و هەوڵی خۆمانیشماندا.
پرسیار: ئامانجی ترەمپ تەنیا نەوت و سامانی ناوچەکانی باکووری سووریا بوو، یاخود ئامانجی دیکەشی هەبوون؟
جۆن بۆڵتن: من پێموانیە ترەمپ هیچ ئامانجێکی ڕاستەقینە و ستراتیژی هەبووبێت، ئەوەش بەشێک بوو لە کێکەکە کە هەمووکات بیری لەوە دەکردەوە نەوت لە دەستی ئێران و ڕژێمەکەی ئەسەد دوورخاتەوە، هۆکارەکەی ئەوەبوو ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمانی لە ڕۆژهەڵاتی فورات هێشتەوە، بەڵام لە تێڕاوینین ستراتیژی ئەمریکاوە هۆکارەکەی ئەوەبوو لەرووی دەسەڵات لەسەر زەوی ڕێگە بە تورکیا و ڕوسیا و ئێران و ئەسەد نەدرێت دەستیان بگاتە ئەو سێگۆشەیەی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. لەوێش ئاسایش دابینکرا و داعشیش تێکشکێنرا، بەڵام بۆچیی لەوێ کشانەوە ئێستاشی لەگەڵ بێت من لێی تێنەگەیشتم. هیوا دەخوازم کە لەو ناوچەیە نەکشابایناوە هەتاوەکو بەگشتی هەموو ئەو کێشانەمان لە ناوچەکە چارەسەر دەکرد.
وەرگێڕان و داڕشتنەوەی: نەریمان هەورامی[1]