بەلقیس ئەلڕاوی، ئەو ژنەی کە دڵی نزار قەبانی ڕفاند و لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا گیانی سپارد
#ڕۆزا حەمە ساڵح#
نزار قەبانی، شاعیری گەورەیی سووری، بە چیرۆکی خۆشەویستییەکی گەورە لەگەڵ بەلقیس ئیبراهیم ئەلڕاوی، هاوژینە ئێراقییەکەی ژیا، هەمیشە وەک سامانێک وەسفی کردووە کە بەڕێکەوت ڕێی لێکەوتووە.
قەبانی بەم شێوەیە باس لە چیرۆکی خۆشەویستی و گەیشتنی بە بەلقیس دەکات:
لە ساڵی 1962، لە شەوە کۆڕێکی هۆنراوەی خۆمدا بووم، لە بەغدای پایتەخت بەڕێوەچوو، چاوم بە ژنێکی شۆخ و شەنگ و گەردن بەرز کەوت بە ناوی (بەلقیس ئەلڕاوی)، هەر دوای یەکتر ناسین، گفتوگۆیەکی زۆرمان کرد، خۆشەویستی لەنێوانمان درووست بوو، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خۆشەویستیمان بۆ یەکتر زیاتر پەرەی دەسەند تا ئەو پەڕی عاشق بوون، بۆیە هەر زوو چوومە داخوازی، بۆ ئەوەی ببێت بە هاوسەری ژیانم، بەڵام لەسەرەتاوە باوکی ناڕازی بوو، بە هەموو شێوەیەک دژی ئەم هاوسەرگیرییە وەستایەوە. ئەوە بەهێزترین بەرهەڵستی بوو لەسەر مێژووی هۆنراوەەکانم، کۆمەڵە هۆنراوەە غەزەلییەکانم ئەم ڕاستییە دەسەلمێنن، بەناوبانگترینیان خانەوادەی بەلقیس دوژمنمن.
هەروەها هۆزە عەرەبەکانیش ڕێگەیان بەوە نەدەدا، کە کچییان هاوسەرگیری لەگەڵ شاعیرێکدا بکات، کە بە باڵای ژندا هەڵبڵێت.
کاتێک هەموو هەوڵەکانم بێ هودە بوون، بێزار بووم، بۆیە سواری فڕۆکە بووم و چوومە ئیسپانیا، لەوێ وەک دیبلۆماتکار بۆ ماوەی سێ ساڵ کارم کرد، لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا بە بەردەوامی نامەم بۆ بەلقیس دەنارد، ئەویش بە هەمان شێوە نامەی بۆ من دەنارد..
بەم شێوەیە، ئەو دۆخەی نێوانییان مایەوە تاکوو ساڵی 1969، لەو ساڵەدا بە فەرمی بۆ بەشداریکردنم لە فیستیڤاڵی مەربەد بانگهێشت کرام، هەر لەو ڤیستیڤاڵەدا یەکێک لە جوانترین قەسیدەکانم بە ناوی بەلقیس ئەلڕاوی خوێندەوە.
دەستپێکی قەسیدەکەی بەم شێوە بوو:
سڵاو ئەی عێراق،
هاتووم گۆرانیت بۆ بڵێم..
هەندێک لە گۆرانییەکەم گریانە..
سڵاو، سڵاو.. ڕوخسارێک دەناسیت
ڕۆژگار و دووری هەڵیکۆڵیوە..
خۆشەویستی له کانگای دڵی خواردوە..
ئەوەیشی ماوەتەوە، ژن دابەشی کردووە..
لە دوای ئەم قەسیدەیە، کە لەو کاتەدا بەغدای پایتەختی هەژاند، دەسەڵات و گەلی ئێراق هاوسۆزی سەبارەت بەم دۆخەی قەبانی دەردەبڕن، تا دەگاتە ئەو ڕادەی سەرۆک کۆماری ئێراق (ئەحمەد حەسەن بەکر) شاندییەکی فەرمی حزبی دەنێریتە لای باوکی بەلقیس و بە ناچاری ڕەزامەندی دەنوێنێت، هەردوو خۆشەویست هاوسەرگیری دەکەن، دەبنە خاوەنی دوو منداڵ بە ناوەکانی عومەر و زەینەب.
بەڵام ئەفسووس لە دوای چەند ساڵێکی کەم و لە 15 دیسەمبەری ساڵی 1981، لە تەقینەوەکەی کۆنسوڵخانەی ئێراق، لە بەیرووت، بەلقیس شەهید دەبێت، ئەو ڕووداوە سامناک و ناخ هەژێنە، کاریگەریی زۆر دەکاتە سەر دەروونی نزار و برێنێکی قوڵ لە ناخیدا بە جێ دەهێڵێت، بە جۆرێک لە هەندێک لە هۆنراوەەکانیدا بەو پەڕی کاریگەرییەوە ناوی هێناوە و بەسەریدا هەڵداوە.
نزار بەم شێوەیە وەسفی ئەو ساتە دەکات: لە نووسینەگەکەی خۆم بووم لە شەقامی سوور، کاتێک گوێبیستی دەنگی تەقینەوەکە بووم، دەمارەکانی جەستەمی هەمووی هەژاند، نازانم لەو کاتەدا چۆن چۆنی ڵاڵ نەبووم، وتم خوایە ڕەحم بکەیت.. دواتر کەسێک هات و هەواڵەکی پێڕاگەیاندم وتی: کۆنسوڵخانەی ئێراق خوێنی لێ دەچۆڕێ.. زۆر بە دڵنیاییەوە وتم، تەواو ئیتر بەلقیس ڕۆیشت.. پارچەکانی قسەکانم هێشتا لەناو جەستەمدان.. پێشوتر وا هەستم دەکرد کە بەلقیس بۆ هەتاهەتای لە گەڵمدا دەژێ، نەمزانی لە بەیرووت و لە چواردەورم بۆ هەتاهەتایی بە جێم دەهێڵێت، بەلقیس هەموو ژیانم بوو، ئارەزووەکانم و شووناسم و پێنووسەکانم بوو.
شاعیر لە قەسیدەیەکدا، بە ناوی بەلقیس کە بە درێژترین قەسیدەی لاواندنەوە هەژماردەکرێت، هاوارێکی پڕ لە خەم و حەسرەت دەهۆنێتەوە، بە یەکێک لە قەسیدە هاوچەرخە بەناوبانگەکانی هۆنراوەی عەرەبی دادەنرێت.[1]