بۆ ڕزگاربوون لە ستەمی چەکدارانی #داعش# سێ جار هەوڵی خۆکوشتنم
ئافرەتێکی کوردی ئێزدیی ڕزگاربوو لە ژێر دەستی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، چیرۆکی تراژیدیی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێ: ”کاتێ داعش ئێمەی ڕفاند، کچێکی چوار مانگیم هەبوو، شیر نەبوو بیخوات، خۆشم سێ جار هەوڵی خۆکوشتنم دا“.
سیهام، ئەو ئافرەتە کوردە ئێزدییە ڕزگاربووەیەیە، کە قسەی بۆ (باسنیوز) کرد و ڕایگەیاند: ”خێزانەکەی ئێمە لە 11 کەس پێکدەهات، بەتەنیا یەک کەسمان ڕزگاری بوو، ئەوانی دیکە هەموومان گیراین و ڕفێنراین، تا ئێستاش چوار ئەندامی خێزانەکەمان بێسەروشوێنن“.
دەشڵێ: ”ئەوکاتەی منیان گرت و ڕفاند، کچێکم هەبوو تەمەنی تەنیا چوار مانگ بوو، هیچ شیر نەبوو ئەو کچەم بیخوات، بۆیە بە ناچاری مەمەی شیرم بۆ پڕ ئاو دەکرد و دەمدایە، بۆ ئەوەی لە برسان نەمرێت“.
سیهام بەردەوام بوو لەسەر گێڕانەوەکەی و ڕایگەیاند: ”بەر لە جینۆسایدکردنی خەڵکی #شنگال#، ساڵێک بوو شووم کردبوو، بەڵام هیچ خۆشیم لە ژیانی هاوسەرگیریدا نەدی، چونکە ساڵێک بەسەر شووکردنمدا تێپەڕی، کە تیرۆریستانی داعش ئێمەیان ڕفاند، ئەو تیرۆریستانە هاوسەرەکەمیان برد و گوللەبارانیان کرد و ژیانیان لەبەرچاوی ئێمە ڕەش و تاریک کرد، ئەو تیرۆریستانە ناچاریشیان کردم، کە حیجاب بپۆشم، من زۆر پێم ناخۆش بوو، بەڵام ئێمەیان ناچار دەکرد هەر شتێک ناخۆشە بیکەین“.
ئەو ئافرەتە ڕزگاربووە باسی لەوەش کرد، کە بەهۆی ستەم و ئەشکەنجەدانیەوە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ویستوویەتی بەخۆکوشتن لەو دۆزەخەی داعش ڕزگاری بێ و دەڵێ: ”بەهۆی ئەو زوڵم و زۆردارییەی تیرۆریستانی داعش، سێ جار هەوڵی خۆکوشتنم دا، بەڵام نەمردم، تەنانەت جارێکیان دەماری دەستی خۆم بڕی بۆ ئەوەی بمرم، بەڵام بەهۆی زوڵم و زۆرداریی داعش دەمەویست خۆم بکوژم و ڕزگارم بێ“.
سیهام ئاماژەی بەوەش کرد، ”تیرۆریستان بەردەوام پێیان دەگوتین ئێوەی ئێزدی کافرن، هەرکاتێ وەهایان پێ دەگوتین، دڵمان ئازاری دەچێشت، چونکە کەس لەوان کافرتر نەبوو، زۆر بێ ڕەوشت بوون و هیچ ویژدانیان نەبوو، تەنانەت جارێکیان کچە چوار مانگییەکەم نەخۆش بوو، دەرمانیان بۆ ئەو منداڵە بچووکەش نەهێنا، هەروەها شیریان بۆ نەدەهێنا، زۆر جار نەمدەزانی لە برسان چی بدەم بەو منداڵەم“.
سیهام دوایین ساتەکانی دیداری خۆی و هاوسەرەکەی دەگێڕێتەوە و دەڵێ: ”کاتێ تیرۆریستانی داعش ئێمەیان گرت و ڕفاند، دەستی من و هاوسەرەکەمیان لێک کردەوە، ئەمە ناخۆشترین ساتی ژیانی ئێمەیە، دوای ئەوە زیاتر لە حەوت جار لەلایەن تیرۆریستانەوە وەک کاڵا کڕین و فرۆشتنم پێ کرا“.
ئەو کچە کوردە ئێزدییە دوی ساڵێک مانەوە و دیلیەتی لەژێر دەستی چەکدارانی داعش، ڕۆژی 18-8-2015 ڕزگاری بوو.[1]