ئەو شەوەی لە پشت ئاشان بووم
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
ئێوارەیکی ساڵی 2017 ڕێم کەوتە پشت ئاشان. پشت ئاشانی بناری قەندیل. ئێوارەیەکی بەهاری بوو. کە گەیشتم گوند چۆڵ بوو. کەسی تیا نەبوو. تەنیا خانووەکان مابوون، ئەوانیش بە کاولی. قەندیل بە هەیبەتی بێ وێنەی خۆیەوە سێبەری بەسەردا کێشابوو. بایەکی سازگار خۆی بە ناو گونددا دەکرد و بەسەر ڕووبارەکەدا دەگوزەرا و دوواتر لەناو دارستانەکەی ئەوبەر ئاوایی وندەبوو. گوێم لێی بوو هەتا بزردەبوو بەچرپە لەگەڵ گەڵاکان دەدوا.
کۆڵەپشتییەکەم لەبن داربەڕوویەک دانا و بەشوێن کانیاودا گەڕام. دەمزانی لێیەتی. ئەوەندەی پێ نەچوو دۆزیمەوە. ئەوسا گەڕامەوە کۆڵەپشتییەکەم هەڵگرتەوە و چووم لە تەنیشتیا باروبنەم خست. پاش وەی کەمێک ئاوم لێخواردەوە، ئاورێکم سازکرد، چاییەکم لێنا و نانێکیشم لێخوارد کە بابۆڵە پەنیری کوردی بوو. بە دەم نانخواردنەوە کتوپڕ چاوم بە قونچکە جگەرەیەک کەوت. دەستم بۆ برد و هەڵمگرت. بۆنم پیوە کرد. هەم بە بۆن و هەم بە ڕەنگ زۆر کۆنی نەدەنواند. فڕیمدایە ناو ئاورەکەوە و هەوڵمدا لەبیری خۆمی بەرمەوە. لەم دونیایەدا هەر ڕێبوار زۆرن.
شوێنەکەم لەژێر درەختێکی گوێزی زەلام بوو. درەختێک کە بەتەنیا بوو، بەڵام ئەوەندە گەور بوو کە خەفەتی ئەم تەنیاییەی نەخوا. جگەرەیەکم داگیرساند و بەکاوەخۆ دەستم بە کێشانی کرد. لەگەڵ بەرەبەرە تاریکبوونی هەوا هەموو شتێک چەند سیحراوی تر دەینواند.
کە هەوا تاریک بوو، ئاگرەکەم خۆشتر کرد. ئەوسا کیسەخەوەکەم کردەوە و چوومە ناوییەوە. ئەستێرەکان لەناو گەڵاکانەوە چەند جوان باق و بریقیان بوو. با چەند جوان سەمای گەڵاکانی لەگەڵ چاوشارکێی ئەوان ڕێکدەخست. جەستەی ماندووی منیش چەند حەزی بە حەسانەوە و خەوێکی بەلەزەت بوو.
لەناو سروشتەوە دەنگەکان دەهاتن. من هەموویانم دەناسییەوە: دەنگی خوڕەی ئاو، چەقەڵ، خشپەی خشۆکەکان، قرچەی لقەکان و چپەی ئاگر و هەوا کە بە زمانی پزیسک دەدوا. من کە بەجوانی وەک هەمیشە گوێم بۆ ڕاگرتبوون و لەگەڵیا خەیاڵ دەیبردمەوە، کتوپڕ گوێم لە دەنگێکی تر بوو، ... دەنگی مرۆڤ!
رابووم. من کە چاوەڕوانی شتی وانەبووم و لام وابوو لەم ناوە تەنیا مرۆڤێک دەستدەکەوێ منم، بە گومانەوە لە دەورووبەری خۆم ڕووانی. ناڵێم ترس. چونکە لە ڕاستیدا نەدەترسام. بەڵام دڵنیا نەبووم لەوەی کە بەڕاستی ئەو دەنگە، ئەگەرچی لە دەنگی مرۆ دەچوو، بەڵام هی مرۆڤ بێت. لەم بیرکردنەوانەدا بووم کتوپڕ دوو کەس لە لاخواروومەوە پەیدابوون. ئەوان ڕێک بەرەو من دەهاتن.
ویستم هەستم و بچم لە پشت قەدی ئەستووری دارگوێزەکە خۆم بشارمەوە، بەڵام تازە درەنگ بوو. بۆیە هەروا لەناو کیسەخەوەکە مامەوە و سەیرم کردن. ئەوان هەر ئەوەندەی کەمێکی تر هەڵکشان و کاتێک چاویان بە گڕی بێ تینی ئاورەکە کەوت خێرا دەستیان برد و ئەو شتانەی بە شانیانەوە بوو دایانگرت و خۆیان مڵاس دا. پاشان جیا لەیەک لە دوو قۆڵەوە بەرەو دارگوێزەکە هاتن. هاوارم کرد کەس نیە خۆمم خۆم، وەرەن مەترسن! دوو کەسەکە گەیشتنە سەرم. لوولەی شتەکان کە ئیستاکە زانیم تفەنگن تێیان گرتم و، وتیان کێی؟ وتم:
بابایەکی گەڕیدەم.
لێرە چی دەکەی؟
هاتووم بۆ گەڕان، مێژووناسم.
مێژووناس؟
مێژووناس.
جەلالی نیت؟
جەلالی!
ئەوسا چوون کۆڵە پشتییەکەیان پشکنیم، پاشان خۆم و بگرە ناو کیسە خەوەکەیش. سەرئەنجام دووای بینینی پێناسەکەم و پرس و جۆیەکی تا ڕادەیەک زۆر لێم دڵنیا بوون و دانیشتن. وتم چای ناخۆن؟ بەسەرسوڕمانەوە سەیری یەکتریان کرد و پاشان سەیری منیان کردەوە. وتم نان چی؟ دیسان هەمان دژکردەوە. وتم جگەرە؟ دیسان هەمان. من وازم هێنا و زۆر خێرا بابەتەکەم گۆڕی و وتم شوێنێکی یەکجار خۆشە. وتیان یەکجار خۆشە. ئەوسا باسی ئەوەیان کرد کە ئەوان هەموو شەوێک لێرە کێشکن و هاوڕێیان ئێرەیان پێ سپاردوون کە قەت بەری نەدەن تا پەیامیان بۆ دێت. وتم هاوڕێیان؟ وتیان هاوڕێێان. وتم:
لە کەیەوە؟
لە مانگی پێشووەوە، واتە لە مانگی سێی 1983وە.
من بە سەرسوڕمانەوە سەیرم کردن.
کات تا درەنگتر دەبوو، هەوا زیاتر سارد هەڵدەگەڕا. وتم سەرمامە دەتوانم ئاگرەکە کەمێک خۆش کەم؟
لە ڕاستیدا تۆ ناتوانی لێرە بمێنیتەوە چ بگا بەوەی ئاگر بکەیتەوە، بەڵام، ... بەڵام لەبەر ئەوەی خەڵکی ئێرە نیت و ماندوویت تازە ئەمشەو قەیناکا، بەڵام سبەی دەبێ بڕۆیت.
من کەمێک چیلکە و چەوێڵم لەو ناوەدا هەروا ئەگەرچی تاریک بوو کۆکردەوە و، نام بە ژیلەمۆکەوە. ئاگر باڵای کرد. جگەرەیەکم پێ داگیرساند و خۆم لێ نزیک کردەوە. بینیم ئەو دووانە نەک تەنیا لە ئاورەکە نزیک نەدەکەوتنەوە، بەڵکو هەر بگرە سەرماشیان نەبوو. بەفری قەندیل بە لووتکەوە بەو شەوە چەند جوان دەبریسکایەوە. وتم:
تا کەی حەرەسن؟
تا بەیانی تا نزیکەو ڕوونبوونەوە.
دوواتر؟
دەچینەوە بۆ بنکەکانمان.
بنکە!
ئەدی بنکە، ... لای هاوڕێیان.
مەگەر کەسی تری لێیە؟
ئەیچۆن، ئەی گوێت لێیان نیە گۆرانی دەڵێن و ئەوانیش وەک تۆ جگەرە دەکێشن و یاخود خەریکی جل و بەرگ و گۆرەوەی دوورینەوەن و لەبەر چرا لامپادا کتێب دەخوێننەوە؟
من ملم کێشا، بەڵام هیچ دەنگ و ڕەنگێک بەو تاریکە سەلاتە سەرنجی نەقۆستمەوە.
جگە لەوە هاوڕێیان خەریکن خۆیان ئامادە دەکەن.
ئامادە!... بۆچی؟
قەرارە هجوممان بکرێتەسەر، ... هێزێکی زۆرن بەڕێگاوەن. بەعس پۆشتە و پەرداخی کردوون و بەداخەوە برادەرانی ئەو دیویش ڕێنوماییان دەکەن.
من دیسان ئەوەندەی تر بەسەرسووڕمانەوە لێیان دەڕوانم. چەند حەزدەکەم بەبیانوویەک دەست بەرم و جەستەیان هەست پێبکەم. لەناکاو ترسێکی سەیر بە مۆرغەی پشتمدا دادەگەڕێ. دەچمەوە سەر کۆڵەپشتییەکەم. کتێبێکی مێژوویی تیایە دەریدەێنم و دەچمەوە بەر ئاورکە: مانگی سێی هەشتا و سێی زایین، پشت ئاشان، قەڕناقا و ئاشقۆڵکە و... شەش سەد کەس کوژراو و هەفتاوحەوت دیل کوژراو و...، هەناسەم سواردەبێ، ... نەکا من بەڕاستی نەک لە ساڵی 2017 بەڵکو لە ساڵی هەشتا و سێ دەژیم. بەپەلە بیردەکەمەوە، هەوڵدەدەم ڕووداوە گرینگەکانی ئەم ساڵانەی دووایی، ساڵەکانی دووای هەشتاکان بێنەوە یادم: ڕاپەڕین، هێڵی 36، شەڕی ناوخۆ، شەڕی کەنداو، کەوتنی سەدام، هاتنە سەر کاری شیعەکان لە ئێراق، نەوت، پەڕلەمانی کوردستان، زوونی زەرد و سەوز، تورکیا، ئێران و...، نا من لە دووای هەشتاکانیش ژیاوم، ئەوە نیە هەمووم دێنەوە یاد. سەر بەرزدەکەمەوە و لێیان دەڕوانمەوە. بێدەنگن و خەریکن لە من دەڕوانن. کتێبەکە دەبەستم و دەچمەوە لایان. دەپرسن ئەو کتێبە چییە؟
وەک وتم من مێژووناسم، کتێبی مێژووییە.
داوا ناکەن وەریبگرن و سەیری بکەن، ئەوان بەشێوەیەکی سەیر جگە لە چەکەکان و ئەو شتانەی وا بە خۆیانەوەیە لە دەست لێدانی شتی تر خۆیان دەبوێرن. جا لە ڕووی وشیاری یان ناوشیاری، ... نازانم.
هاوڕێیانی ئێمەیش زۆر حەزیان بە مێژووە، دەزانی هاوڕێ! لەبنەڕەتدا مێژووە منداڵدانی هەموو شتێکە.
وایە، ... وایە وایە، منیش مێژووم لا یەکجار گرینگە.
دەتوانی بۆمان باس بکەی ئەو کتێبە چ جۆر مێژوویەک باس دەکا؟
من کتوپڕ تیایا دەمێنمەوە چییان وەڵام بدەمەوە. زەینم دەشێوێ، بەڵام لەمە زیاتر ماتڵی ناکەم و دەڵێم:
ئەم کتێبە زیاتر پێش بینییەکە بۆ ڕووداوەکانی داهاتوو، ئەوەی کە بۆ وێنە لە نەوەدەکان و هەروەها لە سەدەی بیست و یەک چی ڕوودەدا.
نەوەدەکان و سەدەی بیست و یەک!؟ وەڵلا هاورێ گیان ئەنتیکەیە، بەڵام ئەمە مێژوو نیە، ئەمە دەسخەڕۆکردن و فێڵکردنە، خەڵەتاندنی جەماورە، ... کاری بۆرجوازییە.
کتوپڕ ئەو دانەی تریان کە یەکجار بێدەنگە و بە پێچەوانەی هاوڕێکەی جامانەی بەسەرەوە نیە و لەملی پێچاوە، دەڵێ:
گەر وایە پێمان بڵێ بەهاری هەشتاوسێ لە پشت ئاشان چ ڕوودەدا و چۆن چۆنی کۆتایی دێت؟ بێگومان لەو کتێبەدا نووسراوە، ... وانیە؟
پشت ئاشان!... هەشتاوسێ!... چی ڕوویداوە و چۆن کۆتایی هاتووە!... بەڵام ئەم کتێبە ئەوەندە بەوردی نەچووەتە ناو باسەکانەوە. زیاتر خۆی بە مێژووی نوێترەوە سەرقاڵ کردووە، ئاخر وەک ئەم کتێبە دەڵێ لە نەوەدەکانەوە ئیتر دونیا زۆر دەگۆڕدرێ، بۆ وێنە سۆڤیەت دەکەوێ و ئامریکا دەبێ بە تاقە زلهێز و...
لێرەدا هەردووکیان بە سەرسووڕمانەوە لەیەکتر و پاشان لەمن دەڕوانن. تیشکی ئاگرەکە لەسەر ڕوخسارییان گەمە دەکا.
سۆڤیەت دەکەوێ؟! ئیتر ئەمە تەواو خەونێکی بۆرجوازیانەیە و دیارە ئەو برادەرەی ئەم کتێبەی نووسیوە تەواو تەمەعکارە!
ئاورەکە دیسان خەریکە دادەمرکێتەوە. من کە حەز دەکەم سەرلەنوێ چیلکە و چەوێڵی بۆ بێنمەوە، ئەمجارە گوێ نادەمێ. من چۆن باسی ئەوەیان بۆ بکەم کە ڕێک لە سەرەتای نەوەدەکانەوە دونیا کتوپڕ بوو بە شتێکی تر. چۆن باسی ئەوەیان بۆ بکەم نەک تەنیا سۆڤیەت بەڵکو هەموو شتێک کەوتووە، ئەوەیکە مێژوو بووە بە خولدانەوەیەکی بێهوودە. مێژوویەک کە کەس نازانێ هۆکارەکەی کەوتنی سۆڤیەت بوو وای لێهات یاخود مێژوو لە ڕاستیدا هەمیشە وەها بووە و ئەم نەسڵەیە لە ڕاستیدا هەر لە سەرەتاوە لێی نەزانیوە. سەرهەڵدەبڕم و هەست دەکەم بە بەفری ئەو شاخانەوە هێشتا جێ هەنگاوی هەفتاو دوو کەسەکە ماوە وا لەوێوە تێپەڕین بە بێ ئەوەی بتوانن لە ڕاستیدا تێپەڕن. کتێبە مێژوویەکە ڕادەوەشێنم و، دەڵێم:
وەک دەبینن کتێبێکی زۆر ئەستوور و گەورەیە و دۆزینەوەی ئەو ڕووداوەی ئێوە ناوتان لێناوە پشت ئاشان زەحمەتە، بۆیە ئیزنم بدەنێ دوواتر سەیری بکەم، بەتایبەت لەم تاریکییەدا هەر هیچ ناکرێ.
بەڵام تۆ سبەی دەڕۆی.
نا، ... نا وەعد بێت نەڕۆم، جا کوێ لێرە خۆشترە، سەیری ئەم سرووشتە!
ئەرێ وابکە، سبەی ئێمەیش لە هاوڕێیان ئەو کتێبە مێژوویانەت بۆ دەهێنین کە گرینگن و زانستیانە نووسراون، ئەو کتێبانەی وا مێژووی ڕاستەقینەی دونیان.
من سەرمامە، خۆم دەخزێنمە ناو کیسە خەوەکەمەوەو دیسان لێیان دەروانمەوە. وەک بڵێی لێم تێدەگەن. وەک بڵێی دەزانن کە بەڕاستی ساردە. ئەوان پشت لە من دەکەن و کەمێک جودا لەیەکتر دەست دەکەن بە کێشک گرتن، تفەنگەکانیان دەخەنە سەر کۆشیان. تاپۆی ڕەشی هەیکەلیان بە دەم داوێنی چیاکەی ئەو بەرەوە دەکاڵێنەوە. فرمێسکەکان بە گۆنامدا شۆڕدەبنەوە. من ڕەنگە یەکێک لە بەختەوەرترین کەسەکانی ناو ئەم سرووشتە بم کە بەم شەوە درەنگانە هێشتا دوو هاوڕێ لەم دونیا سەرتاسەر نەگبەتە ماون خۆبەخشانە نیگابانیم بۆ بدەن. هاوڕێکانی دەیان ساڵ لەمەوبەر.
بە تیشکی گەرمی هەتاو لەسەر کیسەخەوەکە لەخەو بەئاگادێم. دەنگی باڵندە بەهارییەکان سرووشتیان هێناوەتە سەما. دونیا چەند جوان و ڕەنگین دەنوێنێ.
ئاوێک بە دەموچاومدا دەکەم و نەرم دادەگەڕێم، ڕێک بەو شوێنەیدا وا ئەوان دوێ شەو سەرکەوتن. دەگەمە شیوەکە. ڕاستەوڕێ دەیبڕم. کتوپڕ لە بن چەند داربەڕوویەکدا لەو قووڵکەیە دوو گۆڕ دەبینم. گۆڕەکان یەکجار کۆنن. بە کێلەکانیان دەیانناسمەوە. کێلە خوارەکانیان. دەچمە سەر گۆڕەکان. مارمێلکێک بەهەڵەداوان دووردەکەوێتەوە. لقی داربەڕووەکان نەویونەتە سەر گۆڕەکان. دەنگی ڕووبارەکە لێرە جوان نایەتە گوێ.
نازانم چلۆن توانیوویانە لە بەهاری ساڵی هەشتا و سێ لەگەرمەی ئەو شەڕە ترسناکەدا ئەم دوو هاوڕێیە بنێژن و دوو کێلیشیان بۆ دابنێن. دوو کێل کە بە درێژایی هەموو ئەم ساڵانە هێشتا ئاو و بەفر و باران نەیانتوانیووە ڕاپێچیان بدەن.
رەنگە تەنیا لەبەر ئەوەی ئەوان بۆ هەمیشە ئەم دۆڵ و شاخانە جی نەهێڵن و جاروبارە سرووشت بێتەوە یادی، سەردەمانێک، لەو کاتانەی وا بۆ ماوەیەکی کورت هومێد ئاوێزانی مێژوو ببوو، کەسانێک هەبوون وەها دەژیان. [1]