بابەت: مێژوو
نووسین: #لەتیف فاتیح فەرەج#
ئێ کارێکی باشە هەموو ئه و بەڵگە نامانەی لە سەر سێ کەسایەتی ناوهاتووی بارزانی کورد نوسراون یان لە ئەرشیفی دەر و دراوسێدان کۆکراونەتەوە و چاپکراون، نووسینەوەی مێژوو، ئارشیفکردنی ڕابردوو، کۆکردنەوەی دیرۆک و بەڵگە نامە و دیکۆمێنت هەموو ئەمانە گرنگن، بەڵام لە هەموو ئەمانە گرنگتر ئەوەیە خۆمان لە کوێی مێژووداین، ئایە ئێمە لە دەرەوەی مێژوودا نین! ئەم پرسیارە پێویستە ئەکادیمیست و مێژووزانەکان وەڵامی بدەنەوە. دەبێت لە هۆکارەکانی ئه و پاشەکشە هەمەییە بپرسینەوە، سیاسەت بۆ لە بری گەشەبکات و کەسانی کارامەتری لە بەرێ بۆ هەڵکەوێت پاشەکشەی کردووە، ئەدەب، هونەر، ئاکار، ئاین، بیروباوەڕ، هەست و کەوت، ڕێز، بەهاو هەرچی هەیە، ئەم هەموو تێکشکان و وردو خاشبوونە هۆی چیه؟
پێش دەستبردن بۆ هێنانەوەی بەڵگە نامە و نووسینەوەی مێژوو وەرن لە هۆکاری ئەم دۆخە ناجۆر و وێرانە بپرسن.
ئەگەر 150 ساڵ لە مەوبەر هەر ئەمارەتە و میرنشینێکی کورد باسکی بە دەستی دوژمنێکەوە بووە، ئەدی دوای 150 ساڵ چی، ئەگەر ئەودەم شۆڤار و جاش و جاسوسمان هەشبووبێت بە ڕادەی ئێستا نەبووە، ئێمە کەی ئه و تاریکییە بە جێدەهێڵین، هەزاران کتێبی هەزار لاپەڕەیی بنووسین هیچ لە وەناگۆڕێت کە ئێمە لە مێژوودا نین، لە مێژوودا بوون وەک بوون وەک شوناس، له و شوێنەی باسی ئەوە دەکەین شێخ عەبدولسەلام عوسمانیەکان هەڵیانواسیوە، نەوەی عوسمانیەکان سەرکردەی شۆڕشگێڕی ئەمڕۆمان دەکوژێت و یەک سەرکردەش نقەی لێوە نایەت، کەواتە هەر به و بێدەنگی و نقلە خۆ بڕینە لەدەرەوەی مێژوودا بمێننەوە، بزانین کەی شمشێرەکە دەگاتە سەر ملی یەکەبەیەکەتان.
ئەوە گرنگە بەڵگه و دیکۆمێنتی دوژمنەکان کە لە سەریان نووسیوی بێنیتەوە و بیپارێزی، لێ لەوە گرنگتر دەرچوونە لە بن دەستی دوژمن خۆی، چونکە دوژمن ئێستاش کە هەرچیشی بوێ، بۆی بکەی ئه و هەر لە فیلم و دراماو گۆرانی و سەماشدا سوکایەتیت پێدەکات، لە بن دەستی خۆ دەربێنه و بە کردەوە ئامبازی مێژوبە، ئێ کابرا ڕاستدەکات تەلار و ئاپارتمان و کورسی شاهانه و هۆڵی قەشەنگ و هۆتێلی پێنج ئەستێره و مەلهاو دیسکۆ و شەوانە ئاهەنگ و قومارخانەی مۆدێرن و هەتادوای ناکرێ ناوبنرێن بەرهەمی خەبات، یان دەبێت خەبات و شۆڕش ڕاست نەبن و نەبووبن، یان ناکرێ ئەمە بەرهەمەکەی بێت.
بنواڕن لە هونەردا لە #عەلی مەردان# و #محەمەد عارف جزیری# و #حەمە ساڵح دیلان#ەوە هاتوینەتە سەر کێ، لە ئەدەبدا لە #مەلای جزیر#ی و #حاجی قادر#و #نالی#ەوە بۆ کێ، لە خانم خاسدا لە #مەستورەی ئەردەڵانی#ەوە بۆ کێ، لە مەلای زانادا لە #مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس# و#عەلادین سەجادی# و #مەلای گەورەی کۆیە#وە بۆ کێ !
سیاسەت خراپتر، ئێمە لە ناو پەروەردەیەکی وێرانداین، پەروەردەیەکی تێکشکاوی هاڕراوی داڕزاوی هەلا هەلا، تا لە بن دەستی دوژمندا بین لە وەخراپترو خراپتر دەبین.
وا بڕوات دایک بە سەر کچەوە، باوک بە سەر کوڕەوە، مناڵ بە سەر دایک و باوکەوە، دراوسێ بە سەر دراوسێوە، حزب بە سەر حزبەوە، مەلا بەسەر مەلاوە، هاوسەر بە سەر هاوسەرەوە دەبنە جاسوس و ڕاپۆرتنوس و کەسیش نیە سەرچاوە لێڵ و لێخن و پیسەکەی ئاوەکە پاکبکاتەوە.
کۆکردنەوەی بەڵگەنامه و نووسینەوەی مێژووبە قەد ئەوە گرنگ نیە تۆ ئێستا لە مێژوودای یان نا، مێژوو ئەوە نیە بنەماڵەیەک لە بنەماڵەیەک بە باشتر، کەسێک لە کەسێک بە باشتر، شوێنێک لە شوێنێک بە باشتر بزانی و خزمەت بکەیت، مێژوو ئەوەیە وەرچەرخان دروستبکەیت. وا بکەیت خەڵک لە بری ئەوەی لێت بترسن، لە پاسەوانەکانت بترسن، لە زیندان و قامچیەکانت بترسن، ڕێزت لێبگرن، نەک ئەوەی دۆخێک دروستبکەی تەنانەت لە ناو خانەوادە و بنەماڵەکەی خۆتیشدا هەبن نەک ئێستا ئه و ڕابردووەش فەرامۆش بکەن و بەلایانەوە هیچ نەبێت.
مێژوو هەزاران لاپەڕەی ناوێت، چونکە مرۆڤ دەکرێت هەڵه و کەم و کوڕی و لادانیشی هەبێت، تەنها نیشاندانی دیوەجوانەکەی و فەرامۆشکردنی ئەوی تر ئه و مێژووە ناجۆر و ناتەواو نیشاندەدات، لەم ڕۆژانەدا خوێندمەوە گوایە 1600 کتێب و لێکۆڵینەوە لە هەڵنان و پەسەنی چەرچڵدا نووسراون، وا گرنگ بوو، وا وا بوو، نووسەرێک دێت بە کتێبێکی بەڵگە دار هەموو ئەوە لە بەریەک هەڵدەوەشێنێتەوه و ڕوویەکی تری چەرچڵمان نیشاندەدات، لە کاتێکا چەرچڵ و نەتەوه و وڵاتەکەی لەوەتەی هەن لە ناو مێژوودان و ئێمە نا.
[1]