بابەت: وتار
نووسین: #مەلا بەختیار#
$کۆڕۆنا، سەرکردەیەکی کۆڵندەری کوردستانی لێ سەندین$.
بەنده و #قادر حاجی عەلی#، لەساڵی (1983)ەوە، بەهۆی ڕێبازی جیاوازی ئایدیۆلۆژیەوە، ناکۆکین. بەڵام هەتا دوای جیابونەوەی گۆڕانیش، قسەیەکی ساردیش نەکەوتە نێوانمان. بۆیە بە ئەرکی دەزانم، لەم دوا کۆچەیدا، پاداشتی ئه و مێژووە بدەمەوە.
لە دوای (1978)ەوە، دەمزانی قادری حاجی عەلی، هەروەکو کاکە #حەمە جەزا#ی ڕەحمەتی کاکی، ئەندامی کۆمەڵەیە، له و کاتە بەرپرسی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە بوم، خۆی و کەسوکاریشی، هەم سەنگین و هەم دڵسۆز بوون.
گۆرانییە سیاسییەکانی حەمە جەزا، لە باشووردا، هەروەکو شوان پەروەری باکوری کوردستان، لە قۆناغی هەڵسانەوەدا، ناخ هەژێن بون. کاکە قادر، ئارام ئارام ئەرکەکانی ڕادەپەراند. دوای دەرچوونی لە زانکۆ (1981)، بەبڕیاری ڕێکخستن، هاتە ڕیزەکانی شۆڕش. لە مەکتەبی ڕێکخستن دانرا. کە ڕاپەڕینی (1982) بەرپابوو، پێکەوە بە (#هەرزنە#، #سەفرە#و #زەرون#، دۆڵی جافایەتی، دۆڵە ڕوت، کارێز کڵاو، قولەرەسی) هاتینە #سلێمانی#و کۆبونەوەکانمان لە ماڵی شەهید خەسرەوی خاڵ دەکرد. هەفتەیەک لە سلێمانی ماینەوە. پیاوێکی بوێرو ئامادەی جێبەجێکردنی بڕیار بوو. له و ماوەیەدا نێوانمان خۆشتر بوو. بەڵام لەگەڵ
شەهید #ئازاد هەورامی#-دا، نێوانی خۆشتر بوو. کاتێک لەگەڵ ئازاد پێکەوە سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی کۆمەڵەشیان کرد، بۆ ئامادەکاریی سێیەمین کۆنفرانس، لە گەرمەی ململانێکاندا بوین، یەک کادریشی زویر نەکرد.
لەناو سێیەمین کۆنفرانسیشدا، هەر ئارام بوو.. گەرچی پێشی ناخۆشبوو، کێشەکانمان قوڵ دەبێ. کە جیاش بوینەوە، دژەکەمانی هەڵبژارد.. بەڵام جوامێرانە، ئێسک شکێن نەبوو. کە زانیشی لە کاتی زینداندا ئاراستەکان بەره و ئێسک شکاندن دەبرێ، ئامادەنەبوو لە لێکۆڵینەوەدا بەردەوام بێ..
لە کاتی جیابونەوەی گۆڕانیشدا.. خۆم پێم وایە، هەندێک مەسەلەی تایبەتی لە دەرەوەی وڵات نەبوایە، لە مام و یەکێتی دورنەدەکەوتەوە. کاکە قادر پێش جیابوونەوەی گۆڕان و نەوشیروان هەڵوێستی وەرگرت و بایکۆتی کۆبوونەوەکانی کرد! کە گۆڕان جودا کرایەوە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرەکانی. کاتێک زانی ناکۆکیەکان بە ئاراستەی نەشیاودا دژی یەکێتی دەبرێن، هەوڵیدا لەگەڵ یەکێتی ناکۆکیەکان خاو بێتەوە، لێک تێگەیشتنی دەباشان، هەوڵێکی زۆری قادری حاجی عەلی تیابوو، لەناو گۆڕان.
کاتێک، گۆڕان، سیاسەتی گۆڕی، قادری حاجی عەلی و هاورێکانی زوو درکیان بە جیاوازییەکان کردو هەڵوێستیان وەرگرت. بەڵام لەمەشدا هەڵوێستێکی ئارامی دوور لە موزایدەی سیاسی.
چەند جوانن ئه و سەرکردانەی.. بڕوایان بە خۆیانه و لە دوڕیانی سیاسیدا.. لە بری پله و پایە، هەڵوێست هەڵدەبژێرن.
بەسەر بەرزی ژیا.. بە هەڵوێستی بەرزی بردیە سەر.. کێلەکەشی بەرز دەمێنێتەوە. خەباتیشی ئاوا!
[1]