بابەت: وتار
ئامادەکردنی: ڕەوەست نەوزاد
(باخی شار) یا (باخی خەلیل ئەفەندی) کۆنترین و بەناوبانگترین باخە لەشاری #هەولێر# کە مێژوویەکی دوورو درێژی هەیەو بیرەوەریەکی زۆری لەناو دانیشت#وان#ە بەتەمەنەکانی ئەو شارە هەیەو چەندینجار ئەو باخە لەڕووی پانتایی و شێوەکەی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووەو تائێستا بۆتە سەنتەری خانەنشینان و شوێنی پشوودان و کات بەسەربردنی زۆربەی پیاوە خانەنشین و بەتەمەنەکانی ئەو شارە.
سەید موحسین محەمەد غەریب سەرۆکی سەنتەری خانەنشینانی باخی شار لەبارەی چیرۆک و مێژووی دروستکردنی ئەو باخە گەڕایەوە سەردەمێکی کۆنی ئەو شارەو وتی : لەساڵی 1937 هاووڵاتیەکی کوردی باکووری کوردستان واتا وڵاتی تورکیا کە خەڵکی شاری (وان) دەبێت بەناوی خەلیل ئیبراهیم کە بە (خەلیل ئەفەندی) لەشاری هەولێر ناسرابوو بەهۆی شەڕی نێوان کوردەکان و ئەرمەنەکان لەگەڵ ژمارەیەک کوردی باکوور بۆ باشووری کوردستان کۆچ دەکەن سەرەتا دەچێتە شاری ڕەواندوز، بەڵام بەهۆی بچووکی ڕەواندوز لەوێ نەیتوانیوە بژیت، بۆیە ڕوودەکاتە شاری هەولێر ئەوکات هەولێر تەنیا قەڵاو هەرسێ گەڕەکی تەعجیل و خانەقاو عەرەبان هەبووە دەبینێت شارەکە هیچ باخێکی نیە کە خەڵکی بچن کاتی تێدا بەسەربەرن، بۆیە خەلیل ئەفەندی دەچێتە لای پارێزگاری ئەوکاتی هەولێر کە پێیاندەوت (موتەسەریف) و خۆی پێدەناسێنێت و دەڵێت من لەشاری وانی تورکیا هاتووم پیشەم باخەوانی بووەو دەپرسم ئێوەی خەڵکی هەولێر چۆن بەبێ بوونی درەختێک یا باخێک دەتوانن هەوایەکی خاوێن هەڵمژن.
سەید موحسین باسی لەگفتوگۆی خەلیل ئەفەندی و موتەسەریفی ئەوکاتی هەولێر دەکات و دەڵێت : خەلیل ئەفەندی پێشنیار بۆ موتەسەریف دەکات و دەڵێت ئەگەر بێتو من لەشارەوانی هەولێر دامەزرێنن و لەجێگایەک زەویەکم بۆ دیاری بکەن بۆتانی دەکەم بەباخێک، دیارە موتەسەریفەکەی ئەوکاتی هەولێر پیاوێکی ئاقڵ بووەو خەڵکی شارەکەش بووە بەو پێشنیارە ڕازی بووە بۆ بەیانی فەرمانی بەسەرۆکی شارەوانی هەولێر کردووەو خەلیل ئەفەندی بەباخەوان لەشارەوانی دامەزراوە.
دوای بوونی بەباخەوان خەلیلە ئەفندی دەچێت لەناو شاری هەولێر بۆ دیاریکردنی زەویەکی گونجاو بۆ دروستکردنی باخەکە دەگەڕێت ئەو شوێنەی کە ئێستای باخی شار دەبینێت کە گۆڕستانێکی کۆنی جووەکانی شارەکە بووەو مێژووەکەی زۆر کۆن بووە، بەوتەی سەید موحسین، موتەسەریف دەچێت کەسایەتیە ناودارەکانی شار کۆدەکاتەوەو پێیان دەڵێت کوردێکی باکوور هاتووەو دەیەوێت باخێک بۆ شارەکەمان دروست بکات، بەڵام شوێنێکی گونجاومان نیە ئەگەر بێتو ئەو گۆڕستانە تێکبدەین ئێوە ڕازین، لەبەر ئەوەی خەڵکیش پێیان باشبووە باخێکی گەورەیان هەبێت، ئەوان لەوەڵامدا دەڵێن ئەو گۆڕستانە زۆر کۆنە تەنانەت ئێسکی مردووەکانیشی تێدا نەماوە، بۆیە ڕەزامەند دەبن بەهۆی ئەوەی ئەوکات ئامێری هەڵکەندن نابێت، لەبەر ئەوە چوار ئەسپ دەدەن بەخەلیل ئەفەندی و گاسنیان لێدەبەستن بەخۆی برایەکی و 10 کرێکار هەموو گۆڕەکان لادەبەن و زەویەکە ڕێکدەخەن کە ڕۆژانە 20 فلس کرێیان داوە بەکرێکارەکان.
سەرۆکی سەنتەری خانەنشینانی باخی شار درێژە بەچیرۆکی باخەکە دەدات و دەڵێت : باخی شار لەئێستا زۆر بچووکراوەتەوەو چەندین شتی لەسەر دروستکراوە ئەگینا لەکۆندا زۆر گەورە بووەو جێگای ئێستای ئاگرکوژێنەوەو شوێنی ئێستای بازاری نیشتمان و بازاری داون تاون هەمووی باخی شار بوو کاتێکیش هەموو زەویەکان دەکێڵێت دەچێت لەگوندەکانی دەوروبەری هەولێر چەندین جۆر داری میوەی وەک سێوو خۆخ و ترێ و هەنار دەهێنێت و دەیانچێنێت و باخی شار دروست دەکات و زۆر بەباخەکە ماندو دەبێت کە ئەوکات یەکێک بوو لەباخە جوانەکانی شاری هەولێرو کوردستان، بۆیە ئێستاش هەولێریە دێرینەکان ناڵێن باخی شار، بەڵکو هەر دەڵێن (باخی خەلیلەفەندی) چونکە ئەوکات بەناوی ئەو ناوی باخەکە هاتووە کە ئێستاش نەوەکانی لەشاری هەولێر دەژین.
ئەو باخە ماوەیەک بێ شورا بوو، بەڵام لەساڵی شەستەکاندا حکومەتی خۆجێی هەولێر شورایان بۆ دروستکرد بەئاسن وەکو موحەجەرە کە ئەوکات لەتەنیشت باخەکە عەلوەی فرۆشتنی سەوزەو میوە بووە.
ئەو باخە زۆرکات گۆڕانکاری لەبەڕێوەبردنی بەسەردا هاتووە، سەید موحسین دەڵێت : لەساڵی 1971 - 1972 یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ئەو باخەیان کرد بە یانەی خۆیان تا ساڵی 1974 کاتێک شەڕی شۆڕشی کوردو حکومەتی عیراق دەستیپێکرد یەکێتی مامۆستایان نەمان و پەیوەندیان بەشۆڕش کرد ئەو باخە فەرامۆش کرا لەساڵانی هەشتاکاندا تا نەوەدەکانیش هەر بەفەرامۆشکراوی مایەوە خەڵکی بەئارەزووی خۆی دەهاتنە ژوورەوەو دەرگای نەبوو زیانیان بەباخەکە دەگەیاند، بۆیە لەساڵی 2008 فاروق سەید حەسەن کە کەسایەتیەکی وەرزشی و مامۆستایەکی دێرینی کۆچکردووی شاری هەولێرە لەگەڵ چەند مامۆستایەکی وەکو مامۆستا تاهیرو مامۆستا جەمال هیدایەت و شێخ عەزیز هەستان بەپارێزگاری ئەوکاتی هەولێریان وت ئێمەی خانەنشین جێگایەکمان بۆ حەوانەوە نیەو هەموویان لەبەردەم مزگەوت و بندیوارەکان دادەنیشن و لەچایخانەکانیش جێگایان نابێتەوە، بۆیە پارێزگاریش ڕەزامەندی لەوەزارەتی شارەوانی وەرگرت کە بکرێت بەو شوێنەو بەناوی خانەنشینان دیاریکرا، چونکە پێشتر بڕیاردرابوو بکرێت بەدوکان و بەنرخێکی گران بفرۆشرێت، بۆیە لەمانگی هەشتی ساڵی 2008 ئەو شوێنە کرایەوەو بووە سەنتەری خانەنشینانی هەولێر.
لەئێستادا جگە لەو خانەنشین و پیاوە بەتەمەنانەی هەولێر کە ناویان لەو سەنتەرەی باخی شار تۆمارکردووە هیچ کەسێکی تر ناتوانێت بچێت لەو باخە دابنیشێت سەرۆکی سەنتەرەکە ئەوەی ئاشکراکرد کە لەئێستادا نزیکەی 3500 تا 4000 خانەنشین ئەندامی ئەو جێگایەن هەموویان خەڵکی بەتەمەنن بەقسەی سەید موحسین جگە لەخانەنشینانی هەولێر چەندین خانەنشینی شارەکانی وەکو تکریت و ڕومادی و موسڵ و سلێمانی و #زاخۆ# و #دهۆک# لەو سەنتەرە ئەندامن و ئێستا چەندین ئەندامی پەرلەمان و دادوەرو وەزیرو کرێکاری شارەوانی خانەنشین ئەندامی سەنتەرەکەی ئەوانن کە ڕۆژانە لەسەعات حەوتی بەیانی تا حەوتی ئێوارە کراوەتەوە.
ماوەی چەند ساڵێکە باخی شار لەشەوانی ڕەمەزاندا ئاهەنگی گۆرانی وتن و یاری سینی و زەرفیشی تێدا دەکرێت، لەوبارەیەوە سەرۆکی سەنتەری خانەنشینان دەلێت : ئەو ئاهەنگە ئێمە سازی ناکەین لایەنی تر هەن ئەنجامی دەدەن، بەڵام ئێمە بەهۆی ئەوەی زیان بەباخەکەمان دەگات سازکردنی ئەو ئاهەنگەمان بەلاوە باش نیە کە پارێزگاری ئێستای هەولێر بەڵێنی پێمانداوە لەداهاتوو هیچ ئاهەنگێکی تێدا سازنەکرێت.
بەهۆی قەیرانی دارایی و نەمانی بودجە ماوەی چەند ساڵێکە هیچ بودجەیەک بۆ ئەو باخە دانەنراوە، بۆیە لەلایەن خێرخوازێکە چەند پرۆژەیەکی بۆ باخەکە ئەنجامدراوە وەکو کتێبخانەو کابینەی شوێنی دانیشتن و چەند کارێکی تر.
لەئێستادا پانتایی ڕووبەری باخی شار بەهۆی دروستکردنی چەندین باڵەخانەو دوکان زۆر بچووک بۆتەوە کە نزیکەی 2 دۆنم و نیوەو موڵکەکەی خراوەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکان و دەوترێت لەداهاتوودا هەر چوار دەوری باخەکە دەکرێت بەباخ، بەڵام تائێستا ئەنجام نەدراوە.
[1]