نوسینی: #سوداد ڕەسووڵ#
ڕێکەوتی: #28-06-2022#
ئەو تاوانەی دەرهەق بە مامۆستای زانکۆ ئەنجام درا، من دەزانم هۆکارەکەی چییە
بەبیستی ئەم هەواڵە دڵتەزێنە کە قوتابییەک بەم شێوە دڕندانەیە دوو مامۆستای زانکۆی کوشتووە، زۆر خەفەتبار و دڵتەنگ بووم، لە هەمان کاتدا لە ئەنجامدانی تاوانەکە توشی ڕاچڵەکان نەبووم، هەتا ڕادەیەک پێم ئاسایی بوو، چونکە خۆم وەک مامۆستایەکی زانکۆ کە بۆ ماوەی شەش ساڵ لە زانکۆی سۆران مامۆستا بووم، بەپێی ئەزموونی خۆم تێدەگەم ئەم تاوانە بۆ ڕووی داوە، قوتابی بۆ ئەوەندە دەست کراوەیە کە تاوانێکی لەم شێوەیە دەرهەق بە مامۆستا ئەنجام بدات.
ئەوەی لە ژیانی گشتی هەموو تاکێکی هەرێمی کوردستان ڕوون بەرچاوە ئەوەیە کە لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم: زانکۆ، قوتابخانە، فەرمانگەکان، دادگاکان، .. تاد پاداشت و سزا نەماوە. گەورەترین تاوان وەک پێویست سزا نادرێ بە واستە و خزمایەتی و حزبایەتی بۆی دەردەچێت. وەک ئاشکرایە لە هەر دەزگایەکیش، یان لە هەر کەرتێکی کارکردن پاداشت و سزادان نەما، گەورەترین گەندەڵی و پێشێلکاری ڕوو دەدات.
بۆ ماوەی شەش ساڵ لە فاکەڵتیی پەروەردەی زانکۆی سۆران لە بەشی کوردی مامۆستا بووم، جاروباریش لە بەشەکانی دیکەی وەک وەرزش و زانستی گشتی و بیرکاری دەرسی کوردۆلۆجیم داوەتەوە. لەم ماوەیە هەر جارێک لەگەڵ قوتابی لاسار توشی کێشە هاتبم هەوڵم داوە خۆم لێی لا بدەم و لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکەم، چونکە دەمزانی ئیدارەی فاکەڵتییەکە و زانکۆ بەگشتی بۆ سزادانی قوتابی زۆر بێدەسەڵاتە، ئەوە نەک هەر قوتابی وەک پێویست سزا نادرێ، بەڵکوو لەجیاتی، مامۆستاکە سزا دەدرێ، لەناو مامۆستاکان شکۆی دەشکێ و باسی دەکەن کە بۆچی کێشەی لەگەڵ قوتابی هەیە..!! ئەم کولتوورە لە زانکۆی سۆران بە سەر مامۆستا و قوتابی زاڵ بووە، دەبێ مامۆستا کێشە و گرفتی سفر بێت، ئەگەر کێشەشی هەبێت دەبێ خۆی چاکی بکات و کەس پێی نەزانێ. بە چاوی خۆم زۆر جار چەندین کەیسی هەڕەشەم بینیوە کە قوتابی لە مامۆستای کردووە، کەچی مامۆستا نەیتوانیوە بیدات بە لیژنەی بەرزفت کردن و لێپێچینەوە، کە ئیدارەی فاکەڵتییەکە دەبێ ئەو قوتابییە بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان سزا بدات. کاتێک لەم مامۆستایەم دەپرسی، کە هەڕەشەی لێ کراوە، بۆ لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو قوتابییە ناکەی؟ دەیگوت: کوا یاسا و لێپێچینەوە؟ کێ سزای بدات؟!
مامۆستا هەبوو، قوتابی تفی لێ کردبوو؛ قوتابی دراوە بە لیژنەی بەرزفت بۆ سزادانی، واستەی کردووە هیچیان لێ نەکردووە، تەنیا بە داوای لێبوردن بەڕێیان کردووە، یان دوو ڕۆژ فەسڵ کراوە، و غیاب دراوە، کە ئەم سزایە ئەوەندە سووک و بێ مەعنا بوو، من بۆ خۆشی ناوم لێ نابوو دوو ڕۆژ هۆلیدەی Holiday.
قوتابی هەبوو مامۆستا دەری کردووەتەوە دەرەوە، ئەو قوتابییە لە ناو پۆلەکە بێڕێزی بە مامۆستا کردووە و پێی گوتووە: ئەمجارە دەچمە دەرەوە، بەڵام جارێکی دی دەرم بکەی من لە زانکۆ دەرت دەکەم...!! مامۆستا لە خۆی ترساوە، ئەم قوتابییە بێڕێزی پێ کردووە، نەیداوە بە لیژنەی لێپێچینەوە، تەنیا بە ئیدارەی بەشی ڕاگەیاندووە، ئیدارەی بەشیش قوتابییەکەی بانگ کردووە، هیچی پێ نەگوتووە تەنیا داوای لێبوردنی بۆ مامۆستا هێناوەتەوە و بەڕێ کراوە. ئەم کولتووری سزانەدان و داوای لێبوردن و بەڕێی بکە، ئەم جۆرە قوتابییە دروست دەکات کە بۆی هەیە گەورەترین دەستدرێژی بۆ سەر مامۆستا بکات، چونکە دەزانێ سزادان نییە، سزاکەی هەرچی بێت بە ئاسانی لێی دەرباز دەبێت.
جارێکیان لە وەرزش دەرسی کوردۆلۆجیم دەدایەوە، لەوێ قوتابی لاساری زۆر بوو، قوتابی وای هەبوو ئەوەندە پەرپوت و شەلاتی بوو، شایەنی ئەوە نەبوو پێ لە حەرەمی زانکۆ بنێت. جارێک یەکێک لاساری کرد و منیش دام بە لیژنەی بەرزفتکردن بۆ سزادانی، کە ئەوکات د. عەبدولملک عوسمان جێگری ڕاگر بوو، بەرپرس بوو لێپێچینەوەی لەگەڵ بکات، ناوبراو ئەوەندە بێدەسەڵات بوو لە سزادانی قوتابی، ئەوەندە کەسێکی نەشیاو بوو بۆ ئیدارە، هەتا بانگی کرد چوار مانگی خایاند، کە بانگی کرد، دەوام لە سەروبەندی تەواو بوون بوو، دوو ڕۆژ هۆلیدەی بۆ بڕیەوە، ئەویش دوو ڕۆژ چووە ماڵەوە ئیسراحەتی کرد و گەڕایەوە. ئەمە هەموو سزاکەی بوو. ئەوجا تێگەیشتم ئەمە سزدان نەبوو، ئەمە سزادانی مامۆستا بوو، کە ئیدی قوتابی نەدات بە لیژنەی بەرزفتکردن و لێپێچینەوە.
ئەم ژینگە زانکۆیە کە پاداشت و سزای تێدا نەماوە، قوتابی لاسار و هار کردووە کە هەموو شتێک لە دژی مامۆستا ئەنجام بدات، تەهدیدی بکات، بیترسێنێ، جوینی پێ بدات، لە فەیسبوک گاڵتەی پێ بکات، سوکایەتی پێ بکات، ...تاد.
ئەو قوتابییە کە بەچەکەوە هێرش دەکاتە سەر مامۆستا ئەوە دیارە لەم ژینگە بەڕەڵایەی زانکۆ پەروەردە بووە کە باکی بە هیچ نییە، مامۆستا لەلای زۆر سوک و بێقیمەتە، دەتوانی بە ئاسانی هەموو شتێک پێشێل بکات.
ئەمەیە هۆکاری ئەم تاوانە کە ئیدارەی زانکۆ ئەوەندە گەندەڵ بووە، ئەوەندە لە دەرەوەی یاسا و ڕێنمایی کار دەکەن، ئەوەندە بێدەسەڵاتن ناتوانن بچووکترین پێشێلکاری لە زانکۆ بەپێی قانوونێکی عادیلانە بە سزای شیاوی خۆی بگەیەنن.
درود بۆ گیانی پاکی هەردوو مامۆستای شەهید، ، جێگەیان بەهەشت بێت. خوێنی بە ناهەق ڕژاویان هەرگیز لە بیر ناکرێ.
[1]