ناساندن و ڕانان: #هەردی مەهدی#
وێنەی هاوپێچ، دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتی #30-04-1974# (چوار ڕۆژ پاش بۆردوومانی_#هەڵەبجە#) تاقیکردنەوەی کۆتاییی ساڵی پۆلە ناکۆتاکانی ساڵی خوێندنی (1973-1974) ی قوتابخانەی نارنجڵەی هەورامانە، کە لەیەکێک لەباخەکانی گوندی نارنجڵە (باخی کەیوا)، لە ترسی بۆردوومانی فڕۆکەکانی حکومەتی_عێراق(بەعس) ناچار پەنا براوەتە بەر باخەکان و لەوێدا قوتابیان تاقیکردنەوەکانیان ئەنجامداوە و درێژەیان بە پرۆسەی خوێندن داوە!
لەسەر پشتی وێنەکە بەڕێوەبەر مامۆستا حەمەڕەشید بە خەتی خۆی نووسیوویەتی: دوای بۆردوومانی هەڵەبجە لە ناو باخەکاندا تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵمان دەکرد لەترسی فڕۆکە و بۆردومان.
ئەوەی لە وێنەکەدا دیارە، چوار مامۆستا و چەند خوێندکارێکن لە چەپەوە: (مامۆستا حەمەڕەشید نادر هەورامی-بەڕێوەبەری قوتابخانەی نارنجڵە، مامۆستا حامید فەیزوڵا، مامۆستا وەکیل سەعید، مامۆستا ئیسماعیل تەها و پیاوێک بە جلوبەرگی کوردی-هەورامیانە و شەش قوتابی) هاوکات کەشی وێنەکەش بریتییە لە ژینگەیەکی کراوە و باخێک و ئێکسسوارات و کەرەستەکان لە نمونەی دەفتەر و کتێب و کورسی و وشکەکەڵەکی دەورووبەری دانیشتووان و تەڵانێکی کراوەی باخ.
ئەمە دەرخەری ڕاستییەکە، پەرۆشی مامۆستا و بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکانی کوردستان و بەتایبەت هەورامان دەردەخات بۆ خوێندن و خوێندەواری گەرچی لەسایەی بۆردوومانیشدا بێت.
با لە بیر نەچێت، حکومەتی بەعس لە 26-04-1974 لەڕێگەی فرۆکەوە بۆردوومانێکی چڕی شاری هەڵەبجەی کرد، لەم ڕووداوەدا دەیان شەهید و برینداری لێکەوتەوە.
بە سوپاسی تایبەتەوە، لەلایەن بەڕێز مامۆستا حەمەڕەشید نادر هەورامی، لەڕێگەی بەڕێز مامۆستا ئەنوەر نارنجڵەیی و کاک فریاد ڕۆستەمەوە، سپێردراوە بە ئەرشیفی ناوەندی کوردستان لە زانکۆی سلێمانی.
[1]