ناو: ڕەشید
نازناو: ڕەشید کەرکووکی
ناوی باوک: ئەحمەد سابیر
ساڵی لەدایکبوون: 1963
شوێنی لەدایکبوون: #کەرکووک#
$ژیاننامە$
ڕەشید ئەحمەد سابیر لە ساڵی 1963 لە گەڕەکی شۆرجەی شاری کەرکووک لەدایک بووم، لەخێزانێکی نەخوێندەواری هەژار، باپیرم ڕەنجبەر بووە لە گوندی مۆردانەی ناوچەی جەباری. لەبەر هەژاری ڕووی لە شاری کەرکووک کردووە. خاوەنی سێ کوڕ بووە بەناوەکانی حەمەنووری وئەحمەد وعومەر. باوکم لەگەڵ خاڵۆزای خۆی بەناوی خاوەر نامیق هاوسەرگیری کردووە. بوون بەخاوەنی پێنج کوڕ، بەناوەکانی (خورشید، ڕەشید، مەولود، مەجید و کامەران) . مەولود لەکۆڕەکەی ساڵی 1991ی پاش ڕاپەڕین بێ سەروشوێن دەبێت و نادۆزرێتەوە چونکە کەمئەندام لەئوردوگای باینجانی نزیک بەشارەدێی بازیان لەکەسوکارەکەی دائەبڕێت. کامەرانیش ساڵی 2007 کەئەویش کەمئەندام بووە بە نەخۆشی کۆچی دوایی کردووە.
ساڵی 1969 دەخرێمە بەر خوێندن لەقوتابخانەی شۆرجەی سەرەتایی، کە ئەوکات خوێندن بە عەرەبی بوو. لەپاش بەیاننامەی 11 ی ئاداری ساڵی 1970 خوێندن بوو بە کوردی، گواستراینەوە بۆ قوتابخانەی هەڵگوردی سەرەتایی، ساڵی 1974 بەهۆی بارودۆخی باوکمەوە ماڵمان گواستەوە بۆ شاری شەنگار. ئەوکات باوکم کەناسی سەربازی بوو سەربازگەکەیان لەشەنگاربوو، نزیک بەسنووری نێوان ئێراق و سووریا. پاش ساڵێک گەڕاینەوە بۆشاری کەرکووک. لە گەڕەکی شۆرجە نیشتەجێ بووینەوە کە ئەوبڕە ماڵەی تازە درووست دەکرا پێیان دەگووت مەولەوی لە خوار گەڕەکی کاکاییەکان. پاش ساڵێک باوکم لە 28-10-1975 کۆچی دوایی کرد. ئێمە بە هەتیوی و بێ باوک ماینەوە، بۆشاییەکی گەورەی لە ژیانمان درووست کرد
ناچار لەپشووی خوێندن من و براگەورەکەم کارمان دەکرد تاکوو گەورەبووین. لە ساڵی 1978 خولیام کەوتە پەڕتووک خوێندنەوە، تەواوی دیوانی شاعیرانم خوێندەوە جگە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، یەکەم شیعرم ساڵی 1979 نووسیوە، بەناوی (دیمەن) ساڵی 1981 پەیوەندیم بەڕێکخستنی سیاسیەوە کرد، ئەوکات لە قۆناغی ئامادەیی بووم، پاشان بەشداریم کرد لە خۆپیشاندانە گەورەکەی کەرکووک لە دژی ڕژێمی بەعس، ئەمەش ترسی گرتنمان زۆربوو بەهۆی گیرانی کۆمەڵێک خەڵکەوە. هەر ئەوکاتە تاقیکردنەوەی کۆتایی قۆناغی خوێندنم بەجێهێشت و پەیوەندیم بەهێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە کرد، ساڵی 1984 لەکاتی گفت وگۆی نێوان ڕژێم و شۆڕش، لە ئاهەنگی نەورۆز لەگۆندی تەکیەی جەباری یەکەم شانۆگەریم بەناوی (چەوساوەکان) پێشکەش کرا لەلایەن تیپی هاوڕێیانی جەباری لە دەرهێنانی (سەلاح ڕەنجدەر) کە خۆیشم و کاک هاوڕێ کرێکار ڕۆڵمان تێدا گێڕا. دووەم شانۆگەریم لە هەمان ساڵ و لە گوندی خاڵۆ بازیانی بەناوی (شاروشاخ) پێشکەش کرا کە هەزاران کەس لە شاری کەرکووک و گوندەکانەوە هاتبوون بۆ ئەوبدوو ئاهەنگە. دوای ئەوە بوارم نەبوو بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانم بەڵام بەردەوام بووم لە شیعر نووسین. لە ساڵی 2000 چەند وتارێکی سیاسیم لە کوردستانی نوێ بڵاوکرایەوە، پاشان دەستم بە بڵاوکردنەوەی وتارەکانم کرد لە گۆڤاری ڕێبەری پێشمەرگە و گۆڤاری دۆسیە، لەپاش پڕۆسە لە ڕۆژنامەی (ڕای ئازاد) وتارم نووسیوە، کە یەکەم ڕۆژنامەی ئەهلی بوو لە شاری کەرکووک بە زمانی کوردی دەرچووە. پاش گەڕانەوەم بۆ شاری کەرکووک لە ساڵی 2005 وردەوردە تێکەڵی نووسەرانی کەرکووک بووم لەڕێگای کۆمەڵەی ڕووناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکووک دەیان کۆڕی شیعریمان پێشکەش کرد لەگەڵ کۆمەڵێک شاعیری شاری کەرکووک ساڵی 2019 یەکەم دیوانی شیعریم بەناوی (مانگەشەو و یادگاری) بڵاو کردەوە
چەندین چاوپێکەوتنم لەگەڵدا کراوە، وەک ڕادیۆی پێشکەوتن، گەڕیان میدیا و چەندین مەدالیای ڕێز لێنانم پێ بەخشراوە. لە هەمان کاتدا چەندین درامام بۆ کەناڵی ئاسمانی کەرکووک نووسیوە لەبەرنامەی تیرۆژ. ساڵی 2020 پەڕتووکی (هونەری جەنگ) م وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی نیوەی دابەشکرایە سەر لیواکانی هێزی پێشمەرگە و ساڵی 2021 ڕۆمانی (ئاگرەکەی شۆرجە) م بڵاوکرایەوە.
لە ئێستاشدا 2022 بابەتی شیعر و نووسینەکانم لە ڕۆژنامەی (سیروان) و (کەرکووکمان) و (کوردستانی گەورە) کە لە کەرکووک دەردەچن، لەلایەن شاعیر و نووسەرانی کوردستان و ناوچەکەوە بەشداری تێدا دەکەن.
پیشەی ئێستام 2022 ئەفسەرم بەپلەی عەقید لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان خاوەنی خێزانم باوکی چوار کوڕ و دووکچم بەناوەکانی (هارون، میران، هێڤین، ئەحمەد، ڕێبین و هەرژین) چوار نەوەم هەیە.
هەر لە کەرکووک گەڕەکی (پەنجە عەلی) دادەنیشم.
ئەندامی یەکێتی ئەدیبان و نووسەرانی ئێراقم.
ئەندامی کۆمەڵەی کوردستانی سەوزم.
ئەندامی کۆمەڵەی ئەفسەرانی کەرکووکم.[1]