ئیبراهیم ڕەوف شاعیرو ڕەخنەگرو ڕۆژنامەنووس ساڵی 1961 لە شارۆچکەی دەربەندیخان لەدایک بووە، ساڵانیکە شیعر دەنوسێت و هەروەها وەک ڕەخنەگرێکی پەخشانی کوردی کاردەکات و ئەزموونێکی باشی لە بواری ڕۆژنامەنووسییدا هەیە، لە ئێستادا وەک مامۆستا لەیەکێک لە خوێندنگاکانی شاری سلێمانی وانەدەلێتەوە.
دەسپێکی نوسینی شیعرو سەرەتای کاری ڕاگەیاندنتان بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟.
- من لەساڵانی 90کانەوە دەستم بەنوسینی شیعرو پەخشان کردووەو تاکوئێستاش بەردەوامم، بەنیسبەت کاری ڕاگەیاندیشەوە لە ڕادیۆی دەنگی هەرێم و ڕادیۆی دەنگی ئاشتی و ڕادیۆی پارێزگاران کارم کردووە تەنانەت ئەو باتانەی دەم نوسین زۆرجار دەمدایە ئەڤین ئاسۆو دەیخوێندەوە ,وەماوەیەکی زۆریش لە تەلەفزیۆنی شۆسیالیست بەرنامەم پیشکەشکردووەو ئێستاش وەک وتار نوسین بەردەوامم.
لەنێو کاری ڕاگەیاندن و شیعر نوسین کامیان لایتۆ خۆشەویسترن؟.
- بێگومان شیعر لای من زۆر لەڕاگەیاندن مەزنترو پیرۆزترە کەواتە شیعر لای من ناسنامەیەو ڕاگەیاندنیش دونیاییەکی ترەو دەبێت کاری باشتری بۆبکەین.
چۆن دەڕوانیتە ئێستای زمان و پەخشانی کوردی ؟.
- پەخشان وزمان هێشتا زۆرمان ماوە لێی تێبگەین و دەبێت کەسانی شارەزاو پسپۆڕ بێنە مەیدان و وکاری جدی بۆ بکەین، وەبەداخەوە پەخشان نووسمان کەمەو دەقە نایابەکان لەپەنجەی دەست تێپەڕ ناکەن و پێویستە گرنگی زیاتر بەپەخشانی کوردی بدرێت.
بەشداری هیچ فیستیڤاڵ و کۆڕێکی شیعریت کردووە؟
- بەڵێ بەشداری دەیان کۆڕی شیعریم کردووەو هەندێ جاریش بەپەخشان بەشداریم کردووە.وەمن باوەڕم بە پێشبڕکێ نیە چونکە زۆرجار فیستیڤاڵەکان لەلایەن لایەنێکەوە بەڕێوە دەبرێت حساب بۆ هەندێ خاڵی گرنگ ناکرێت وە پێشبڕکێکانیش یاری مارسۆن نی یە تابڵێین خاڵێکی دیاری کراوی هەیە.
هەست ناکەی کاڵفکاری و لێکچوونی شیعری لەناو شاعیرانی ئێستادا بەدی دەکرێت؟
- بەڵێ ئەوە ڕاستی یەکەو حەشای لێناکرێت، وە زۆربەی دەقە شیعرییەکانی نەوەی ئێستا کاڵفکاری پێوە دیارەو ئەو لێکچوونەش دەقەکان سفر دەکاتەوە وپێویستە کاری بۆ بکرێت و ڕیگەی لێبگیرێت.
چ جۆرە شیعرێک دەنوسیت؟
- زیاتر من شیعری ئازاد دەنوسم و وە شیعری چوارینەشم زۆرەو یەکێک لە شیعرەکانم لەلایەن هونەرمەندی دەنگخوش کامەران عومەرەوە بەناونیشانی ئازاری ژیانەوە کراوە بەگۆرانی، من بڕوای تەواویشم بە قەصیدەی شیعری هەیەو بەردەوامم.
دواین کارو پرۆژەی ئەدەبیت چی یە؟.
- لە ئێستادا خەریکی نوسین و ئامادەکردنی چەند قەسیدەیەکم و دەمەوێ لە ئایندەیەکی نزیکدا بڵاویان بکەمەوەو کاری باشترو چاکتر بۆ خزمەتی نەتەوەکەم بکەم.
یەکێک لە چوارینە شیعرییەکانی مامۆستا ئیبراهیم ڕەووف
ئاخ هەناسەکەم دایکی زامدارم
لەبۆنی بارووت گەلێک بێزارم
مەگەر لەیادی ڕۆژی نەورۆزا
نێرگز ڕایژەنێ کۆرپەی ئازارم
PUKmedia ڕێباز حەسەن کەڵهوڕیی-سلێمانی.[1]