رووداو دیجیتاڵ
ژنە شاعیر و چیرۆکنووسێکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێ، ژنە ئەدیبەکان ئێستا بوێرانەتر هەستی ژنانەی خۆیان دەردەبڕن و دەنگی ڕاستگۆیانەی دەروونی خۆیانن.
فەوزییە سوڵتان بەگی، شاعیر و چیرۆکنووسی خەڵکی بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ڕووداو گوتی، خوێندن لە ئاستە باڵاکان، ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە هۆی ئەوەی ژنان لە بواری نووسین و دەربڕینی هەستەکانیان بوێرتربن و لە بوارە ئەدەبی و نائەدەبییەکانیشدا ڕۆڵیان بەرچاوتر بووە.
بەگوتەی فەوزییە سوڵتان بەگی، لە ڕابردوودا ژنان بەهۆی پیاوسالارییەوە ناچاربوون خۆیان سانسۆر بکەن و خاوەن دەنگی خۆیان نەبن، بەڵام ئێستا ژنان ئەو بوێرییەیان هەیە کە دەنگی ڕاستگۆیانەی خۆیان بن، بۆ نموونە لە شیعردا بەبێ سانسۆرکردن دەتوانن دەربڕی ڕاستەقینەی ناخی خۆیان بن.
دەقی هەڤپەیڤینی ڕووداو لەگەڵ فەوزییە سوڵتان بەگی، شاعیر و چیرۆکنووسی خەڵکی بۆکان:
رووداو: ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کەیەوە دەستیان داوەتە قەڵەم؟
فەوزییە سوڵتان بەگی: ئەگەر بمانەوێ باسی مێژووی ئەدەبیاتی ژنان بکەین، باسی زۆری لەسەر کراوە و ڕەنگە لێرە دەرفەتی دووپاتکردنەوەی نەبێت. بەڵام ئەگەر وەک کوردستان باسی بکەین، ژنان بەردەوام لە ڕەوتە ئەدەبییەکاندا ئامادەبوون، بەڵام ئامادەبوونیان لەچاو پیاوان کەم ڕەنگتربووە. ئەوەش هۆکاری تایبەت بە خۆی هەیە، یەک لەوان سیستمی پیاوسالاریی کۆمەڵگە بووە کە درەفەتی نەڕەخساندووە شان بە شانی پیاوان خۆیان دەربخەن.
رووداو: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکەم نووسەری ژن مەستوورە ئەردەڵان بووە، وانییە؟
فەوزییە سوڵتان بەگی: بەر لە مەستوورەی ئەردەڵان نووسەری دیکەی ژنمان هەبووە
رووداو: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟
فەوزییە سوڵتان بەگی: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
رووداو: باست لە کۆمەڵگەی پیاوسالار کرد، چۆنە ئەوان لەو سەردەمە کۆنانەدا توانیویانە جێگەی خۆیان بکەنەوە و بتوانن بنوسن؟
فەوزییە سوڵتان بەگی: باسم کرد، سیستمێکی پیاوسالار بەسەر کۆمەڵگادا زاڵبووە، ئەوکات خوێندن وەک ئێستا لە قوتابخانەکاندا نەبوو، خوێندن لە مزگەوت و خانەقادا هەبووە، ئەوانەش زیاتر شوێنێکی پیاوانە بوون، ژنان لەو شوێنانە ئامادەنەبوون. کەوابوو دەتوانین بڵێین ژن دەرفەتی ئەوەی نەبوو خۆی فێربکات، خۆی ڕابێنێت. دیسان گێڕانەوەکان گێڕانەوەی دیوەخان بووە کە دیسانیش پیاوان لەم شوێنانە ئامادەبوون نەک ژنان، بۆیە ژنان دەرفەتی ئەوەیان نەبووە شانبەشانی پیاوان خۆیان دەربخەن. ئەمە جیا لە مەستوورە کوردستانی، ئەو یەکەم پێشەنگەکانی ئەدەبیاتی ژنە، ئەمەش بۆ پەروەردەی بنەماڵەی ئەو دەگەڕێتەوە، بنەماڵەی ئەو بنەماڵەیەکەی کراوەتر و ڕۆشنبیرتر بوون، مەستوورە لە دیوەخاندا گەورە بوو، دەرفەتی ئەوەی هەبوو خۆی پەروەردە بکات.
رووداو: بەردەوام بارودۆخی ژنان لە بواری ئەدەبیاتدا بەرەو باشتربوون بووە. وانییە؟
فەوزییە سوڵتان بەگی: دیارە، بەدڵنیاییەوە.
رووداو: ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم بارودۆخەی بە قازانجی ژنان گۆڕیوە؟ باشتری کردووە؟
فەوزییە سوڵتان بەگی: بە دڵنیاییەوە، ڕایەڵە جیهانی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرفەتی زیاتری بۆ ژنان ڕەخساندووە.
رووداو: یان ژمارەیەکی زیاتری ژنان دەچنە زانکۆکان و ناوەندەکانی خوێندنی باڵا؟
فەوزییە سوڵتان بەگی: دەرفەتی زیاتری بۆ ژنان ڕەخساندووە بۆ ئەوەی لە ماڵ بێنە دەرەوە و بێنە نێو کۆمەڵگەوە، لەو ڕێگەیەوە دیسانیش بتوانن ویستەکانیان، خوێندنەوەکانیان، دەربڕینەکانیان بەگوێی جیهان بگەیێنن.
رووداو: ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێگەی ژنان لەبواری ئەدەبیات و وێژەدا چۆنە؟ لە ئاستی گونجاودان، یان ماوەیەتی بگاتە ئاستی دڵخواز؟
فەوزییە سوڵتان بەگی: ئامادەبوونی ژنان بەخۆشییەوە زۆر بەرچاوە، نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکو لە هەموو جیهاندا.
رووداو: لەڕووی چەندایەتی یان لەڕووی چۆنایەتی؟
فەوزییە سوڵتان بەگی: دیارە لەڕووی چۆنایەتییەوە، هەروەها لەڕووی کوالێتیشیەوە کاریگەریی هەیە.
رووداو: ئێستا ژنان باشتر دەنووسن؟
فەوزییە سوڵتان بەگی: باشتر دەنووسن. ئێستا چونکە ژنان دەرفەتی زیاتریان بۆ خوێندنەوە و خۆڕۆشنبیرکردن هەیە، کاریگەریی لەسەر کوالێتی بابەتەکانیش هەیە. ئێستا ژنان جیا لە بابەتی ئەدەبیات، لە ژانرەکانی دیکەی ئەدەبدا ڕۆڵی بەرچاویان هەیە، وەکو سینەما و بابەتە زانستییەکان و... ڕۆڵی بەرچاویان هەیە.
رووداو: نووسەرانی ژن، ئەوانەی لەبواری ئەدەبیاتدا کاردەکەن، چەندە دەنگی ڕاستەقینەی ژنانن؟ مەبەستم ئەوەیە چەندە هەست و سۆزی ژنانە دەردەبڕن؟
فەوزییە سوڵتان بەگی: لە ڕابردوودا بەهۆی ئەو سانسۆرەی لەسەر ژنان هەبوو یان ئەو خۆسانسۆرکردنەی لە ئارادا بوو، ئەویش وەک ئاماژەم پێکرد بەهۆی سیستمی پیاوسالارییەوە بوو، خاوەن دەنگی خۆیان نەبوون، بە شوێن پێی پیاواندا دەچوون، نووسینەکانی پیاوانیان دووپات دەکردەوە، دووربوون لە دەربڕینی ڕاستییەکانی دەروونی خۆیان.
رووداو: ئێستا وا نەماوە؟
فەوزییە سوڵتان بەگی: ئێستا ژنان ئەو بوێرییەیان هەیە کە دەنگی ڕاستگۆیانەی خۆیان بن، ئێستا کە شیعری ژنان دەخوێنینەوە بەبێ سانسۆرکردن دەتوانن هەستی ڕاستەقینەی ناخی خۆیان بن.
رووداو: ژنان زیاتر لەبواری شیعردا دەنووسن، بۆ نەچوون بۆ بوارەکانی چیرۆک و ڕۆمان؟
فەوزییە سوڵتان بەگی: بۆ ئەمەش دەبێت دیسان بۆ ڕابردوو بگەڕێینەوە. دەتوانم بڵێم شیعر دەنگوباسی ڕاستگۆی ناخی ئینسانەکانە کە بە دەیان ڕازی سەر بە مۆری لەوێدا حەشارداوە. جا ئەگەر ژنان ئەم ڕازانە بدرکێنن ژیان و کۆمەڵگە ڕەوتێکی جوانتر و بەختەوەرتری دەبێت. ئەوەی کە ژنان بۆچی لە ڕابردوودا شیعریان هەڵبژاردووە، جیا لەوەی کە ژنان هەوڵیانداوە بێنە نێو کۆمەڵگە، دەتوانم بڵێم ئاسانترین و بەردەستترین ئامرازێک بووە کەوا ژنان بە دەستیانەوە بووە و توانیویانە لە ڕێگەی شیعرەوە ویستەکانی خۆیان بە کۆمەڵگە بگەیێنن و لە کۆمەڵگەدا ئامادەبن، ئێستاش جگە لەوانە پلان و ویستی دیکەیان هەیە، لە ڕێگەی خۆڕۆشنبیرکردن و لە ڕێگەی داهێنان و نووسینەکانیانەوە کۆمەڵگەیەکی یەکسانخواز دروست بکەن و ژنان شانبەشانی پیاوان لە بواری ئەدەبیات و لە کۆمەڵگەدا چالاک بن.[1]