د. سەرکەوت حەمەدەمین، توێژەری بواری پزیشکی و مامۆستای زانکۆی سۆران، ئێستا بۆ توێژینەوەیەکی پزیشکی سەردانی وڵاتی ئەڵمانیای کردووە و لەگەڵ ژمارەیەک توێژەری بیانی سەرقاڵی ئامادەکردنی توێژینەوەیەکن لەسەر دووبارە دروستکردنەوەی خانە و شانەی دڵی مرۆڤ.
د. سەرکەوت حەمەدەمین لە دیمانەیەکی لەگەڵ (باسنیوز)دا باسی ئەو توێژینەوەیە دەکات و دەڵێت: ''توێژینەوەکەمان بریتییە لە دووبارە دروستکردنەوەی خانە و شانەی دڵی مرۆڤ لە ڕێگەی گەشەکردنی خانەی هاندەری بنچینەیی مرۆڤ لە تاقیگەدا و گۆڕین و هاندانی خانە بنچینەییەکان بۆ خانەی سەرەتایی موولوولەکان و دڵی مرۆڤ''.
ئەو توێژەرە کوردە باس لە بیرۆکەی سەرەتایی سەرهەڵدانی پرۆژەکە دەکات و دەڵێت: ''ئەم پرۆژەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (2016) کە سەرەتا تەنها توانیمان لە تاقیگەدا خانە هاندەرە بنچینەییەکان بە جۆریەتییەکی بەرز و ڕێژەیەکی زۆر گەشە پێ بکەین و دواتر دەستمان کرد بە گۆڕینی ئاراستەی گەشەکردنیان بۆ خانەکانی دڵی مرۆڤ، لە ئەنجامدا تەواوی کارەکەمان لە گۆڤارێکی ئاستبەرزی جیهانیدا بڵاو کردەوە کە ئەمە بەستەرەکەیەتی (https://www.thno.org/v09p7222)، دواتر دەستمان کرد بە دروستکردنەوەی شانەی دڵی مرۆڤ، ئەنجامەکان لەم مانگانەی دواییدا دەرکەوت، سەردانی ئەم بەستەرە بکەن بۆ بینینی چۆنیەتیی کرژبوون و خاوبوونەوی شانەی دروستکراوی دڵی تاقیگەیی (https://www.cardiac-tissue-engineering.eu/).
د. سەرکەوت حەمەدەمین گرنگیی توێژینەکەوە لەوەدا دەبینێت کە پرۆژەیەکی گەورەیە و دەڵێت: ''سەرەتا لە تاقیگەدا تەنها هەوڵی دووبارە گەشەکردنی خانە هاندەرە بنچینەییەکانمان دا و ئەم کارە نزیکەی ساڵیک کاتی ویست، دواتر دەستمان کرد بە دووبارە دروستکردنەوەی خانەکانی دڵی مرۆڤ بە ژمارەیەکی زۆر و ڕێژەیەکی بەرز لە جۆریەتیی خانەکانی دڵی مرۆڤ، ئەم کارەمان لە گۆڤارێکی ئاستبەرزی زانستیی جیهانیدا بڵاو بووەوە کە تێیدا ئاماژە بە ناوی زانکۆی سۆران و کوردستانیش کرابوو، ئەمە بەستەرەکەیەتی (https://www.thno.org/v09p7222) و دواتر دەستمان کرد بە دووبارە دروستکردنەوەی خانەکانی موولوولەکانی خوێنی مرۆڤ بە ناوی خانەی ئیندۆسیلین، ئەم کارەمان لەژێر چاپدایە و لەم یەک دوو مانگەی داهاتوودا چاپ دەبێت''.
ئەو توێژەرە کوردە پرۆژەکە زۆر بە گرینگ دەزانێت و دەڵێت: ''1- ڕێگەی توێژینەوە ئاسانتر دەکات دەربارەی تێگەیشتن لە سروشتی خانەی دڵ و موولوولەکانی خوێنی مرۆڤ؛ 2- وا دەکات ئاسانتر دەرمانە نوێیەکان تاقی بکرێنەوە بێ ئەوەی خودی مرۆڤ و گیانەوەری تێدا بەکار بێت، ئەمەش بەشی زۆری کیشەی فەلسەفە و ئەخلاقی زانستی و ئایینی چارەسەر دەکات، چونکە لە تاقیکردنەوەکانی زانستی پزیشکیدا چیی دیکە پێویست ناکات کۆرپەلەی گیانەوەران و مرۆڤ لەبار ببردرێت بۆ توێژینەوە زانستییەکان و دۆزینەوەی دەرمانی نوێ؛ 3- لە داهاتوودا ئەگەری زۆر هەیە ڕاستەوخۆ خانە، یان شانە دروستکراوەکانی نێو تاقیگە لە دڵی جەڵتەلێدراودا بچێندرێن و دەرهاویشتەکانی جەڵتەی دڵ کەم بکرێتەوە، یان هەر نە هێڵدرێن''.
سەبارەت بەوەی کە کێ سوودمەندی یەکەم دەبێت لە کاتی سەرکەوتنی پرۆژەکەدا، د. سەرکەوت حەمەدەمین دەڵێت: ''لەبەر ئەوەی پێشبینی دەکرێت کە ڕێژەکی زۆری خەڵک تووشی نەخۆشییەکانی دڵ ببن لە ساڵانی داهاتوودا، بۆیە ئەم تەکنەلۆجیایە زیاتر هاوکاریی توێژەران و پزیشکان دەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری نوێ بۆ نەخۆشییەکانی دڵ، بێگومان کەسانی تووشبوو بە نەخۆشییەکانی دڵ، بەتایبەت جەڵتەی دڵ، سوودمەندی یەکەم دەبن. هەروەها هاوکاریی زۆری ناوەندەکانی توێژینەوە دەکات بۆ هەبوونی ڕێگەیەکی نوێی توێژینەوەی زانستی، بێ ئەوەی خودی مرۆڤ و گیانەوەرانی تێدا بەکار بێت، بەمەش هاوکارییەکی زۆری ژینگە و کۆمەڵەی پارێزەرانی سروشت و مافی ئاژەڵان دەکات''.
بایۆگرافیی د. سەرکەوت حەمەدەمین
باوکی خەڵکی گوندی دەرگەڵە، سەر بە قەزای ڕواندزە و دایکیشی خەڵکی شاری ڕواندزە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندیی لە شاری ڕواندز سەر بە پارێزگای هەولێر تەواو کردووە، بڕوانامەوی بەکالۆریۆسی لە بەشی بایۆلۆجی سەر بە کۆلێژی پەروەدەی زانست لە زانکۆی سەڵاحەدین-هەولێر وەرگرتووە، بڕوانامەی ماستەری لە بایۆلۆجی-کارئەندامزانیی گیانەوەری لە بەشی بایۆلۆجی سەر بە کۆلێژی زانست لە زانکۆی سەڵاحەدین-هەولێر وەرگرتووە، بڕوانامەی دکتۆرای لە کارئەندامزانیی پزیشکی و دەرمانی دووبارە دروستکردنەوە لە ناوەندی توێژینەوەی کارئەندامزانی و پاسۆفیسیۆلۆجی سەر بە فاکەڵتی پزیشکیی زانکۆی کۆڵن لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا وەرگرتووە.[1]