شەماڵ سائیب بۆچی دڵی لەسلێمانی ڕەنجا؟!
شەماڵ سائیبی هونەرمەندی دڵتەڕی پەنجا و شەستەکانی سەدەی ڕابردو، بەئەندازەیەک لەدوا ساڵەکانی تەمەنیدا دڵی لەسلێمانی دەڕەنجێ کە وەسیەت دەکات لەهەولێر بینێژن، ئەو هەرچەندە لەسلێمانی و لەباوەشی بنەمالەیەکی ناوداری ئەم شارەدا لەدایکببو، بەڵام لەشیعرێکیدا بەر لەوەی بۆ یەکجاری چاولێکبنێت چی قسەی نەشیاوە بەخەڵکی سلێمانی دەڵێت، تا دەگات بەوەی پێیانبڵێت کامیان شیرینە وەک زەهری مارە.. ئافرەتیان هەیهو وەک سەگی هارە!
شەمال سائیب یەکێ بو لەو ئەستێرە درەوشاوانەی هونەری کوردی کە وەک محەمەد عەلی مەدهۆشی شاعیر دەڵێت لەماوەیەکی کەمدا ناوبانگێکی گەورەی دەرکردو گۆرانیەکانی لەناو بەشی زۆری کوردستاندا دەنگی دایەوەو پەسەندکراوی هەمو کوردێکی دڵتەڕو هونەردۆست بو.
شەماڵ هەرچەندە لەبنەماڵەیەکی خانەدان و ناوداری شاری سلێمانی چاوی بەدنیا هەڵهێناو باوکی لەچەندین قەزای شارەکانی کوردستان قایمقام بوە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت ژیانێکی ناخۆشی پڕ لەتراژیدیاو دەردەسەری و نەبونی بەسەربردوەو ناخۆشترین کات لەژیانیدا ئەو کاتانە بوە کە عودەکەی فرۆشتوە لەبەر بێپارەیی.
ئەم هونەرمەندە، کە لەساڵی 1931 لەشاری سلێمانی لەدایکبوە و پاش تەواوکردنی قۆنا غی خوێندنی سەرەتایی چۆتە کۆلیژی مەلیک فەیسەڵ لەشاری بەغدای پایتەخت کە قوتابخانەیەکی دواناوەندیی بوەو بەزمانی ئینگلیزی وانەی تێدا خوێندراوە، کەسێکی پڕ لەبەهرەو داهێنان بوە.
شەماڵ سائیب یەکەمین کورد بوە لەکۆتایی چلەکانی سەدەی ڕابردودا لەبواری هونەری موسیقادا بخوێنێت بەشێوەیەکی ئەکادیمی و بچێتە پەیمانگای هونەرە جوانەکان لەبەغدا.
یەکەمین کوردیش بوە کە فێری ژەنینی ئامێری عود بوه و لەهەڕەتی گەنجێتیدا لە ئێستگەی کوردی لەبەغدا کاری کردوە.
شەماڵ سائیب لەسەر ئاستی عێراق، بەعەرەب و کوردەوە یەکەمین هونەرمەند بوە کە 10 گۆرانی کلیپ کردوە بەهاوکاری دەرهێنەرێکی فەرەنسی بەناوی شیراک، کە لەو ڕۆژگارەدا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوە.
کلیپ و گۆرانیەکانی شوانە هۆ شوانە، ئازیز بەهارە، بەردە بەردە، هاتی بۆ هاتی، هاتم هاتم، هەرە لەیلێ، هاوار سەد هاوار، بۆ تۆیە دڵ بۆ تۆیە، جوانین ئێمە جوانین بەدەنگە خۆشەکەی بۆ ئەو ڕۆژگارە کە تازە تەلەفزیۆن هاتبوە عێراق و کوردستانەوە بەرەوتێکی گەورەی نوێگەری هونەریی دادەنرێت.
شەماڵ کە لەتەمەنی 17 ساڵییەوە لەگۆڤاری گەلاوێژو ڕۆژنامەکانی ژین و هیواو هەتاودا چەندین بابەتی سەبارەت بەمۆسیقا بڵاوکردوەتەوە، پێشەنگ بوە لەوەی کۆرسی هێناوەتە ناو گۆرانیی کوردی و بۆ یەکەمجار گۆرانی بۆ منداڵان گوتوه و گۆرانیی دوێتی لەگەڵ ژندا وتوە.
شەماڵ پاش ئەوەی لەساڵی 1956 کۆلیژی ئاداب بەشی مێژو لەزانکۆی بەغدا تەواو دەکات، لەساڵی 1959 دەبێتە مامۆستای هونەری مۆسیقا لەپەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغداو بۆ یەکەمجار لەساڵی 1961 سرودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب لەسەر قەوان تۆمار دەکات، کە شیعری دڵدارو ئاوازەکەیشی هی شێخ حوسێن بەرزنجی بووە.
ساڵی 1961 ڕودەکاتە ئەمەریکاو لەشاری واشنتۆن لەشوقەیەکی بچوکدا ژیان بەسەردەباو ساڵی 1970 بڕوانامەی ماستەر لەزانکۆی ئیندیانا لەمێژوی مۆسیقای ئیسلامیدا بەدەستدەهێنێت.
ساڵی 1971 لەسەر داوای دۆستانی و بەمەبەستی دامەزراندنی کۆلیجی ئاداب لەزانکۆی سلێمانی دەگەڕێتەوە کوردستان و دەبێتە مامۆستای زانکۆی سلێمانی.
پاش گواستنەوەی ئەم زانکۆیە لەسلێمانییەوە بۆ هەولێر لەساڵی 1982دا، شەماڵیش دەگوازرێتەوە بۆ هەولێرو ئیتر نایەوێ جاریکیتر سەر بکاتەوە بەسلێمانیدا!
بەپێی گێڕانەوەی ئەوانەی شەماڵیان لەنزیکەوە ناسیوە، هۆکاری دڵ ڕەنجانی ئەم هونەرمەندە دڵتەڕو نوێگەرە لەسلێمانی، کە ڕۆژگارێک داوای دەکرد بکرێت بەسەنتەری هونەری کوردی، هەڵسوکەوتی نەشیاوی چەند موزیکژەن و هونەرمەندێکی ئەم شارە بوە کە بوەتە مایەی دڵگرانی شەماڵ و بێزاربونی یەکجارەکی لەسلێمانی.
تەنانەت کار دەگات بەوەی کە شەماڵ لەدوا ساڵەکانی تەمەنیدا کاتێک ڕۆژنامەنوسێک پرسیاری ئەوەی لێدەکات: نایەیتەوە بۆ سلێمانی؟ شەماڵ لەوەڵامدا بێ دودڵی دەڵێت: نا قەت قەت!
ئەم هونەرمەندە دەنگ خۆشە کە ڕۆشنبیرێکی بیرفراوان و ڕوخۆش و شارەزا بوە لەهونەرو مۆسیقاو سیاسەت و مێژودا، بەر لەوەی بۆ یەکجاری چاوی لێکبنێت، لەشیعرێکدا بەناوی چوار جرتەکی، ڕق و قینی خۆی بەئەندازەیەک بەرامبەر بەئەهلی سلێمانی دەردەبڕێت کە جنێوبارانیان دەکاو پێیاندەڵێت باوکیان ئەفرۆشن بۆ پول و پارە.. کامیان شیرینە وەک زەهری مارە.. ئافرەتیان هەیهو وەک سەگی هارە! لای ئەوان وایە دوای سلێمانی.. کوردستان نییەو ئەبێ بیزانی.. بێبارو دوڕو ڕاستیان تیا نییە.. ئەم جرت و فرتەی ئێوە لەچییە؟.
لەبەرامبەریشدا لەدوا ساڵەکانی تەمەنیدا، شەماڵ خۆشەویستی خۆی بۆ هەولێر دەردەبڕێ و زۆرجار لەلای دۆستەکانی وتویەتی: من خۆم بەهەولێریی دەزانم، هەر کاتێ مردم وەسیەت بێت لەهەولێر بمنێژن وەک وەفایەک بۆ هەولێر، تاکو جەستەو ئێسقانم ببێتە بەشێک لەخاک و خۆڵی هەولێر.
رەنگە بەشێکی ئەم خۆشەویستییەی بۆ هەولێر بگەڕێتەوە بۆ ئەو بایەخ و گرنگیپێدانەی ماڵی شێخ سەلاحەدین باقلانی و کوڕەکانی بەم هونەرمەندەیان داوە، کە خاوەنی تەکیەو سفرەو خوان و میوان دۆست بون و لەکاتێکدا شەماڵ پیرو ڕەنگ زەردو لەش بەبار بوەو بەدەست نەخۆشییەوە ناڵاندویەتی، مەسرەف و خزمەتیان کردوەو چاکترین نەخۆشخانەو دکتۆریان پێکردوە.
شەماڵ کە خۆی دەڵێت من هاوڕیم زۆر کەم بوەو ژمارەی هەمو هاوڕێکانم لەپەنجەی دەست تێنەپەڕیوە، لەدوا ڕۆژەکانی ژیانیدا دڵە ناسکەکەی دەبێت بەژێر هەرەسی خەمەوەو تەواو لەژیان بێزار دەبێ و تەندروستی تێکدەچێت، تا دەگات بەوەی ئیتر کەس ناناسێتەوە. بۆیە کوڕێکی شێخ سەلاحەدین باقلانی تەلەفون بۆ نیهال سائیبی برای دەکات بێن بەهانایەوەو کەسوکارەکەی لەسەرەمەرگدا دەچن دەیهێننەوە بۆ سلێمانی، هەرچەندە خۆیشی وەسیەتی کردبو لەهەولێر بینێژن.
پاش هێنانەوەی بۆ سلێمانی زۆر ناخایەنێت، شەماڵ سائیب لە7 / 11 /1986 کۆچی دوایی دەکات و لەگردی سەیوان بەخاک دەسپێردرێت.[1]