مەلەک تاوس: ناوی گەورە فریشتە، یان خودای هەرە پایە بڵندە لە باوەڕی ئێزدیاندا. ناوەکە لێکدراوە. لە لێکدانی هەردوو مەلەک+تاوس. پێکهاتووە.
وشەی مەلەک، دەگەڕێتەوە سەر وشەی فەینیکی molek، مۆلێک بە واتای مەزن. پاشا، لە زمانی سریانیی malakho، مەلاکهۆ، بە واتای نێردراو. لە ڕەگی کرداری leque، لێقوێ بە واتای ناردن.
تاوس، هیچ پەیوەندیەکی بە باڵندەی تاوسەوە نیە، کە هەرگیز لەو ژینگەیە دا نەبوون، کە ئێزدیانی تێدا ژیاون تاوس بارێکی گۆڕاوی ناوی زۆر کۆنی خودا بووە، لە زمانە هیندۆروپییەکان تاوس، کە لە زمانی ئێستای کوردیی، بە دێو ماوەتەوە، بە کۆنترین ناوی خوداوەند لە زمانی پرۆتۆهیندۆروپیی دادەندرێت.
ناوی دێو لە زمانی هاوبەشی PIE دا بە شێوەی -deiwo، دێیوۆ بووە. لە باری ناوی کارادا لە کاتی بانگ کردن و هانا بۆ بردندا، ناوەکە بە شێوەی -deiwos، دێیوۆس- گۆ کراوە. بە هاتنی ئایینە ئێرانییەکانی وەک زەرڤانیی، میترایی و ئاڤێستایی، دێو لە پێگە خوداییەکەی کەوتووە. لە ئاڤێستایی، ڕێک پێچەوانە کراوەتەوە و بۆتە ئەهریمەن. ڕەنگە لە بنەڕەتدا، هەر ئەمەش بووبێت، کە زۆرینەی زەردەشتیی و دواتر زۆرینەی خەڵکی کوردستان، ئێزدیەکانیان بە دێو ئەهریمەن یان شەیتان پەرست ناو بردبێت. دەبینین کە لە ئاڤێستایی daeva، دەیێڤە لە باری نێریی، واتا خودای درۆزنە. هەروەک daevi، دەیێڤی هەمان شت لە باری مێیی. لە زمانی سانسکریتییدا devi، دێڤی هاتووە. ناوەکە بە لاتینیی کۆن بۆتە dea، دێیە. لە پارتیی پێیگوتراوە dyw، دیو، هەروەها dew، دێو. لە سکایی dyu، دیو واتا ئەهریمەنیی. لە سوغدیی dyw، دیو، هەروەها dyw,,k، دییوک واتا ئاسمانیی.
وشەی -deiwos، دێیوۆس لە زۆرێک لە زمانە هاوچەرخەکانی هیندۆروپیش بە پارێزراوی ماوەتەوە. بە هەمان شێوەی زمانە کلاسیکییە مردووەکانی هیندۆروپیی. لەو زمانانەدا، دێو هێشتا بە واتای هەرە کۆنی خۆی (خودا) بەکار دێت. لە لاتینییدا وشەکە بە deus، دێوس هاتووە، هەر بە واتای (خودا)، هەروەک ناوێکی گشتیشە بۆ خودا. لە زمانی فەرەنسیی، خودا بۆتە dieu، دیێو. لە هەردوو زمانەکانی گالیی و پورتوگالیی بە خودا دەگوترێت deus، دێوس. لە زمانی ئیتاڵی خودا پێی دەگوترێت dio، دیۆ. بە ئیسپانیی dios، دیۆس. لە ئیرلەندیی وشەی خودا بۆتە dia، دیە. بە زمانی کەتەلانیی ناوی خودا بریتیە لە deu، دێو. بە لێتیی خودا بۆتە dievs، دیێڤس. لە لیتاویی خودا پێی دەگوترێت dievas، دیێڤەس. لە زمانی کیمیریی وێڵزییش، بە خودا دەگوترێت duw، دوو. شێوە هیتییەکەی ناوەکە، بریتی بوو لە sius، سیوس. ڕەگی ناوەکە بریتی لە -siu، سیو- کە لە ناوی بەربڵاوی پەرستگاکانی کوردستان، لە ژێر ناوی (زێوە) دەیناسینەوە. ناوی دێو، یان دێوس، یان سیوس، کە لە بنەڕەتدا واتای ئاسمانی گەیاندووە، کە شوێنی خوداوەندەکانە، لای گرێکەکان بۆتە (زێوس).
بەمجۆرە مەلەک تاوس، دەبێتە تاوسی پاشا، یان تاوسی مەزن. تاوس بۆخۆیشی، لە بنەڕەتدا هەمان دێوس بووە، کە دەکاتە ئاسمان، یان خودای لە ئاسمان. دیاردەی نەمری و ئاسمانی بوونی خوداکان و مردن و زەمینی بوونی مرۆڤ، نزیکەی لە تێکڕای ئایینەکان دا دەردەکەوێت. دوای نەمانی پەرستنی دێو لە کوردستان و هاوکات بەهۆی گۆڕانی زمان و تێنەگەیشتنی واتای بنەڕەتی ناوەکە. هەروەک لێکچوونیشی لەگەڵ ناوی تاوس، ئاسانترین لێکدانەوە بۆ ناوەکە، هەر ئەوە بووە کە لە باڵندەی تاوسەوە هاتووە. ناوی باڵندەکە کوردیی نیە و بۆ سەر زمانی سانسکریتیی-هیندیی دەگەڕێتەوە، هەرچەندە باڵندەکە، گەر لە کوردستان هەشبووبێت، ئەوا بە دەگمەن و لە قەفەس دا بووە، بەڵام هەمان واتای بۆ داتاشراوە و باڵندەکەش لە سریمۆنیا ئایینییەکانی ئێزدیان، پیرۆز کراوە.
مامۆستا #تۆفیق وەهبی#، زۆر پێش من، هەمان بۆچوونی هەبووە و لای وا بووە کە تاوس، دەگەڕێتەوە سەر (دیاوس) کە لای نەتەوە سروشت پەرەستەکان، خوداوەندی ئاسمان بووە، بەبێ ئەوەی لێکدانەوەی ئێتیمۆلۆژی بۆ بۆچوونەکەی خۆی کردبێت. ئەو لەمبارەیەوە دەنوسێت: (تاووسی مەلەک، بە گوێرەی بیروڕای یەزیدی، یان لە خوای گەورە و تواناوە پەیدا بووبێ، واتا لە تیشکی ئەو پەیدا بووبێ. ئەوەی هەروەکو نوێنەرێکی لێپرسراوی خۆی ناردراوە، لەجیاتی، بۆ پارێزگاری گشت جیهان. واتا هەموو بوون! هەر لە ئەم یەک لە دوای یەکی تری، شەش خوداوەندەکەی تری لێ پەیدا بووە. ئەوانەی کە لەگەڵ خۆی، هەر بە یەک کەس دەژمێردرێن)
#شاسوار هەرشەمی#
[1]