سێدارە
#ڕەسوڵ سوڵتانی#
گەش گەش بۆوە. کاغەزەکەی سەرلەبەر خوێندەوە و دەستی بۆ قەڵەمەکە برد. سەیرێکی کاغەزەکەی کردەوە، یەکەم جار بوو بڕیارێکی ئاوا ئەژنۆی نەلەرزێنێ. بیست ساڵ چاوترووکانێکە، لەبەر خۆیەوە وای گوت. گوتی: ئەوە نەمردین و ئەو ڕۆژەشمان دی. ڕۆژێک ئێمە لە پای سێدارە بووین، ئێستاش ئەوە چیی زماندرێژ و هەڵەوەڕە. تیەح چەندە جیاوازین. ئێمە لەگژ حوکمەتێک ڕۆچووبووین کە خوێنی ئەوانی مژیبوو. ئەوان هاتوونە سەر سفرەی حازر و قسەشیان زلە. ئیدی کاتی ئەوەیە زمانی ئەوانە ببڕین کە لە ڕەخنە بەو لاوە قسەیەکی خێر ناکەن. دەبێ تێبگەن، دەبێ ئاقڵ بن، ئەو حوکمەتە بەخوێنی هەزارانی وەک من هاتووەتە بەرهەم، ئێستا ئەوان دەیانەوێ بە نووکە قەڵەمێک هەڵیوەشێننەوە؟
چییان دەوێ؟
چییان کەمە؟
جاری جارانیان لەبیر نەماوە؟
لەسەر شیعرێک سەگ بە حەساریان پێ دەکردن؟
بۆ ئەوەندە سپڵەن؟
چییان لە گیانی ئێمە دەوێ؟
بڵێ باڵەخانەی ئێمە بە ئێوە چی؟
یانی هەقی ئەوەمان نییە سێ چوار خانووی خۆشمان هەبێ؟
ئەودەمی ئێمەمانان لە ئەشکەوتدا بووین، ئێوە لەسەر نوێنی پەڕەقوو دەنوستن. گۆڕی گیانیان بێ، وا باشە، هەر کەس زمانی گەڕا زمانی ببڕم. من ئەو قسانەم بەگوێدا ناچێ. ڕەخنەگر قسەی چاکیش بکا هەر دەبێ تێی هەڵدەی. چیم بۆ نەکردوون؟
چیم لەدەست هاتووە و نەمکردووە؟
وەڵا تەواومان کرد، هەر ئەوەندە ماوە بێن و کورسییەکەمان لەبن قوونی دەرهێنن و خۆیان لەسەری دانیشن. چییە! ڕووناکبیرین! تڕحێو، ڕووناکبیری چی؟
ئەگەر ئێمە خەباتمان دەکرد، ئێوە لەکوێ بوون؟
ها؟
بە بەژن و باڵای داگیرکەرتان هەڵدەگوت، ئێمە دەچووینە پای سێدارە و ئەوان لە تەڕی دەیانخوارد و لە وشکی دەنوستن. ئێستاش دەیانەوێ بەرهەمی خەباتەکەمان بدەینە دەست ئەوان.
بە دەم ورتەورتەوە جگەرەکەی دانا و دەستی دا قەڵەمەکەی و دەستێکی بە ئەژنۆی خۆیدا هێنا. وەک پێچکەی کورسییەکە قورس و قایم بوون. ئەو ڕۆژە وا نەبوو. بیست ساڵ لەمەوبەر بوو. بە خەونیش بیری لەمڕۆ نەکردبۆوە. بەیانی بوو، کە هێنایانن، سەربازەکان ڕاوەستابوون و خەڵکێکیش وێنەیان لێ دەگرتن. لە دڵی خۆیدا گوتی: یانی ئەوە ئەو خەڵکەن ئێمە خۆیان بۆ بەکوشت دەدەین؟
بڕوا ناکەم ئەوانە خەڵکەکەی خۆمان بن. لە داخی خەڵکەکە بوو یان بە دیتنی پەتی سێدارەکە، ئەژنۆی لەرزین. پەتی سێدارەی یەکەم جار کە دیتبوو، دڵی پر ببوو و نەیوێرابوو لەبەر مامۆستاکەی بگری، ڕقێکیش هەموو گیانی تەنیبوو. ئارامی هاوڕێی وێنەکەی خستبووە نێوەندی کتێبەکەی و هێنابوویە پۆل. لە دڵی خۆیدا گوتبووی، ئافەریم بۆ ئارام، بە خوای ئازایە. دڵەخورپە دایگرتبوو و خواخوای بوو دەرسەکە تەواو بێ و زوو بچنە دەرێ و تێر سەیری دیمەنی سێدارەکە بکا. ئەو پیاوەی بە پاڵتۆیەکی درێژەوە هەڵواسرابوو و سەری بە لای شانی چەپیدا خوار ببۆوە. گوتی، ئەوە پێشەوایە. بەرەبەری بەیانی لە سێدارەیان داوە. گوتی دەزانم. چۆن منیش یەکی لێ هەڵگرمەوە حەز دەکەم هەمبێ. ئارام گوتی: خەمت نەبێ، خۆم بۆت هەڵدەگرمەوە. نەمزانی دەتهەوێ.
ئێوارەی ئەو ڕۆژە کە وێنەکەی لە ئارام وەرگرت، خۆی ئارامی لەبەر هەڵگیرابوو. بەیانی کە خەڵک هەستان، گەڕەک هەموو دروشمی جۆراوجۆر بوو. :پێشەوا نامرێ. چوار ساڵ دواتر کە لە تاریکوڕوونی بەبانیدا هاتنە سەری و گرتیان، یەکەم شتێک لە لە لێپێچینەوەدا پێیان گوت، نووسینی دیوارەکان بوو. ئەو هێندەی دیوار نووسیبوو، هەر لەبیریشی نەمابوو یەکەم جار لە کوێوە دەستی پێ کردووە. کابرا مرچومۆنەکەی پشت مێزەکە پێی گوت: واز لەو کارە قۆڕانە بێنە. ئەو حکوومەتە قەڵایەکە بە مێروولە ناڕووخێ. ئەو لە بنەوە و لە دڵی خۆیدا گاڵتەی بە قسەکەی کابر هاتبوو و گوتبووی، ڕزیوە، ئاگات لێی نییە. دواتر کە پێیان
راگەیاند سێدارەت بۆ بڕاوەتەوە، مچوڕکەیەک لە هەموو گیانی گەڕا. یانی، هەر بەراست دەمکوژن؟
مەرگ ئاوا زوو بەربینگی پێ گرتم؟
نا ئەوە مەرگ نییە، با دروشم نەدەم، بەڵام دەبێ خۆڕاگر بم وەک، دەستی برد و دەفتەرەکەی دەرهێنا و بیری لەوە کردەوە لە نامەیەکدا ماڵاوایی لە گراوییەکەی بکا، دەستی قەڵەمی نەدەگرت. لە سەرووی لاپەڕەیەکەوە ئەوەندەی نووسی: ئێمە ئەو ڕێگەیەمان بە دڵی خۆمان هەڵبژاردووە، ژیانی بەبێ ئازادی هەر مەرگە، مەرگ لە پێناوی ئازادیدا ژیانێکی تاهەتاییە.
تازە لە نووسینەکە ببۆوە، کە بانگیان کرد و بردیان. هەر لەوێوە هیچی لەبیر نەمابوو. ئەو دروشمانە و هەرچی پێشتر بیری لێ کردبوونەوە، چیی زۆری لەخۆی کرد یەک شتیشی وەبیر نەهاتەوە. بەدەم ڕێگەوە بیری لە دوا ساتەکان دەکردەوە. بیری لەوە دەکردەوە، یانی ئەوە منم دەمرم؟ یانی هەر بەراست من دەبێ بمرم؟
نا!
لە بەردەم پەتەکەدا، کاتێ خەڵکەکە وێنە و فیلمیان لێ هەڵدەگرتەوە، دوو سەرباز چووبوونە بن پیلی بۆ ئەوەی نەکەوێ. بردیانە سەر کورسییەکە و پەتەکەیان بە ملیدا کرد. حوکمەکەیان نەخوێندەوە. ڕێک لەو دەمەدا یەکێک بە زمانێکی دادوەرانە گوتی: بیهێننە خوارێ جارێ زووە بۆ کوشتنی. ئەوە یەکەم سێدارەی بوو. سێ جاری دیکەش ئاوا بردیانە بەر پەتی سێدارە و تەنانەت لە چوارەمین جارەکەیدا کورسییەکەشیان ترازاند، بەڵام نەیانهێشت بمرێ و زیندوویان کردەوە.
تەقەی دەرگاکە ڕایچڵەکاند، بۆ دەموساتێک وەیزانی دەرگای زیندانە. چاوێکی بەسەر مێزەکەی بەردەمیدا گێڕا، زەردەخەنەیەکی هاتێ. حوکمەکەی ئیمزا کردبوو، دەستی برد و جگەرەیەکی داگیرساند و لە پەنجەرەکەوە سەیری دارەکانی نێو حەوشەکەی کرد.[1]