پەیامی پیرۆزبایی کۆمەڵە بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
بەرێزان:
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان!
مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان!
لەگەڵ سڵاوێکی گەرم
بە بۆنەی 47مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە لایەن کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەوە پر بەدڵ پیرۆزبایی خۆمانتان ئاراستە دەکەین و هیوای بەردەوامی وسەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.
بەرێزان! هەروەک خۆشتان دەزانن یادی 47 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بارۆدۆخێکی هەستیاری ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیدا بەڕێوەدەچێ. بەداخەوە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان بە قۆناغێکی گەلێک ئەستەم و دژواردا تێدەپەرێ. هەربۆیە گەلی کورد لەم کاتەدا زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستی بە تەبایی و هاودەنگی و یەکڕیزی هەیە و، بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی دوورودرێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ڕۆڵ و پێگەی بەرچاوی لە بزووتنەوەی ڕەوای گەلەکەماندا بێگوومان هەوڵدان بۆ یەکخستنی وزە و توانی جەماوەری لە هەرێمی کوردستان و لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان لە هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان لە یەکێتی نیشتمانی چاوەڕوانییەکی ڕەوا و هەنووکەییە.
لە کۆتاییدا جارێکیتر پیرۆزبایی یادی 47ساڵەی دامەزراندنی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# لە ئێوە و هەموو کادر و ئەندام و لایەنگرانتان و لە هەموو بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان دەکەین. هیوادارین پێوەندی و هاوخەباتی لە مێژینەی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کۆمەڵە وەک هەمیشە گەرموگوڕ بێ و، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە پێی چاوەڕوانییەکان پاڵپشتی بزووتنەوەی مافخوازانە و ڕەوای کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بێت.
وێرای پیرۆزبایی دووبارە
کومیتەی ناوەندیی #کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان#
#01-06- 2022#ی زایینی
11ی جۆزەردانی 1401ی هەتاوی
[1]