سەقز
وڵات: کوردستان
پارێزگا: #سنە# کوردستان
شارستان: سەقز
هۆکاری ناونران: هۆکاری مێژوویی
بەرزایی: 1430 مەتر (4٬690 پێ)
ژمارەی دانیشتووان: (2016)
سەرجەم: 236٬000
زمان: کوردی (سۆرانی)
ئایین: موسڵمانی سوننە
کۆدی تەلەفۆن: 087
وێبگە: شارەوانی سەقز
سەقز یەکێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و یەکێک لە کونترین و مێژویی ترین ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینه که زۆر گەنجینە و گۆزە و شتی مێژوویی و ئەنتیکی دیکە بە تەمەنی هەزاران ساڵ لەو ناوچەیە دۆزراوتۆ و لە مووزەخانە گەوره و بە ناوباگەکانی جیهان کۆ کراوەتۆ و دەپارێزرێن.
شارستانی سەقز چوار ناوچەی لە خۆ گرتووە کە بریتین لە ناوچەی ناوەندی، ناوچەی زێویە، ناوچەی ئیمام و ناوچەی سرشیو.
لە ناوچەکانی دەوروبەری سەقز دەیان شوێنی مێژوویی و کۆنی وەک ئەشکەوتی کەرەفتوو و قەڵای زێویە و گۆڕە بەردینەکانی قەپڵانتوو هەن کە دەگەڕینەوە بۆ سەردەمی پێش هاتنی ئارییایییەکان.
لە دوای دامەزراندنی حکوومەت بە شێوازی مۆدێرن لە ئێراندا بەهۆی پێنە گەیشتن و نەدانی کەل وپەلی پێویست لەلایەن ڕژێمی حاکمەوە گوندنشینەکان بۆ گوزەرانی ژیانیان زۆرتر ڕوویان کردووتە شاری سەقز.
ناو:
وتاری سەرەکی: ساکز
ناوی ئەمڕۆی سەقز لە نێوی هۆزی سەکە، یان سەکا، یان سێکز، بە خەڵات بۆ ئێمە ماوەتەوە و سەقز هەمان ساکزە. ئەم شارە بۆ ماوەی سەدان سال پایتەختی سەکاکان و مادەکان و مانناکان بووه. لە کاتی دەسەڵاتی ماناکان ناوی ئەم شارە ئیزیرتا بووە بەڵام دوای هێرشی سەکاکان و گرتنی ناوچەکە بە ساکز یان سەکاکز ناونرا. دوای هێرشی هەڤەخشترە پاشای ماد، کە توانی سەکاکان بهێنێتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و سەکاکان ببنە بەشێک لە مادەکان، ئەم شارە بە ناوی سەقز مایەوە. شاری سەقز هەروەها پایتەختی (مانایییەکان) (دەوڵەتێ لە دەوڵەتەکانی ماد) پێش لە سەکاکان بووە[1].
$هەواناسی و نەخشە$
سەقز له شوێنێکی کوێستاناوی هەلکەوتووە و بەم هۆیە کژو هەوای کوێستانی هەیە و لە هاویندا ڕۆژانی گەرم و شەوانی فێنکی هەیە. بەلام لە زستاندا هەوایێکی ساردی هەیە و ڕۆژانێک دێ که دەبێته ساردترین شاری ناوچەکە.
سەقز لە باکوور بۆ بۆکان و مەهاباد، لە ڕۆژهەڵات بۆ بیجار و زەنجان، لە ڕۆژاوا بۆ بانە و باشووری کوردستان و لە باشوور بۆ دیواندەرە و سنە ڕێگای هەیە. ژمارەی دانیشتووانی سەر جەم شار و گوندەکانی سەقز بەپێی دوایین سەرژمێری فەرمی 236/000 کەس و ژمارەی دانیشتووانی ناوەندی شارەکە 170000 کەسە[2].
$کوێستان و ڕووبارەکان$
دەرووبەری شاری سەقز چەن کێوی بەرزی لێیە، کە دەتوانین لە ناویاندا نەکەرۆز، وەزەنە، ڕووش، وەنەوشە، ئاڵمەڵوو و مێرگەنەخشینە و زنجیرە چیای چلچەمە نزیک گوندەکانی ئیساقاوا و کانامەت ناو بەرین. کێوەکانی شاری سەقز هەر وەکوو بەشەکانی تری کوردستان دەوری سەرەکی لە شێوەی ژیانی ئاژەڵداری و کشت وکاڵ هەیە.
چۆمێک کە بە ناو شاری سەقز تێپەڕ دەبێت یەکیک لە سەرچاوە و لقە گرینگەکانی چۆمی زێڕینەیە و بە چەمی سەقز ناوی لێ دەبەن کە بەهۆی گەورە بوونەوەی شار دەورووبەری چەمەکە پر بووە لە پارک و ماڵ و شەقام. ئەو چەمە شار دەکات بە دوو لەتەوە. ڕۆژانی پشوودان جێگای سەیران و شادی و هەڵپەڕکێ و یاری خەڵک بووە. هەروەها بۆ بەربەرەکانێ لە بەرامبەر داگیرکەراندا چیاکانی سەقز سەنگەڕێکی پۆڵاین بووە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی مرۆڤی ئەم ناوچە. لە ڕووبارەکانی سەقز ماسی سپی و قزەل ئالا دەژین. ماوەیەکە لە چۆمەکانی ئەم ناوچە گەڕای ماسییە جۆراوجۆرەکان پەروەردە دەکەن، کە ئەمە دەبێتە هۆی دروست بوونی جۆری زیاتری ماسییەکان.
$سەقز لە ئاوێنەی مێژوودا$
مێژووی پێش لە ئیسلام
رایتۆن بە وێنەی سەری بەرانێک دۆزراوە لە قەڵای زێویە لە مۆزەخانەی شاعەباسی ئێران
بی گۆمان سەقز به ناوەکانی ئیزیرتا و ئسکیت و دواجار ساکز، شار و ناوەندی هەره گرینگی حکومەتکانی مانا و سکا و مادەکان بووە و هێرشی دوژمنان بۆ ئەم حکومەتانە دەبووە هۆی ئەوی کە سقز ببێتە ناوەندی شەر و تێکهەلچوون. بەلام ئەم شارە بە درێژایی میژو ئاوەدان ماوە و تا بە ئیمروش جێگەی ژیان و ناوەندی کلتور و سیاسەت و بازەرگانی ماوەتەوه. لە دەورانی دەسەڵاتداری مادەکاندا، سەکاکان بە بەردەوامی هێرشیان دەکردە هەرێمی دەسەڵاتدارییان و شەڕیان پێدەفرۆشتن. سکاکان هەندێک جار لە گەڵ ئاشوورییەکان دەبوون بە هاوپەیمان، و هەندێک جاریش لە گەڵ مادەکان هاوپەیمانیان دەبەست و بە دژی ئاشوورییەکان شەڕیان دەکرد. پاش هێرش کردنی سەر لە نوێی ئاشوورەکان بۆ سەر مادەکان، خشتیرییە بۆ کۆتایی هێنان بە هێرشەکانی ئاشوورییەکان، پەیمانێکی گەورەی هاوپەیمانی لە گەڵ مانایییەکان و سەکاکان بەست و بە کرەوە بەرەێکی گەورەی شەڕی دژ بە ئاشوورییەکان کردەوە.
مێژووی سەقز لە دەوروبەری ساڵی 650، دەسەڵاتی پاشایەتی مادەکان، دەوڵەتێکی گەورە و بە هێز و هاوسەنگ لە گەڵ مانایییەکان و ئورارتوو و عیلامییەکاندا بوو. پاش سەکاکان، کیمێرییەکان کە یەکێکی دیکە لە هۆزە سەحرا نشینەکانی باکووری قەوقاز (قەفقاز) بوون، هێرشیان کردە سەر ئەم ناوچەیە کە ئێستا بە کوردستان دەناسرێت و لەسەر ڕێگەی خۆیان دە سەڵاتی دەوڵەتی ئورارتوویان، لە ڕۆژئاوای دەریاچەی ورمێ و ڕۆژهەڵاتی ئاناتۆلی، لە نێو برد. هووخشترە، گەورەترین پاوشای مادەکان لە 10 ساڵی یەکەمی فەرمانڕەواییدا، توانی پەیوەندی خۆی لە گەڵ پاوشای سەکاکان بە نێوی (پڕۆتۆسیس)، بە هاوپەیمانیێکی گەورە پەرە پێبدات. هووخشترە، سپاکەی بە دوو بەشی پیادەی چەکدار کراو بە نێزە، و سواری چەکدار کراو بە تیروکەمان، دابەش بکات و دەوڵەتێکی بە هێز بنیات بنێت. (شیاوی باسە کە ناوبراو ئەم شێوازە لە سەکاکانەوە فێر ببوو). مێژووی سەقز لە دەورانی حوکمڕانی هووخشترە، پاش ئاگادار بوون لە بەستنی هاوپەیمانەتی لە نێوان سکاکان و مادەکاندا، کۆمەڵێکی بەرچاو لە سەکاکانی بۆ ڕۆژئاوای دەوڵەتی ماد، بە زۆر کۆچێندران و ئەم ناوچە بە نێوی ئەوانەوە بە ساکز یان سێکز نێوبانگی دەرکرد و هەنووکەش بە سەقز نێوی لێ دەبرێت.
دەگوترێت کە ئەم شارە بە نێوی (ئیزیرتا)، لە یەکەمین یەکگرتنی مادەکاندا، پێتەختی ماد بووە. سەرکردەکانی ماد لە دەروبەری شاردا کۆمەڵێک قەڵا وسەنگەریان، ساز کردبوو کە گرینگترینیان زێویە و ئادامائیت هەڵکەوتوو لە گوندی قەپڵانتووە. هەر وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا لەو دەورانەدا سارگێنی دووهەم، پاشای ئاشوورییەکان هێرشی کردە سەر مادەکان و پاش سەرکەوتن بە سەریاندا ئیزیرتا، زێویە و ئادامیت بە دەستی سوپاکەی وێران کران.
گۆزەیێک دۆزراوە لە قەڵای زێویە لە مووزەخانە مللی ئێران
ناوچەی سەقز بێ گومان یەکێکە لە کۆنترین و مێژوویترین شوێنەکان. لە زەمانی مادەکاندا سقز ناوی (ئەسکیت) بووە. دوای هێرشی ئاشووریەکان بۆ سەر مادەکان و داگیرکردنی سەقز، ناوی ئەو ناوچە دەگۆڕن بە (ساکز) یان (سەکاکز). دوای ماوەی 30 ساڵ هووەخشترە پاشای ماد توانی هێرش کاتە سەر لەشکری دۆژمنان و وڵاتە داگیرکراوەکان بگەڕێنێتەوە سەر حکوومەتی ماد؛ بەڵام ناوی سەقز هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە. ئەمڕۆکە لە هەموان ڕوونە کە سەقز پایەتەختی ماناییەکان بووە و (مانا) یەکێک بووە لە تایفەکانی ماد. حکوومەتی مادەکان بە شێوەی پێکهاتە بووە؛ واتە لە نزیکی 30 وڵات کە سیستمێکی حکوومی وەک فیدراڵی ئەمڕۆژی لە نێوانیان دا بوو.
شوێنی مێژووی شاری سەقز، لە ڕۆژهەڵاتی ئێستای شاردایە کە بە زەحمەت بڕێک لە نیشانەکانی ئەدۆزرێتەوە. گەورەترین بە جێ ماوی سەردەمی ماناییەکان، قەڵای زێویەیە و بە بڕوای هەندێک لە مێژووناسەکان هگمەتانەی بەناوبانگ نەک لە هەمەدانی ئەمڕۆ بەڵکوو لە زێویەدا بووە.
ئایینی خەڵکی ناوچەی سەقز، هەروەک زۆرینەی وڵاتەکانی ماد، زەردەشتی بووە هەتا پارتەکان و پاش ئەو عەرەبەکان هێرشیان کردە سەر ناوچەکە. خەڵکی زۆرێ لە شاران بۆ بەرگری لە شەڕ، ئایینی عەرەبەکان واتە ئیسلام وەر دەگرن، بەڵام خەڵکی شاری سەقز بۆ وەرنەگرتنی ئیسلام شارەکەیان جێ هێشت و بەرەو کوێستان ڕی کەوتن. ڕۆژگارێکی ناخۆشیان بووە لەو سەردەمەدا هەر بۆیە لە ناو چیرۆک و گۆرانییەکانی ئەو ناوچەدا یادگارەکانی ئەبینرێتوە:
هەناسەی ساردم سەنگی تاوانو
گەوڕی سەر کێوان منی لاوانو
گەوڕەکان، زانایانی ئایینی زەردەشتی بوون.
$مێژووی دوای ئیسلام$
دوای هاتنی ئایینی ئیسلام بۆ ناوچەکە، لە سەرەتادا کوردستان لە نێوان چەن ئاغا دابەش کرا و دەسەڵاتیان بەدەست ئەوان بوو. یەکێک لە تایفەکانی وا بۆ ماوەیەکی زۆر و بەسەر بەشێکی زۆری کوردستان حۆکمڕانیان کردە ئەردەڵانەکان بوون. هەر چەن شاری سەقز کەمتر لەژێر دەسەڵاتی ئەردەڵانەکاندا بوو بەڵام ئەردەڵان یەکێک لە تایفە هەرە گرینگەکانی کوردستان بووە کە ئێستاش لەو بنەماڵە هەر ماوە. لە دوای هاتنی ئیسلام لە بەر سنووری بوونی ناوچەکە هەر دەم کەسێک لە حکوومەتێکەوە دەسەڵاتدار بووە. ماوەیەک ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی، ماوەیەک ئێرانییەکان. لە چەن سەد ساڵی ڕابردووشدا یەکێتیی سۆڤیەت و بریتانیا کاریگەری خۆیان هەبووە لەسەر ناوچەکە.
$مێژووی هاوچەرخ$
خەباتی سیاسی لە سەقز
مزگەوتی حەزرەتی عومەر لە گەڕەکی شاناز
ئەگەر لە مێژووی سەقز بڕوانین، لە خەباتی گەلی کورد بۆ ئازادی و مافە ڕەواکانی خۆی لە لاپەڕ ە جۆراجۆرەکانی مێژووی کوردستان بە گشتی، شاری سەقز ڕۆڵی هەرە گرینگی هەبووە. بۆ وێنە لە شۆرشی سمکۆ، لە کاتی دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا و بەتایبەت خەباتی ڕزگاری خوازانەی ساڵەکانە 1979 تا ئیمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵکی شار و گوندەکانی سەقز گیانفیدایێەکی بێ وێنەیان هەبووە. بۆ نموونە شەهید هۆمایون ئەردەڵان خەڵکی سەقز لە میکۆنۆس ئەڵمانیا لەگەڵ سادق شەرەفکەندی شەهید کرا. کۆماری کوردستان تا باکووری شاری سەقزی لە خۆ گرتە بەر. لە پێک هێنان و پاراستنی ئەو کۆمارە خەباتگەرەکانی سەقز دەوری گرینگیان هەبوو.
لە ساڵانی 1960 و دوای ئەوە، کوردستان بە گشتی بووە شوێنی پێک هاتنی بزووتنەوە سیاسییەکان. هەروەها سەقزیش بەشداریێکی بێ وێنەی هەبوو. کۆمەڵە یەکێک بوو لەو بزووتنەوانە کە هەم لە بوار سیاسەت و هەم خەباتی چەکداری چالاک بووە و بەشی گرینگ بووە لە خەباتی خەڵکی کورد بۆ مافە ڕەواکانیان. کاک حەمەحسەین کەریمی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە، خەڵکی شاری سەقز بووە.
هەروەها حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە خەباتی گەلی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵانی 1970 و 1980 دەورێکی گرینگی هەبووە، لە شاری سەقز لایەنگرانی زۆری هەیە کە لە ڕۆژانی 22 پووشپەڕی هەموو ساڵێک، کە ڕۆژی تیرۆری دوکتور قاسملوو سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانە، خەڵکی شاری سەقز، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان، شار بە تەواوی دادەخرێ.
=KTML_ImageCaption_Begin==KTML_StyleDiv=width:30%;height:20%;float:right;=KTML_ImageCaption_Target_Link=https://upload.wikimedia.org/wikipedia/commons/thumb/2/22/Do_Menareh_Mosque_2019-10-06_20.jpg/204px-Do_Menareh_Mosque_2019-10-06_20.jpg=KTML_ImageCaption_Title=سەقز=KTML_ImageCaption_CaptionStyle=000000=KTML_ImageCaption_Caption=سەقز=KTML_ImageCaption_End=
$شوێنەوارە مێژوویەکانی سەقز$
لە هێرشی ئاشووریەکان بۆ سەر مادەکان زۆرینەی قەڵاکان و بیناکانی ئەوسەردەمە ڕووخێنران کە ئێستاش وێرانەی هەندێکیان لە دەور و پشتی شاری سەقز ماوتەوە. قەڵای زێویە کە لە نزیکی سەقزدایە بە وتەی (گیرشمن) خەزێنەی پاشایەتی ماناییەکان بووە.
پێش پێکهاتنی ئیسرائیل و بەڕێ کەوتنی جوولەکەکان بۆ ئەو وڵاتە، بە سەدان بنەماڵەی جوو لە سەقز و دەور و پشتی ژیانیان ئەبردە سەر. لە چەن کتێب دا هاتووە کە بە دۆزینەوەی چەن کاسە و گۆزەی بەنرخ لە بواری مێژوو ناسییەوە، بە دەیان جار لەلایەن چەن بازرگانی جوو و بە هاوکاری دەستگا حکوومییەکانەوە هەوڵی دۆزینەوە و بردنی ئەو نهێنییە پڕقیمەتەیان داوە و وا دیارە لەو کارەدا سەرکەوتوو بوون لە بەر ئەوەی ئێستا زێویە غەیری دار و دیوارەکەی چی دیکەی تێدا نەماوە. ئەو هەوڵی بردن و دزین و نەهێشتن لە سەردەمی ئێستاش هەر بەردەوامە و کۆماری ئیسلامی ڕێگەی حکوومەتی پێش خۆی بەر نەداوە.
یەکێیکی تر لە شوێنە ئاسەوارە مێژوویییەکانی سەقز، ئەشکەوتی کەرەفتووە، کە هەر لە نزیکی زێویەدایە. کەرەفتوو ئەگەرچی ئەشکەوتێکی سرووشتییە بەلام گۆڕانکارییەکانی مرۆڤی سەردەمی کۆنی تێدا ئاشکرایە. بەپێی ئەو نووسراوەی لە زێویەدا دۆزراوەتەوە، لە نێوان قەڵای زێویە و کەرەفتوو شەڕێک ڕووی داوە و بە زەحمەتێکی زۆر کەرەفتو داگیرکراوە. هێندێ لە مێژووناسەکان دەڵێن کە ناوی کەرەفتوو هەر (گرتوو) بووە و وا دیارە ناوی ئەو شوێنە لە ڕابردۆی نە زۆر دووردا، (گەرەفتوو) بووە.
بازاڕی جووەکان لە سەقز بەشێکە لە بازاڕی سەرۆ
مزگەوتی دوومنارە
مزگەوتی شێخ مەزهەر
مزگەوتی تورجان
حەمام حاج ساڵە
کاروانسەرای تاژەوانچی
قەڵای کوڵتەپە
مزگەوتی تەمربەیگ
بازاڕ سەقز
و زورێک شوێنەوارە مێژوویی دیکە له سەقز هەن.
$ئابووری$
ئەگەرچی سەقز وەک شارەکانی دی کوردستان دەبەر سیاسەتی تایبەتی دەسەڵاتی ناوەندی ئێران، چ لە سەردەمی پەهلەوی چ لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی، بەر غەزەب کەوتووە و لا نەگونجاوترین دۆخی ئابووری بەسەر دەبات، بەڵام بازاڕی شاری سەقز بە گەورەترین بازاڕی سەرگیراوی ڕۆژئاوای ئێران دەزانن.
کشتوکاڵ بەهۆی کۆچی خەڵکی لادێ بۆ شار، بەرەو نەمان دەڕوا بەڵام، لە ڕابردووی نە زۆر کۆن دا، بەرەی گەنمی سەقز بەناوبانگ بووە.
$ناوی گەڕەکە بەناوبانگەکان$
سەقز لە دوو بەشی کۆن و تازە پێک دێت، لە ساڵانی پێش لە شۆڕشی ئیسلامیدا خەڵکی ناوشاری سەقز لە بەشی کۆنی ئێستادا دەژیان و پێشەیان ئاسنگەری و بازرگانی بوو، هەروەها هەندێک لە ئاغەواتە دەوڵەمەندەکانیش لە بەشی کۆندا دەژیان. بەشە کۆنەکەی سەقز، ئەم چەن کۆڵانە لە خۆی دەگرێت:
ناوقەڵا، بازاڕ سەرۆ، ساحلی، دەباغی، کاروانسەرای تاژەوانچی، حەمام شێخ، حەمام خان، کەوەسوار، کانی ئاشقان، کانی گەرمکاو، سەر پەچە، کانی حەمەو بەو
$گەڕەکە تازەکانی سەقزیش ئەمانەن$:
حەماڵاوا، قەرەچیاوا، شەهرەک دانژگا، بەردبڕان، تەپ ماڵان، تازاوا، کەریماوا، سەرچنار، ماڵە گولان، شاناز، سەعدی، سیلۆ، ڕوودەکی، تەپەی شافێعی.
[1]