نووسین: #شێرکۆ هەژار موکریانی#
پەیامی شێرکۆ هەژار موکریانی بە بۆنەی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد و هاوڕێکانییەوە
$پێشەوا قازی محەمەد یەکەم سەرککۆماری کوردستان$
هەر میرێک لە مێژوودا، دەکرێت بە میرانی دی
بەراورد بکرێت، هەر سەرکۆمارێکی دنیاش
دەکرێت بە سەرکۆمارێکی دی بەراورد بکرێت؛
بەڵام یەکەم سەرکۆماری کوردستان، بە تەنیا دۆخێکی
سەربەخۆیە لە مێژووی نەتەوایەتییەکاندا.
سەردەمێک بیرم لەوە دەکردەوە : ئایا دەکرێت بە جۆمۆکینیاتای
کینیا بەراورد بکرێت ؟ بەڵام نا، زوو دیتم کە نەدەکرا، پێشەوا
قازی محەمەد زۆر تەنیاتر بوو و، کاری زۆر سەختتر بوو و،
ئاسۆی بیری نەتەوەسازیی زۆر بەرزتر بوو و، قوربانیی زۆر
گەورەتر بوو.
ئەستێرەیەکی ئێجگار زۆر تەنیا، لە ئاسۆی دۆڵێکی ئێجگار
زۆر تاریک سەریهەڵینا، کە هەر ئەو دەیتوانی ژیانی
تێ بخات و گەورەی بکات و بیکات بە نەتەوەیەکی بەڕێز،
بەڵام هەورەتریشقەی هەلومەرجی بەدکاری دنیا لێیان سەند و،
دوا دەرسی کە پێشکەشی نەتەوەکەی کرد، ئەوەبوو کە پیشانی دا
چۆن دایکێک لە خەمی پاراستنی ئەولادیدا لە ئاگر، خۆی دەخاتە
ئاگرەوە و، پێیدەڵێت : لەم هەلومەرجەدا هەر گیانم بۆ ماوەتەوە
پێشکەشتی بکەم بەڵکو هەر بەوە بتوانم بتپارێزم، ئەوەتا لەسەر
بەڵێنی خۆم : پێشکەشت بێت.
پێشەوا قازی محەمەدی یەکەم سەرکۆماری کوردستان،
یەک کورد بوو لە ناو ملیۆنان کورددا، بەڵام پێشەوایەک بوو
بە ملیۆنان پێشەوا.
دنیا دەورانە و بە هەوراز و نشێوە، بەڵام نەتەوەیەک پێشەوا
قازی محەمەد یەکەم سەرکۆمار و مامۆستای بووبێت، داهاتوو
هەر بۆ ئەو دەبێت و دنیا تێک دەشکێت و ئەو تێک ناشکێت[1]