بابەت: وتاری مێژوویی
نووسین: #هونەر تۆفیق#
$پەیکەرەکەی زەهاوی لە کارگەی جگەرەکە فڕێدراوە$
بەهۆی نازم زەهاوی یەوە، ناوی زەهاوی لە میدیاکاندا دێت، زۆرێکیان بە کوردی عێراقیان دەناسێنن. بنەماڵەی زەهاو کێن و لەکوێوە هاتوون ؟
باپیرە گەورەی بنەماڵەی زەهاوی (محەمەد فەیزی زەهاوی) کە بەموفتی زەهاوی ناسراوە، بەشەش پشت دەگاتەوە بە یەکێک لە کوڕەکانی فەقێ ئەحمەدی دارشمانەی دامەزرێنەری بنەماڵەی بابان. باوکی محەمەد فەیزی ماوەی دووساڵ دەچێتە زەهاوی ئیمارەتی کرمانشاە لەوێ هاوسەرگیری لەگەڵ کچی میری کرمانشاندا دەکات. دوای گەڕانەوەی نازناوی زەهاوی لە کوڕەکەیان دەنێن. محەمەد فەیزی زەهاوی 1813-1890، دەبێتە موفتی بەغدا و بەیەکێک لە نوێخوازەکانی ناو ئاینی ئیسلام دادەنرێت کە داوای ڕیفۆرمی لە شەریعەت و شێوازی حوکمداری لە ئیسلامدا کردووە.
موفتی زەهاوی دوانزە کوڕی دەبێت کە ناسراوترینیان جەمیل سدقی زەهاوی و سەعید زەهاوی موفتی بەغدایە. شاعیری نوێخواز و ناودار جەمیل سدقی زەهاوی 1863-1936 جگە لە ڕۆڵی وەک قازی بەغدا، دامەزرێنەری کۆلیژی فەلسەفەش بوو لە ئەستەنبوڵ. تەها حسەین سەبارەت بە سدقی زەهاوی دەڵێت : ئەو ئەبوعەلا معەری سەردەمی ئێمەیە. بەهۆی داکۆکی کردنیەکانیەوە لە مافی ژنان و نەهێشتنی حیجاب و بڵاوکردنەوەی فیکر و فەلسەفە لەناو خەڵکدا.
سەعید زەهاوی ناودارترین نەوەی ئەمجەد زەهاویە 1882-1967 ئەویش دەبێتە موفتی بەغدا، دامەزرێنەری کۆنگرەی ئیسلامی جیهان و ڕابیتەی جیهانی ئیسلامی. سەرۆکی کۆمەڵەی ڕزگاری فەڵەستین و دۆستێکی نزیک و متمانە پێکراوەکانی ئیخوانەکانی میسر بووە. بەهۆی پەیوەستبوونی بە بزوتنەوەی ئیخوان موسلمینەوە کە دژ بە کۆمارەکەی قاسم بوون، هەڵدێت بۆ مەدینە، لەپاش کەوتنی کۆمارەکەی قاسم دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا.
خالید مەحمود محەمەد فەیزی زەهاوی 1889-1961، ئەکادیمیای سەربازی ئەستەنبوڵ 1906 تەواو دەکات. 1924 بەشداری لەدامەزراندنی سوپای عێراقی نوێدا دەکات. بەپلەی ڕائید دەبێتە دەستەی یەکەمی پارێزەرانی پادشای عێراق. 1933 کولیەی ئەرکان لە بەریتانیا تەواو دەکات. دواتە دەکرێتە بەڕێوەبەری حەرەکات لە وەزارەتی بەرگری عێراق. 1938 پلەکەی دەکرێتە لیوا ڕوکن. چەندجارێک دەبێتە پارێزگاری پارێزگاکانی کوت و بەسرە و بەغدا.
خانمی کچی محەمەد فەیزی زەهاوی یەکەم ژنی عێراق بووە، کۆمەڵەی ژنانی عێراقی لە بەغدا دامەزراندووە.
نەوەکانی زەهاوی (محەمەد فەیزی) جگە لە سوپا و قەزا، بایەخی تایبەتیان بە بازرگانی و سامانداری داوە. بونەتە گەورە بازرگان و خاوەن موڵک لە بەغدا و بەعقوبە و حلە و شارەکانی تری عێراق. لەپاش ڕوخانی حکومی پاشایەتی لەعێراقدا و دامەزراندنی کۆمارەکەی قاسم 1958 و دەرکردنی یاسای ڕیفۆرمی کشتوکاڵ و زەویوزار، بەشێکی زۆر لە موڵکەکانیان لەدەستداوە. نزیکەکانیان لە دەستەڵاتی پادشایەتی هەڵهاتوون بۆ بەریتانیا، ئوردن، ئەمریکا و نەگەڕاونەتەوە بۆ عێراق.
باپیری نازم حارس نازم زەهاوی وەزیری دارایی بەریتانیا، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق بوو لە 1959 -1960. نازم ی باپیرە، پێشتر یەکێک بوو لەدامەزرێنەرانی حیزبی یەکێتی نیشتمانی عێراق لەگەڵ ئەبوتمەندا. هاوڕێ و هاوکاری چەپەکانی عێراق (شیوعیەکان) بوو. دۆستایەتی تایبەتی لەگەڵ سەیاب و محەمەد شەرارە و ئیبراهیم یاسیندا هەبووە. لەگەڵ ئەوەدا خۆی کەسایەتیەکی سەرماداربوو، سەرپەرشتی موڵکەکانی بنەماڵەی زەهاوی کردووە، بەڵام لایەنگری ڕیفۆرم و بیری چەپەکانی ئەو سەردەمەی عێراق بووە کە حیزبی یەکێتی نیشتمانی عێراق بانگەوازی بۆکردووە. ساڵی 1963 کاتێک بەعسیەکانی کودەتای یەکەمیان دەکەن، نازم زەهاوی لەسەفەری چارەسەری بووە لە لەندەن بۆ هاوسەرەکەی. عەبدولسەلام عارف فەرماندەکات کە گەڕانەوەی لێ قەدەغەبکەن. دواتر سعودیەکان ڕای دەسپیرن بانکی ناوەندیان لەسعودیە بۆ دابمەزرێنێت، خۆشی دەبێتە بەڕێوەبەری تەنفیزی بانکی مەرکەزی شانشینی سعودیەی عەرەبی.
ساڵی 1976 حارسی کوڕی نازم زەهاوی بەماڵ و منداڵەوە کۆچی لەندەن دەکەن. نازمی کوڕیان لەوێ گەورەدەبێت، تادەگات بە پلەی وەزیری دارایی بەریتانیا.
بۆ مێژوو، بەندە وەک یەکێک لە شایەتحاڵەکانم، حارس زەهاوی (باوکی نازم) پەیکەرێکی برۆنزی قەبارە گەورەی لە دەستکردنی هونەرمەند سوهێل ونداوی بۆ سدقی زەهاوی باپیری لە لوبنان دروستکرد.ساڵی 2016 پەیکەرەکەی ناردەوە بۆ شاری سلێمانی تا لەشوێنێکی شایستەدا وەک ناودارێکی نەوەی سلێمانی دابنرێت. بەڵام ئەو پەیکەرە هەتا ئێستاکە لە کارگەی جگەرەکە کەوتووە (ئەگەرمابێت !!) نەتوانرا ڕێز لە زەهاوی گەورە بگیرێت.
[1]