بابەت: هونەری
نووسین: #سۆران حەمەڕەش#
$#زۆراب محەمەدی#، ڕۆحێکی پڕ لە فەرهەنگ و مێژوو$
زۆراب کوردێکی خەڵکی خوراسانە کە لە ساڵی 1937 دا لەدایبووە و لە تەمەنی منداڵیەوە خولیای گۆرانی و هونەری کوردی بووە. باوباپیرانی زۆراب لە سەردەمانێکی دێرینەوە لەو ناوچانەدان. بە دڵنیایی کوردانی خوراسان لە پێش ئیسلامدا لەوێدا بوون. لە سەدەی نۆهەمی زاینیدا ئاماژەیان پێکراوە، کە ئەوە دەیسەلمێنێت ئەوان لەسەردەمانێکی دێرینترەوە لەوێ بوون. ئەمڕۆ بێ بوونی سەرچاوەی تر ناتوانرێت دروست بزانرێت چۆن ڕوویان کردۆتە ئەو ناوچانە، بەڵام ئەگەری زۆر هەیە لە سەردەمی دەسەلاتی مادەکانەوە لەوێ بووبن. مادەکان زۆربەی ئەو وڵاتەی ئەمڕۆ بە ئێران ناسراوە، لەژێر دەستیاندا بووە، لە سەردەمی ئیسلامیشدا ئەو دەسەڵاتە کەوتەوە دەستی کوردەوە. کورد لە ئەسفەهان، سەجیستان (سیستان)، ڕەی (ناوچەی تارانی ئەمڕۆ)، ئازەربایجان و جەندین ناوچەی تردا حوکمیان کردووە.
ئەمڕۆ فارسەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە نادر شا ئەو کوردانەی بردۆتە ئەوێ کە بە دڵنیایی دوورە لە ڕاستی و کورد نەک لە خوراسان بەڵکو لە ناو ئەفغانساتندا حوکمڕانی کردووە.
لێرەدا باسەکە زۆرابە و نامەوێت زیاتری لەسەر بڕۆم. بەڵام بە دڵنیای کوردی خوراسان دێرینن لەو ناوچانەدا بێ ئەوەی کە دروست مێژووی کۆچکردنیان بۆ ئەوێ بزانین. ئەوان وەک پاشماوەی نەتەوەیەکی فەرهەنگی دێرین، لەگەڵ خۆیاندا کرۆکی فەرهەنگی کوردیان وەک خۆی هێشتۆتەوە، کە ئەویش تەمورە و گۆرانی کوردیە. ئەوانیش هاوشێوەی یارسان و ئێزدیەکان تەمورە بەشێکی گرنگی ژیانیانە. بە تایبەت بۆ کوردانی خوراسان، تەمورە بەشێکی گرنگی ناسنامە کوردیەکەیانە.
لێرەدا، لە پشت گۆرانی و ئاوازی (شاری جان) کە زۆرابی هونەرمەند دەیچڕێت، دەرک بە قوڵایی فەرهەنگ و مێژووی باوباپیران دەکەیت. کەسانی وەک زۆراب محەمەدی، ڕەگی قوڵی داربەڕووی کوردەوارین و سامانێکی نەتەوەیی کوردن.
[1]