ناسر پیرۆتی
رووداو - هەولێر
33 ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی پێشووی حیزبی دیموکرات تێدەپەڕێت. قاسملوو ئێوارەی 13/07/1989 لەنێو باڵەخانەیەک لەنێو شاری ڤیەننای نەمسا لەکاتی دانوستاندن لەگەڵ نێردراوانی ئێران، کەوتە بەر دەستڕێژی گوللە و تیرۆر کرا. لەگەڵ د. قاسملوو، عەبدوڵڵا قادری ئازەر، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزبی دیموکرات لە ئەوروپا و د. فازڵ ڕەسوڵ، مامۆستای زانکۆ و خانەخوێی دانوستاندنەکەش تیرۆر کران.
تاوەکو ئێستا ئێران دانی بە تیرۆرکردنی د. قاسملوو و هاوڕێیانیدا نەناوە، بەڵام لایەنەکانی حیزبی دیموکرات دەڵێن، حکومەتی ئەو کاتی نەمسا بەڵگە و ئەنجامدەری تاوانەکەی لەدەستدابوو و کردییە قوربانیی پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران.
سەرۆک مەسعود بارزانی لە لاپەڕە 320ی بەرگی چوارەمی کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد نووسیویەتی، ئەو کاتەی د. قاسملوو تیرۆر کرا، ئەویش لە ڤیەننا بووە و دوای ڕووداوەکە وەزیری ناوخۆی نەمسای بینیوە و ئەو پێی گوتووە: ئێران کارەکەی کردووە، بەڵام ئێمە وڵاتێکی بچووکین و ناچارین بەرژەوەندییەکانمان لەبەرچاو بگرین، بۆیە ناتوانین هیچ کاردانەوەیەکی بەرچاومان هەبێت.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستان خۆیان بە ڕێبواری ڕێگەی د. قاسملوو دەزانن و بە یەکێک لە سێ ڕێبەرە شەهیدکراوەکەی خۆیانی دەزانن. ئەو دوو لایەنە دوای 16 ساڵ دابڕان، هەوڵی یەکخستنەوەی ڕیزەکانیان دەدەن و بەرپرسانی هەردوولایەن دەڵێن، دانوستاندنەکانیان گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی. بەرپرسانی دوو حیزبەکە دەشڵێن، دوای یەکگرتنەوە سوورتر لە پێشوو، هەوڵی کاراکردنەوەی کەیسی تیرۆری د. قاسملوو دەدەن و ڕێگە نادەن دابخرێت.
محەممەد نەزیف قادری، جێگری دووەمی لێپرسراوی گشتیی (حدکا) بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، بابەتی کەیسی تیرۆری د. قاسملوو لای حیزبی دیموکرات دانەخراوە و یەکێک لە شتە بنەڕەتییەکانی بەرنامەی کاریانە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا سیاسەتی حکومەتی نەمسا نەگۆڕاوە کە سیاسەتێکی مامەڵەچییانەیە لەگەڵ ئێران، نەیانتوانیوە کەیسەکە کارا بکەن. دەشڵێت، دوای یەکخستنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دیموکرات هەوڵەکانیان زیاتر چڕدەکەنەوە بۆ کاراکردنەوەی کەیسەکە و ڕێگە نادەن دابخرێت.
دوای تیرۆرکردنی د. قاسملوو لە ڤیەننا، هاوژینەکەی و حیزبی دیموکرات سکاڵایان تۆمارکرد و هەوڵیاندا کەیسەکە بچێتە دادگە، بەڵام بەگوتەی بەرپرسانی حیزبی دیموکرات، بەهۆی ئەوەی تۆمەتباران دوای کردەکە لە لایەن حکومەتی نەمساوە ڕەوانەی ئێران کرابوونەوە و حکومەتی نەمسا نەیدەویست بەهۆی ئەو کەیسەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران تێکبچێت، ڕێگەی نەدا کەیسەکە بخرێتە سەر ڕێچکەی یاسایی.[1]