ناو: سلێمان
نازناو: سلێمان ڕواندزی
ناوی باوک: عەبدوڵڵا
ناوی دایک: مریەم
رۆژی لەدایکبوون: #01-07-1938#
رۆژی کۆچی دوایی: #16-05-2010#
شوێنی لەدایکبوون: #ڕواندز#
شوێنی کۆچی دوایی: #هەولێر#
$ژیاننامە$
سلێمان ڕواندزی ناوی تەواوی سلێمان کوڕی حاجی عەبدوڵڵا کوڕی سلێمان ئەفەندی کوڕی حاجی عەلی ئاغا کوڕی سلێمان ئاغا کوڕی زانەوێر ئاغا کوڕی ڕەش ئاغای ڕواندزییە، ڕەش ئاغای باپیرە گەورەی لە سەردەمی پاشای گەورەی ڕواندز وەزیری بەرگری و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بووە، هەروەک چۆن بنەماڵەی باوکی مامۆستا سلێمان ناودار و خانەدان بوون، بەهەمان شێوە بنەماڵەی دایکیشی شێخ زادە (مریەم خان) ئافرەتێکی ناودار و خانەدان و ئیماندار و قسە نەستەق و خەڵکی گوندی #گەزنە#ی دەڤەری باڵەکایەتی بووە، و نەوەی زانا و پیاو چاکی ناودار (باپیر مام سۆفی) بووە کە تاکو ئێستاش مەزارەکەی وەکو خۆی ماوە لەگوندی گەزنە، کە خەڵکێکی زۆر و بە بەردەوامی لە هەموو شوێنەکانی کوردستان و تەنانەت ووڵاتان بۆ مراز سەردانی مەزارە پیرۆزەکەی دەکەن.
مامۆستا سلێمان لە شاری ڕواندز لە بەرواری 01-07-1938 لە دایکبووە، قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە ڕواندز خوێندووە، بۆ تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی لە شاری هەولێر لە ساڵی 1957 تەواو کردووە کە ئەوکات قۆناغی ئامادەیی تاکو پۆلی پێنجەم بووە، دواتر بۆ تەواوکردنی خوێندن دەچێتە شاری #کەرکووک#، لەبەر حەز و خولیای زۆری بۆ پیشەی مامۆستایەتی بەشداری لە خولی پەروەردەیی دەکات لەشاری کەرکووک و دەبێتە مامۆستا، بە پێی فەرمانی کارگێڕی ژمارە (12263) لە بەرواری 27-10-1958 وەکو مامۆستا بۆ یەکەم جار لە گوندی ڕوست لەدەڤەری باڵەکایەتی دەست بەکار دەبێت، دواتر بەپێی فەرمانی کارگێری ژمارە (13219) لە بەرواری 20-10-1961 گواستراوەتەوە بۆ شاری ڕواندز و لەوێ بۆتە بەرێوەبەری قوتابخانەی زۆزک، لە ژیانی پەروەردەییدا مامۆستا سلێمان لەبەر لێهاتوویی و کارامەیی و دڵسۆزی چەندین جار سوپاس وپێزانینی وەرگرتووە، بۆ نموونە سوپاس وپێزانین لە دڵسۆزی بۆ ئەنجامدانی کارەکەی بەژمارە (8434) لە بەرواری 22-05-1967، هەروەها سوپاس و پێزانین بۆ ڕاهێنان و ئامادەکردنی بەڕێوەبەران بۆ چالاکی ودڵسۆزی بە ژمارە (20220) لە 23-09-1969، هەروەها سوپاس و پێزانین بۆ هەوڵ و کۆششە بەردەوامەکانی لەپێناو سەرخستنی پڕۆژەی نەهیّشتنی نەخوێندەواری مرۆڤایەتی بە ژمارە (41/9762) لە 22-03-1971 دەیان و سەدان نموونەی تر، چەندین پلە و پۆستی پەروەردەیی وەرگرتووە، لە ساڵی 1977 بۆتە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، دواتر بۆتە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی کارگێری، پاشان بۆتە سەرپەرشتیاری پەوەردەیی کارگێری و بەرپرسی کەرتی #سۆران#، سەرپەرشتی کەرتی پەروەردەیی شارۆچکەکانی (ڕواندز و #سۆران#و #چۆمان# و #مێرگەسۆر#ی) کردووە بەشارەدێ و گوندەکانەوە، مرۆڤێکی چووست و چالاک بووە لە کاروباری پەروەردەیی و کارگێڕیدا، هەمیشە ویستویەتی و ئامانجی گەورەی لە ژیاندا ئەوە بووە چرای زانست و زانیاری لە دوورترین گوند و لادێ و دێهاتی کوردستاندا هەبێت و، قوتابخانە ومامۆستا بوونیان هەبێت بۆئەوەی منداڵانی کوردستان بێ بەش نەبن لە خوێندن، لەو پێناوەشدا ماندووبوونێکی زۆری بینیوە و جێ پەنجەی دیارە. مامۆستا سلێمان لە ڕووی سیاسییەوە هەر لە هەڕەتی لاوێتیدا بە پشت بەستن بەو پاشاخانە سیاسیەی خانەوادەکەیان هەرزوو مەڵاشووی بە کوردایەتی هۆنراوەتەوه و بەشداری چالاکییە سیاسییەکانی کردووە، لە ساڵی 1949 هاتۆتە ڕیزەکانی #پارتی دیموکراتی کوردستان# و لەساڵی 1952 لە گەڵ خوالێخۆشبووان (مەئمون دەباغ و #شەمسەدین موفتی#) و چەندین تێکۆشەری دیکە هەوڵ کۆششەکانیان چڕ کردۆتەوە بۆ دروست کردنی ڕێکخراوێکی تایبەت بۆ داکۆکی کردن لە مافی قوتابیان، ئەوەبوو له و کاتەی لە قۆناغەکانی خوێندنی ئامادەییدا بووە لە 18-02-1953 یەکەم بەیاننامەی دامەزراندن و ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی #یەکێتی قوتابیانی کوردستان#یان دەرکردووە، پاشان لەهەمان ساڵدا ڕێکخراوی (یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان) و، دواتریش کە بووە بە مامۆستا یەکێک بووە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری #یەکێتی مامۆستایانی کوردستان#، پاشان بەشدارییەکی چالاکانەی هەبووە لەشۆرشی مەزنی ئەیلول دا وەکو مامۆستا و پێشمەرگەیەک لە سەنگەردابوو بۆ ڕوونکردنەوەی دۆزی ڕەوای میللەتەکەی و شۆرش و بەرخودانەکان بۆ ڕۆڵەکانی میللەتەکەی و هوشیارکردنەوەیان، هەمیشە پاڵپشت و پشت و پەنای بەدیهێنانی مافەکانی میللەتەکەی بووە، لەم پێناوەشدا بەبێ سڵەمینەوە هیچ درێغی نەکردووە، لەلایەن ڕژێمەوە لە کار دوورخراوەتەوه و ئاوارەی ئێران بووە. لە 06-05-1974 حاجی عەبدوڵڵای باوکی لە ئۆردوگای (بابک) لەئاوارەیی ئێران کۆچی دوایی دەکات، تاکو ئێستاش مەزارە پیرۆزەکەی هەر لە ئاوارەیی وغەریبیە، یەکێک لە ئاواتەکانی مامۆستا سلێمان ئەوە بوو جارێکی تر بتوانێ سەردانی مەزاری باوکی خوالێخۆشبووی بکات، بەڵام مخابن نەخۆشی بە شێوەیەکی ئەو تۆ مەرگی پێ هەڵچنی مەرگ مەودای نەدا بەو ئاواتەی بگات.
لەڕووی ئایینی یەوە مامۆستا سلێمان بە مرۆڤێکی ئیماندار و خواناس بوو، زۆر ئاگاداری شەرع و قورئان فەرموودەکانی پیغەمبەر (د.خ) بوو، هەوڵی دەدا لەژیانی ڕۆژانەیدا پەیڕەویان لێ بکات، ئەمەش بەهۆی پاشخانی ئایینی خانەوادەکەیان کە هەمیشە ماڵیان ببووە شوێن وپێگە و جێگەی شێخ و مەلا و پیاو چاک و مرۆڤی ئیماندار، وێڕای ئەوەش پەیوەندی و ڕایەڵەیەکی بەهێزی لە ڕێگەی خوالێخۆشبوو حاجی عەبدوڵڵای باوکی یەوە لە شێخ و تەریقەتەکاندا هەبووە بەتایبەتی شێخانی #هەورەمان#و #بیاره# و #تەوێڵە#.
لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە مامۆستا سلێمان خاوەن ڕۆشنبیریەکی زۆر ئاست بەرزبووە و، مرۆڤێکی ڕڕۆشنبیر بوو، بە بلیمەت ناوی دەرکردبوو، و زمانەکانی کوردی بە هەموو شێوزارەکانی جگە لە لووڕی زۆر بەباشی زانیوە، هەروەها زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی و فارسی وتورکی زۆر بە باشی زانیوە، بە شێوەیەکی ئەوتۆ کە قسەی بەو زمانانە کردووە هەست نەکراوە کە کوردە، لەگەڵ ئەوەش ڕۆشنبیرییەکی گشتی لە ڕادەبەری هەبووە لە هەموو بوارەکاندا، بە نیمچە فەرهەنگێک دەناسرا، هەمیشە هەوڵی دەدا لە هەرشتێک شتێک بزانێت، لە بوار و پسپۆری وتایبەتمەندی خۆشی هەموو شتێک بزانێت، زۆر حەز و خولیایەکی بێ سنووری بۆ خوێندنەوە هەبوو، وەڵامی بۆ هەموو شتێک هەبوو، لەم پێناوەشدا کتێبخانەیەکی بەرفراوانی هەبووە و، زۆر ئاگاداری مێژوو بوو هەمیشە هەوڵیداوە بەهەرشێوەیەک بێت دەستی بگات بە تازەترین زانست و زانیاری سەردەم و لێی دانەبڕێت و ئاگاداری تازەترین پێشهات بوو.
لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە مامۆستا سلێمان مرۆڤێکی زۆر کۆمەڵایەتی و سادە و خاکی بووە و زۆر خۆشەویست بووە لەناو هەموو چین وت وێژەکانی کۆمەڵگە، کەسایەتیەکی زۆر بەهێزی هەبووە و خاوەن قسه و بڕیار و پرەنسیپ و دیسپلین بووە، زۆرحەزی لەمیوانداری بووە، لەگەڵ هەموو چین توێژەکانی کۆمەڵگە پەیوەندییەکی پتەو و تۆکمەی هەبووە و منداڵەکانیشی لە سەر هەمان ڕێچکە و ڕێبازن.
مامۆستا سلێمان لە ساڵی 2007 لە پیشەی سەرپەرشتیاری خانەنشین دەبێت، دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتی 16-05-2010 لە ماڵەکەی خۆی لە شاری هەولێر لە تەمەنی (71) ساڵی دا کۆچی دوایی کرد[1].