بیرەوەرییەکانی کاکیخۆم، ئەو گەنجە گەرمیانییەی لە وڵاتی غەریبیدا بوو بەمامە خەمەی کوردان
2022-03-02
هیوا ناسیح
لەم ماوەیەدا کتێبی بەسەرهاتی ژیان، یان بیرەوەرییەکانی کاکیخۆمم خوێندەوە، کە بە ناوی کاردۆخ، کوردە کە(Kardox, der Kurde، Lebensbericht)یە و چاپی یەکە می ساڵی 2018 لە ئەڵمانیا لە سەر کاغەزێکی بریقەدار و جوان و قەبارەی مامناوەند کە 364 لاپە ڕەیە بڵاوکراوەتەوە، . زیاتر لە 30 وێنە و دەیان بەڵگەنامەی کوردی و ئەڵمانی لە پاشکۆیدا چاپکردوە، کتێبە کەیان دەوڵەمەندتر کردوە.
دیاره من یەک لە ئارەزووەکانم خوێندنەوە ی بیر ەوەریی مرۆڤەکانە، جا کورد بێت یان بێگانە، کە گۆڕانکاری و بەرزی و نزمی زۆریان لە ژیاندا بینیوە و تاڵی و سوێری و ساردوگەرمی ڕۆژگاریان زۆر چەشتوە. ڕۆژێکیان بە ڕێکەوت چاوم کەوتە سەر ئەم کتێبه، زانیم هی کوردێکی خەمزەدە و کەسەردیدەیە بۆیە یەکسەر کڕیم، بەڕاستی خوێندنەوەی ئەم بیرەوەرییانەی کاکیخۆم محیەددین تام و چێژێکی تایبەتی پێ بەخشیم، ئەشێ لەبەر ئەوە بێت هەندێک خاڵی هاوبەش لە نێوانماندا هەیە، هەر چەندە جیاوازی تەمەنیشمان بڕێک زۆرە، وەک ئەوەی ئەویش کوردە و خەڵکی گەرمیانه، خاک و وڵاتی خۆی لەبیرنەکردوە، ئاوارەی ئەوروپا بووە و لێرە توانیویەتی زمان باش فێرببێت و لەگەڵ کۆمەڵگای ئێرەدا ئاوێته ببێت. یان ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت، یەکەمجارە بیرەوەریی کوردێکی پەڕاگەندەی هەندەران بە زمانی بیانی دەخوێنمەوە.
دیارە نوسینی بیرەوەریی، کە یەکێکه لە ژانرە گرنگەکانی ئەدەب و خوێنەری زۆرە لە جیهاندا، بۆ ئێمەی کورد و بە زمانی بێگانە بایەخی تایبەتی هەیە، چونکە لە سەرێکەوە لە میانەی گێڕانەو ەی ڕووداوەکانەوە کە بەسەر خۆمان و گەلەکە مان هاتوە، چەوسانەوە و خەبات و بەرگری و کۆمەڵکوژییەکانی گەلەکەمان بە خوێنەری بیانی دەناسێنین، هاوکات دابونەریت و کەلتوری گەلەکەمان پێیان ئاشنا دەکەین، وەک لێبوردەیی، میواندۆستی، بەخشندەیی، هاودەردی و هاوخەمی کەسوکار و دراوسێ بۆ یەکدی... هتد. له سەرێکی تریشەوە بۆ هاوزمانە کەمان گرنگن، کە دەیخوێننەوە، له و ڕووەوە کە پڕە لە ئەزمونی ژیانی دەربەدەریی و ئاوارەیی و کارکردن و خوێندن و ئاوێتەبوون لەگە ڵ کۆمەڵگەی خۆرئاواییدا، هاوکات دانەبڕان لە خەبات بۆ ئازادی و مانەوەی گیانی نەتەوایەتی بە مانا مرۆڤایەتییە پێشکەوتووخوازییەکەی له و کوردانەی لە وڵاتانی بیانی و هەندەران دەژین، ئینجاش فێربوون و زانیاری دەربارەی کەلتور و دابونەریت و ڕ ەفتاری ژیانی ڕۆژئاوا و یاسا و ڕێساکانیان له ژیانی ڕۆژانەدا.
کاکیخۆم لە گوندی عوسمانەلەکه ی نزیک کەرکووک ساڵی 1955 تێیدا لە دایکبووە، له خێزانێکی گەورەدا، لەوێوە بەسەرهاتی دەربەدەری و هەژاری و چەرمەسەری ژیانی دەست پێ دەکات، کە ئەم هێشتا مناڵێکی هەشت ساڵانە و باوکی بە هاندانی دراوسێیەکیان دەینێرێتە بەر خوێندن. ئیتر لە و کاتەوە چیرۆکی دەربەدەریی و گوندسوتانیان دەست پێ دەکات، ئاوارەی کەرکووک دەبن، لە هەژاری و ناچاریدا هەر بە مناڵی لە گەڵ براکەیدا نۆکی کوڵاو دەفرۆشن، سەرەتای لاویی بە خوێندن و کرێکاری و بە پاسکیلێکەوە بەسەربردوە، لەگەڵ عەشقبازی و سیاسەتدا هاوتەریب خەریکبووە، ئە و لاپەڕانە قەسیدە ناودارەکەی شێرکۆ بێکەسی نەمری بیرخستمەوە (یادەوەریی پاسکیلێکی کەرکووکی) بیرخستمەوه.
ناوبراو ساڵی 1978 لە کوردستان دوای زیندانی و ئەشکەنجە ی بەعس و ئەمنی کەرکووک هەڵدێت و دەگاتە ئیتالیا و دواتر بەرلین، لەوێوە لەپاڵ کار و زمان فێربوون و دواتر خوێندنی زانکۆیدا، بەردەوام بەهانای ئه و کوردە ئاوارانەوە دەچێت، که تازە دێنە ئه و وڵاتە و بەتایبەت بەرلین، بە چاوپۆشین لەوەی خەڵکی کوێن و لە کام پارچەی کوردستانەوە هاتون، دەگێڕێتەوە کە چۆن ئەم وەک خوێندکارێک لە شوقەیەکی بچوکدا ژیاوە، پەیتا پەیتا کوردە پەناخوازە تازەگەیشتووەکانی بردۆتەوە بۆ ماڵی خۆی و هاوڕێکانی، تەنانەت جارێکیان و سەروەختی کۆڕەوەکە سێ خێزان کە ژمارەیان 13 کەس بووە لە وێستگەی شەمەندەفەری ئەوێوە دەباتەوە بەره و شوقەکەی خۆی! کە تەواو کەنەفت و ماندووی ڕێگە بوونە، نانی داونەتێ و خۆی لای هاوڕێکەی خەوتوە تا چەند ڕۆژێک لای ئەم حەساونەتەوە و ئینجا خۆیان تەسلیمی فەرمانگەکانی ئەوێ کردوە. هاوکات خەریکی خەباتی سیاسی بووە لە خۆپیشاندان دژی ڕژێمی بەعس و لەگەڵ کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا، کە چالاکترین ڕێکخراوی ئەوکاتی کوردەکانی ئەوروپا بووە. هاوکات لەگەڵ کۆمەڵێک کچ و کوڕی کورد و ئەڵمانی تردا گروپێکی هەڵپەڕکێی کوردیشیان دامەزراندوە و لە وێ و وڵاتانی تری ئەوروپا لە نەورۆز و بۆنەکانی تردا چالاکی هونەرییان سازکردوە.
کاکیخۆم خۆی ناوی کاردۆخە، بەڵام بەردەوام لە قسەکردندا کاکی خۆمی بەکارهێناوە و ئیدی کوردەکانی بەرلین لە بەر خۆشەویستی ناویان ناوە کاکیخۆم. خۆیشی ئەو ناسناوەی پێ خۆش بووە و کردویەتییە نازناوەکەی. ناوبراو زانستی کۆمەڵایەتیی (سۆسیۆلۆجی) ی لە بە ڕلین خوێندووە، پڕۆژەی دەرچوونەکەی بەناوی (ژنانی کورد و ژیانیان لە ئاسۆی مێژوودا)یە.
کاکیخۆم دەربەدەریی و کۆڕەوی کورد 1991 زۆر کاری تێدەکات، چەند ڕۆژێک دەرگە لەسەر خۆی دادەخات و تەلەفونیش هەڵناگرێت، نامەیەکی کاریگەر بۆ دایکی دەنوسێت، دواتر دەیکاتە ئەڵمانی و لە ڕۆژنامە و ڕادیۆی بەرلیندا بڵاودەکرێتەوە، هاوکات سەروەختی کۆڕەوەکە لەگەڵ چەند هاورێیەکی کورد و چەند دۆستێکی کورددا، کە ناویانی یادداشت کردوە، کۆمیتەیەک بۆ فریاکەوتن و بەهاناوەچوونی خەڵکی لێقەوماوی کورد دروست دەکەن، بە هاوکاریی ژووری پزیشکانی بەرلین چەند دکتۆر و چەندان تۆن دەرمان و کەرەستەی پزیشکی ڕەوانەی سەر سنور و نێو ئاوارەکان دەکەنەوە، دواتر دەست دەکەن بە کاری تر لەمانە ئاوەدانکردنەوەی پێنج نەخۆشخانەی سەفەری لە ناوچە جیاجیاکانی باشوری کوردستان بە بادینانیشەوە، دروستکردنی نەخۆشخانەیەک لە هەڵەبجە، مەسرەف و پشتیوانی ماددی ئەم نەخۆشخانانە بۆ ماوەی سێ ساڵ، دوای گەڕانەوەی خەڵک بۆ باشور لە ئاوارەیی و هەڵمەتی ئاوەدانکردنەوەی گوند و شارۆچکە ڕووخاوەکان، کۆمەڵەی ناوبراو لە گەرمیان سێ گوندیان ئاوەدانکردۆتەوە لەگەڵ دروستکردنی دوو قوتابخانەی سەرەتایی، هاوکاری ماددی بۆ پاککردنەوەی کانیاو و کارێزەکان، جۆماڵکردنی جۆگەکان، دروستکردنی ئاشێکی ئاو لە گەرمیان، بنیادنانی تەنکییەکی ئەمباری ئاو لە خانکێ نزیک دهۆک.
هاوکات لەبەر ئەوەی کوردستان بەهۆی گەمارۆی ئابوری لەسەر عێراق و هەروەها ئه و گەمارۆی ئابورییەی ڕژێمی سەددامیش لەسەر ناوچه ئازادکراوەکانی دانابوو، ڕەوشی ئابوری خەڵک لەوپەڕی خراپیدا بوو، جوتیاران گەڕابوونەوە گوندەکانیان بەڵام پارەی بنە تۆویان نەبوو، کۆمە ڵەکە لە سێزدە گوندی قەرەداغ و گەرمیان و قەڵاسێوکە 12 جۆر تۆویان بەسەر دەیان جوتیاردا دابەشکردوە. هەموو ئەم کارانە نزیکەی 200 هەزاردۆلاری تێچووە، کە بە کۆکردنەوەی کۆمە ک و پشتیوانی کوردانی ئەوکات و دۆستانی کورد لە ئەڵمانیا و بەتایبەت بەرلین ئەنجامیانداوە. دوای هاوسەرگیریش لەگەڵ ئوتای هاوڕێیدا، کە کچێکی ئە ڵمانی بووە لە گروپی هەڵپەڕکیی کوردیەکەیاندا، پێکەوە بەردەوام سەرقاڵی خزمەتکردنی کورد و ناردنەوەی هاوکاری بوونە بۆ کوردستان. بەڵگەنامەکانی پاشکۆی کتێبەکە کە نزیکەی 30 لاپەرەیە بە کوردی و ئەڵمانی، گەواهیدەری ئەم کارانەن.
شتێکی دی کە ئەم بیرەوەرییانە لە هی زۆربەی کەسانی تری ڕۆژهەڵاتی و کورد جیادەکاتەوە ئەوەیە، کە کاکیخۆم بێ شآردنەوە، باسی سەروەختی لاوی و سەرەتای گەنجی خۆی و یەکەم عاشقبوون و دەسلەملانێی پەناوپەسیر و سەربانان و مە مکگرتن دەکات، کاتێکیش لە ئەڵمانیا ئەم گەنجێکی باڵابەرز و قیت و قۆزبووە لەوەدا بەختەوەر بووە، کە چەندان کچە هاوڕێ و دۆست و دولبەری ئەڵمانی عاشقی دەبن و ئەمیش بە وردی و بێپەردە باسی چێژبینین له حەزوئارەزووەکانی خۆی لەگەڵیاندا دەکات، دیارە ئەم شتانە زۆربەمان کاتی گەنجی گەر بۆمان لوا بێت کردومانە، بە ڵام بە هۆی فشاری کۆمەڵایەتی لەژیانماندا به نهێنی دە یانهێڵینەوە و نایاندرکێنین، لەمڕوەوه کاکیخۆم له زۆربای یۆنانی دەچێت، کەسەرەڕای کار و خەبات و بەجێهێنانی بەرامبەر خە ڵک و نەتەوه و دەوروبەرەکەی بەڵام هەمیشەش چێژبینین و ڕابواردن و خۆشی بینین لە کات و ساتەکانی ژیانی فەرامۆش نە کردوە.
ئەوەی کە بیرە ورەییەکانی ناوبراوی زۆر سەرنجڕاکێش کردوە، ئەوەیە ئەم لە یەککاتدا چۆن توانیویەتی، خەباتی نەتەوەیی، کاری خێرخوازی و مرۆڤدۆستی، هونەر و خوێندنی زانکۆ و ئینجاش عەشقبازی لەگەڵ کچانی ئەوروپی خۆی فەرامۆش نەکات و کۆبکاتەوە! هەر بەڕاستی سەرسامم بووم بەم توانایەیان.
شایەنی باسە لە نەوەدەکاندا چەندان کەسایەتی سیاسی و نوسەر و ئەدیب سەردانی ماڵی کاکیخۆمیان کردوە و لە دەفتەری یادداشتەکانی ماڵیاندا یادەوەریی خۆیان تۆمارکردوە، لەوانە، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، مامۆستا جەلال جەوهەر، دکتۆر کەمال میراودەلی و...هتد. کە نامەکانیان لە پاشکۆی کتێبەکەدا بڵاوکراوەتەوە.[1]
سەرچاوە:Kardox, der Kurde, Lebensbericht , Berlin, 2018, Bus Verlag, Kachichom Muhyaddin,
. ISBN: 978-3-944909-54-7.