رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک ڕایدەگەیێنێت، تیمی سێ زانکۆی جیهانی لەو پارێزگایە خەریکی گەڕانن بەدوای شوێنەواردا و نزیکەی 2000 شوێنەوار دۆزراونەتەوە و تۆمار کراون.
د. بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک بە ڕادیۆی ڕووداوی ڕاگەیاند، لە ساڵی 2012وە دەستمان بە تۆمارکردنی شوێنەوارەکان کردووە؛ بەر لەوە لە سەردەمی بەعسدا نزیکەی 600 شوێن تۆمار کرابوون. توانیومانە گرێبەست لەگەڵ سێ زانکۆی جیهانیدا بکەین کە ئەڵمانی، ئیتاڵی و پۆڵەندین، بۆئەوەی ئەو شوێنەوارانە تۆمار بکەین. توانیومانە لەگەڵیاندا نزیکەی دوو هەزار جێگەی شوێنەواری تۆمار بکەین.
بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک ئاماژەی بەوە دا، ژمارەی شوێنەوارەکان لە پارێزگای دهۆکدا زۆر لەوە زیاترە، بەڵام هێشتا نەتواندراوە تۆمار بکرێن.
بەپێی گرێبەستێک، بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆک ڕێگە دەدات ئەو زانکۆیانە کار بکەن و لە توانایان دڵنیا نەبنەوە ناهێڵن کار بکەن؛ تاوەکو ئێستاش داواکاریی چەند زانکۆیەکیان ڕەتکردووەتەوە کە ئەو توانایەیان نەبووە کارەکە بکەن.
د. بێکەس بریفکانی ئاماژەی بەوە کرد، چەند جارێک هەوڵمان داوە بەڕێوەبەرایەتییەکانی شوێنەوار بخرێنە سەر وەزارەتی ناوخۆ و لە زۆر وڵاتدا وایە، نەک ئەوەی لەسەر وەزارەتەکانی شارەوانی و گەشتوگوزار و ڕۆشنبیری بن. ئەوەیش بۆئەوەی کارمەندی وەزارەتی ناوخۆ بیانپارێزن.
بڕیارە لە پارێزگای دهۆک پارکێکی شوێنەواری دروستبکرێت کە ڕووبەرەکەی 135 کیلۆمەتر دووجایە و لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا گەورەترین دەبێت.
بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک ئاشکرای کرد، ئەو پارکە شوێنەوارییەی بڕیارە دروستبکرێت، ناوەندی ڕۆشنبیری، مۆزەخانە، کتێبخانە و باخی گەشتیاران، ئەسپسواری و زۆر شتی دیکەی تێدا دەبێت. مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵێش دەستپێدەکرێت و ساڵی 2026 تەواو دەبێت.
د. بێکەس بریفکانی ئەوەیشی خستەڕوو، بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکەوە زۆر شوێنەوار کەوتوونەتە بەر مەترسی و بەشێکیشیان بۆردوومانیان بەرکەوتووە، هیچ تیمێکی شوێنەوارییش لەبەر مەترسیداربوون نەیانتوانیوە بچن لێکۆڵینەوە لە شوێنەوارەکانی ناوچەکانی شەڕ بکەن.[1]