رووداو دیجیتاڵ
پرۆژەی ڕاکێشانی بۆریی گازی سرووشتی بۆ شارۆچکەی گەڤەری سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان دەستیپێکرد.
ئیدری ئاکبیک، پارێزگاری جۆلەمێرگ لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکەن گازی سرووشتی لە 2023 - 2024 بگاتە گەڤەر، بۆ ئەم مەبەستەش دەست بە ئامادەکارییەکان کراوە. پارێزگاری جۆلەمێرگ ئاماژەی بەوەش کردووە، لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا پرۆژەی وەبەرهێنانی زۆر گرنگ لە گەڤەر کراون.
ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەی پرۆژەکانی گەشەپێدان و پێشخستنی گەڤەر دەستپێکراوە و دوای دەرچوونی تەندەر بۆ پرۆژەکە کۆمپانیای بەرپرسیار دەستیکردووە بە ڕاکێشانی هێڵی گازی سرووشتی لە ناوچەی باغشڵی-یەوە تاوەکو ناوچەی ئینانڵی کە درێژییەکەی 38 کیلۆمەترە.
هەروەها عیسمەت تورفەنت، بەڕێوەبەری کاروباری ڕاکێشانی هێڵی گازی سرووشتی بۆ گەڤەر ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 کیلۆمەتریان هەڵکەندووە و حەوت کیلۆمەتریش بۆرییان داناوە.
بەپێی ئامارەکانی گرووپی کۆمپانیاکانی هێڵەکانی بۆری و گواستنەوەی نەوت (بۆتاش)ی تورکیا، ساڵی 2020 لە باکووری کوردستان و تورکیادا 48 ملیار و 300 ملیۆن مەتر سێجا گازی سرووشتی بەکارهێندراوە. هەروەها لە ساڵی 2021دا بەکارهێنان 23% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 61 ملیار و 601 ملیۆن مەتر سێجا.[1]