لە ئەمریکا پرۆسەی دادگاییکردنی سەزگین باران کۆرکماز، کارسازی کوردی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو، کە لە نەمسا دەستبەسەر کرابوو و هەینیی ڕابردوو ڕادەستی ئەمریکا کرایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 19ی تەممووزی 2022 بە کاتی ئەمریکا، سەزگین باران کۆرکماز دوای ڕادەستکردنەوەی بە ئەمریکا بۆ یەکەمین جار لە دادگە ئامادەبوو.
لە دانیشتنەکەی دادگە، کە لە سێیەمین دادگەی سالت لەیک سیتی لە ویلایەتی ئوتا بەڕێوەچوو، سەزگین باران کۆرکماز و پارێزەکانی ئامادەبوون، کە بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە، ساختەکاری و ڕێگریکردن لە دادوەری، دادگایی دەکرێت.
سەزگین باران کۆرکماز خاوەنی هۆڵدینگی SBKە و تۆمەتبارە بەوەی لە هەژمارە بانکییەکانی خۆیەوە لە تورکیا و لوکسەمبۆرگ بە شێوەیەکی نایاسایی زیاتر لە 133 ملیۆن دۆلاری سپی کردووەتەوە.
کۆرکماز تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە، دادوەر ڕایگەیاند، لە دانیشتنی داهاتوودا کە ڕۆژی 21ی ئەیلوولی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، دادوەری سەرەکیی دۆسیەی کەیسەکە لە دانیشتنەکەدا ئامادە دەبێت.
دوای کۆتاییهاتنی دانیشتنەکە، کۆرکماز ڕەوانەی زیندان کرا.
هەینیی ڕابردوو کۆرکماز لە نەمساوە بە فڕۆکە گوازرایەوە بۆ نیویۆرک و دواتر بە یاوەریی کارمەندانی جێبەجێکردنی یاسا لە وەزارەتی دادی ئەمریکا، ڕەوانەی شاری سالت لەیک سیتی کرابوو.
کۆرکماز، تۆمەتبارە بەوەی فێڵی لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کردووە بە تۆمارکردنی فۆڕمی ساختەی باجی داهات بە بڕی یەک ملیار دۆلار لەگەڵ جاکۆب کینگستۆن و ئیسایا کینگستۆن و لیڤۆن تێرمێندژیان بۆ بەرهەمهێنانی بایۆدیزەل لەسەر ناوی کۆمپانیای واشاکی بۆ وزەی نوێبووەوە، کە لە شاری پلایمۆسی سەر بە ویلایەتی یوتا دایمەزراندبوو.
رۆژی هەینی 15ی تەممووزی 2022 وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەو پارەیەی ئەم کەسانە لەڕێگەی ساختەکاریی بایۆدیزڵەوە بەدەستیان هێناوە، خانووی گرانبەهایان کڕیوە و سەروەت و سامانیان کۆکردووەتەوە. کۆمپانیای بایۆفارما بەلەمێکی گرانبەهای بەناوی شاژن ئان، لە تورکیا هۆتێلێکی گرانبەها و لەسەر ڕووباری بۆسفۆر ڤێلایەک و شوقەیەکی کڕیوە.
وەزارەتی دادی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا، لەڕێگەی کاربەدەستانی لوبنانەوە دەستگیراوە بەسەر بەلەمی شاژن ئان. بەهۆی تۆمەتەکانی تورکیا و ئەمریکاوە ڕێگری کراوە لە دەستڕاگەیشتنیان بە سەروەت و سامانەکانی دیکەیان لە تورکیا و ئەوروپا.
کۆرکماز کە تۆمەتبارە بە درۆکردن لەگەڵ بریکارەکانی فیدراڵی، تۆمەتباریشە بەوەی لە ساڵی 2018دا فێڵی لە جاکۆب کینگستۆن و ئیشایا کینگستۆن کردووە.
ئەگەر کۆرکماز تۆمەتەکانی بەسەردا ساخ ببنەوە، ئەوا بۆ هەر تۆمەتێک دەتوانرێت سزای 20 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا بسەپێندرێت.
سەزگین باران کۆرکماز ڕۆژی شەممە 19ی حوزەیرانی 2021 لەسەر داوای ئەمریکا لە شارۆچکەیەکی نەمسا بە دووریی 250 - 260 کیلۆمەتر لە ڤیەننای پایتەختی ئەو وڵاتە دەستبەسەر کرا و لەو کاتەوە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و ئەمریکا قۆناخی یاساییان بۆ ڕادەستکردنەوەی دەستپێکرد.[1]