فەرمانداری گشتی هێزەکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتە ڕۆژئاوای کوردستان و لەگەڵ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبۆوە، ڕاشیگەیاند، دڵنیایی تەواو دەدەین بەهەسەده و خەڵکی ڕۆژئاوا ڕێگە بەتورکیا نادەین هێرشبکات.
کەنداڵ جودی پەیامنێری شارپرێس لەڕۆژئاوای کوردستان ئاشکرایکرد، مایکڵ کوریلا فەرماندەی فەرماندەیی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی کوردستان سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووه و لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبوونەوەیەکی ئەنجامداوە.
بەگوێرەی ئه و زانیاریانەی بەپەیامنێری شارپرێس دراوە لەبارەی ئه و کۆبونەوەیە، فەرماندە باڵاکەی ئەمریکا بەعەبدی وتووە، دڵنیایی تەواوتان پێدەدەین ڕێگە بەهیچ ئۆپەراسیۆنێک نادەین لەدژی هەسەده و ڕۆژئاوای کوردستان و دەبێت ئۆپەراسیۆنەکان لەدژی چەکدارانی داعش بەردەوامییان هەبێت.
سەردانی فەرماندە باڵاکەی ئەمریکا لەکاتێکدایە، دوێنێ فەرماندەی هێزەکانی سوپای ڕوسیا لەسوریاو سەرۆک ئەرکانی سوپای سوریاش گەیشتنە قامیشلۆ لەڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ فەرماندەیی هەسەدە کۆبوونەوه و دڵنیاییان دا لەبارەی ڕێگریەکانیان لەئۆپەراسیۆنی تورکیا لەدژی ڕۆژئاوای کوردستان.[1]