#عەلی تولابی# عەلیی گیان.. زۆر سوپاس کە لەبری پایتەختی کوردایەتیی، پایتەختی وڵاتەکەی خۆتت هەڵبژارد بۆ ناساندنی زمان و هونەر و جوانییەکانی ناو دونیای کولتووری ئێمە.
سوپاسگوزارم کە نەهاتی لە سلێمانیی و هەولێر ئەم نماییشە سەنگیینە بکەیت! چونکە دڵنیام دواجار لەسەر شەقامەکان، ئەگییرسایتەوە و لەگەڵ هاوتەمەنەکانت ناچاری کلێنس و پاکەت فرۆشتن ئەبوویت، بۆ بەدەست هێنانی ژەمە نانێک.
تۆ کچێک نەبوویت بێیت و ببیت بە مۆدێل و نماییشکار تا بەرپرسێک بیکردیتایە بە هیی خۆی و پارەت پێ پەیدا بکات. دواتر لە ناو میدیا و لەبەردەم هەڕەشەی موسەقەف و مەلا و ئەهلی دیین و خەڵکی ناسک و عەشایەر و بۆینباخ لە مل و کچانی ئێمەدا ڕسوا و بێنرخ ببیت.
ئەمەوێ ئەوەت پێ بڵێم ئەم سەنگ و قورساییە هیی ئەوەیە تۆ لە سەکۆی میدیایەکی ناو ئەم ڕژێمی کوردایەتییەوە دەرنەکەوتیت و ڕێگەیەکی ڕاستت هەڵبژارد بۆ ناساندنی خۆت و هونەر و بەهرە مەزنەکەت، ئەم سەرکەوتنەش بەرهەمی ئەو هەوڵە دروستەیە.
ئەمەوێ بڵێم ئەگەر ڕۆژێک نووسیینێکی بێنرخی یەکێک لە قەڵەمە ڕسواکانی کوردایەتییان نیشاندایت و ویستیان پەلکێشت بکەن بۆ ناو لیتاوی فاشیزمی کوردایەتیی، شەقێکی تێهەڵدە و وەسف و سەنا درۆیینەکانیان بدەرەوە بە ناوچەوانیان دا.
دڵنیام دێنە سەر ڕێگەت، میدیاکانیان خۆیان ئەگەیەننە دامێنت و ئەبنە میوانە چارە گرانەکانی بەر دەرگەکەت. ئەزانم ناچار ئەبیت، بەخێرهاتنیان بکەیت، بەڵام تکات لێ ئەکەم مەهێڵە وەکو خۆیانت لێبکەن و بتهێننە ئاستی خۆیان.
تۆ ئێستا ئایکۆنی گەلێکی هەشتا ملیۆنییت. کورد، فارس، تورک و ئازەریی و ئەو هەموو قەوم و قیلەیەی ئێران شانازییت پێوە ئەکەن و بە هیی خۆیانت ئەزانن. هەر لەوێدا و لە لووتکەدا بمێنەرەوە. جگە لەوانیش، هەزاران مرۆڤی کوردزمانی وەکو من کە خەڵکی وڵاتەکەی تۆ نیین، بەهەمان شێوە شانازییت پێوە ئەکەین و سەربەرزین پێت و چێژمان بیینی لە سەدا و چریکە خوداییەکەت.
من وەکو هاووڵاتییەکی کورد، سوپاسی تاران ئەکەم. ئێمە نموونەی #ئەحمەد کایا#ی مەزنمان هەیە لە تورکیا لە پێش تۆدا! کاتێک لە بەردەم هونەرمەندە گەورەکانی تورکیادا تەنها ئەوەندەی گوت (لە ئەلبومی ئاییندەمدا بە زمانی کوردیی گۆرانیی ئەڵێم) هەر لەوێدا لێی هار بوون، سەرکۆنەیان کرد، پەلاماریان دا، هەر ئەوەندە مابوو بەرد بارانی بکەن. دواترش وڵاتبەدەریان کرد.
خۆشبەختانە لە وێستگەکەی تۆدا ئەوە ڕووی نەدا! بەڵکو پێچەوانەکەیمان بیینی و ڕێزت لێ گییرا. ئەم سەرکەوتنەی تۆ، قۆناغێکی مێژووییە. ئەو هەڵوێستەی هونەرمەند و پسپۆڕانی میدیایی و هونەری ئێران، جێگەی ستایشە.
من هیچ گومانم لە توانا جاویدانییەکانی تۆ نییە، بەڵام ئەم دانپیانانە جێگەی ڕێزە و ڕقی قەومیی کاڵ ئەکاتەوە. ئەمەش پەیامێکی پیرۆز و سەنگیینە بۆ ئێستای ئەو ناوچە برییندار و ماندووەی، قوربانییەکی گەورەی سەدان ساڵەی شەڕی قەومیی و تائیفیی و مەزهەبیی گەلانی دواکەوتووی ئەو ناوچەیەن کە بە خۆرهەڵاتی ناویین ناوئەبرێت.
دووبارە سوپاس بۆ تۆ کە هەیت
هەروەها سوپاس بۆ تاران کە ڕێزیان لە تۆ گرت.
لێرەوە ئەوە بەیان ئەکەم کە هەڵوێست و ڕوانیینم بۆ هونەر، میدیا و دەسگا ڕۆشنبییرییەکانی ئێران، بۆ هەتا هەتایە گۆڕا[1].
هێمن ڕەئوف
20-07-2022