ناونیشان: کارەساتەکانی زمان
ئامادەکار: شەماڵ محەمەد
زمان ئامرازی دەربڕین و پیشاندانی کەلتورە، شوناسی نەتەوەیە، یەکێک لە گرنگترین جیاکەرەوەکانی هەر نەتەوەیەک زمانەکەیەتی، هەر نەتەوەیەک زمانێکی دەوڵەمەند و بەهێزی نەبێ ئەوا نەتەوەیەکی لاوازە و ناتوانێ کێبڕکێ بکات لەگەڵ نەتەوەکانی تر و لە کاروانی مرۆڤایەتی دادەبڕێ.
$چۆن زمان بەهێز دەبێ؟$
زۆر هۆکار هەن دەبن بە هۆی بەهێزکردن و بڵاوکردنەوەی زمانێکی دیاریکراو، داگیرکاری و باڵادەستی لە کاریگەرترینیانە، ئینگلیزەکان نەتەوەیەکی بچوک بون بەڵام چونکە چەندین شوێنی گرنگیان لە جیهان داگیرکرد و زمانی خۆیان تیایاندا بلاوکردەوە، ئێستا زمانی ئینگلیزی زمانی یەکەمە لە جیهان، هۆکاری تریش هەن وەک گرنگیدان بە زانست، ئینگلیزەکان هەر لە کۆنەوە زۆر گرنگییان بە زانست داوە، بۆیە داهێنانەکان زۆربەی بە ئینگلیزی بون و سەرەتاش سەرچاوە زانستییەکان بە زمانی ئینگلیزی بڵاودەکرێنەوە.
ئێمە نامانەوێ زمانی کوردی بکەین بە زمانێک هەمو جیهان قسەی پێ بکات چونکە نە دەتوانین دنیا داگیربکەین و نە لە زانستیش هێندە پێشکەوتوین تا ببین بە سەرچاوەی زانستی جیهانی، بەڵام خۆ هیچ نەبێ دەتوانین لە ناوخۆ و دەوروبەری خۆمان گرنگیی پێبدەین و لە لەناوچون بیپارێزین، خۆ دەتوانین زمانی کوردی لەو وڵاتانە بپارێزین کە ژمارەیەکی زۆر کوردیان تێدایە، چونکە بەڕاستی ئەگەر بەو شێوەیەی ئێستا بڕوا چەند ساڵێکی تر زمانی کوردی لەناودەچێ، دیارە کە زۆر زمانیش لە مێژودا هەبون و لەناوچون.
$هۆکارەکانی لەناوچونی زمان چین؟$
هۆکار زۆرن بۆ لەناوچونی زمان، لەوانە هۆکاری سیاسی، کاتێک داگیرکار یا زۆرینە زمانێکی دیاریکراو دەسەپێنێ بەسەر وڵاتێکی داگیرکراو کەمینەیەک لەنێو هەمان وڵات، سەرەنجام زمانی کەمینە لاواز دەبێت و ئەگەر خەمخۆری نەبێت ئەوا لەناودەچێ. هۆکاری ئابوریش کاردەکاتە سەر زمان، بۆ نمونە ئەو ئاوارانەی کە وڵاتانی خۆیان بەجێدەهێڵن و ڕودەکەنە وڵاتێکی باشتر لە پێناو دەسکەوتنی ژیانێکی باشتر، دەبێ زمانی ئەو وڵاتە فێرببن، منداڵ و نەوەکانیان زمانی باوانیان بەچاکی فێرنابن و بە تێپەڕینی چەند نەوەیەک زمانەکەیان لەناودەچێ. هۆکاری تریش هەن وەک هۆکاری کەلتوری، یا کارەساتی سروشتی، بۆ نمونە لە ساڵی 2004 بومەلەرزە و زریانی بەهێز 230 هەزار کەسی کوشت کە هیند، دیارە کە لە هیند زیاتر لە 1000 زمانی ناوچەیی هەیە بەڵام هەمویان بە یەک زمانی یەکگرتو قسە دەکەن کە هیندییە.
$کورد و زمان$
زمانی کوردی لە دۆخێکی زۆر خراپدایە، ئەگەر سەرنجی میدیاکان بدەین ئەو ڕاستییە تاڵەمان بۆ ڕون دەبێتەوە، جگەلەوەی چەند شێوەزارێکی جیا لە میدیاکان بەدی دەکرێن، هەڵەی زمانەوانی و ڕێنوسیی زۆر ناشرین بەدی دەکرێن بەداخەوە.
یەکێک لە کێشەکان بەکارهێنانی وشەی بیانییە، دیارە کە میدیاکاران زۆربەیان شارەزاییەکی ئەوتۆیان لە زمان نییە و وشەی کوردیی ڕەسەن نازانن، خۆشیان ماندوناکەن تۆزێک بگەڕێن یا بپرسن، بۆیە هەر زو پەنادەبەنەبەر بەکارهێنانی وشەی بیانی، یا جاری وا هەیە بەداخەوە بۆ شانازیکردن بەکاری دێنن، گوایە ئەگەر وشەی نامۆ و سەیر بەکاربێنی خەڵکی بە ڕۆشنبیرت دەزانن ! کە تەواو پێچەوانەکەی ڕاستە.
خۆی نەبونی زمانێکی ستاندارد بۆ نوسین و خوێندن و نوسراوە فەرمییەکان بەڵگەیە لەسەر لاوازیی کەلتور و زمان، سەرباری ئەو هەمو هەڵە زمانەوانی و ڕێنوسییانەی کە بەدی دەکرێن!
هەندێک لە هەڵەکان پەیوەستن بە وەرگێڕان، دیارە کارمەندان و داڕێژەرانی هەواڵ لە میدیاکان شارەزای زمانی کوردی نین بۆیە زۆرجار وشەی بیانی بەکاردێنن، بەلام لەویشدا هەر شارەزانین بۆ نمونە وشەی (بوجە) لە زمانی ئینگلیزی (Budjet)ە، لە ئینگلیزی پیتی (d) ناخوێنرێتەوە، بەڵام لای خۆمان هەمو میدیاکان بە (بودجە) دەینوسن، کە بەڕاستی کارەساتە...
یا جاری وا هەیە دەستەواژە وەردەگێڕن لە وەرگێڕانێکی هەڵە، وەک (لا وجود لە)، دەیکەن بە (بونی نییە)، لەکاتێکدا (بونی نییە) هەڵەیە، یاخود وشەی (فی الوقت الحالی) دکرێت بە (لە ئێستادا) کە ئەویش دیسان هەڵەیە...
کێشەیەکی تر هەیە لە بەکارهێنانی (وو) من خۆم بەکاری ناهێنم، زۆر جار بە هەڵە بەکاردێت وەک لە وشەی (وردبینی)، وشەی وردبینی (وو)ی پێویست نییە، هەرچەندە من لە هیچ وشەیەک بە پێویستی نازانم.
یا لەکاتی کۆکردنەوەی وشەکان زۆبەی کات یان پیتی (ی) کەم دەنوسن یا زیادی دەنوسن، وەک (یاری) دەبێتە (یارییەکان)، (یاریەکان) هەڵەیە.
کارەساتەکانی بواری زمان زۆرن و بە نوسینێک و دوان باس ناکرێن، چارەسەریشیان سەخت نییە ئەگەر خەمخۆران لە خەمی زمان و کەلتوری نەتەوەکەی خۆیان بن.