لیژنەی تەنسیقی یەکێتی و بەعس لە شارەکاندا
بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرک و کارەکانی حیزب و هێزی پێشمەرگە و بەتایبەت چارەسەرکردنی نەخۆش و بریندارەکان، لەنێو ڕژێمی بەعس و یەکێتیدا لیژنەی تەنسیق پێک هێنرا و ئاوات عەبدولغەفوور بووە لیژنەی تەنسیق لە #سلێمانی# و مەفرەزەیەک پێک هێنرا بۆ لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە و ڕێگرتن لەو پێشمەرگانەی بەبێ ئاگاداری بەرپرسەکانیان دەچنەوە ناو شارەکان. وەهاب بۆ ئەو مەبەستە دەستنیشان کرا، بەڵام هێشتا مەفرەزەکەی وەهاب نەیدەتوانی ڕێ لە هاتوچۆکردنی هەندێک پێشمەرگە بگرێت کە سەربەخۆ دەهاتنەوە نێو شار و تەنانەت تووشی کێشە دەبوون. ڕژێمی بەعس تەواو کۆنترۆڵی خۆی کردبوو و هەموو تاوانەکانی بە چەکدارە کوردەکانی خۆی دەکرد، واتە شەڕی خۆی بە کورد لە دژی کورد دەکرد. ڕۆژانە ئەندامەکانی نێو ڕێکخستنەکانی دەستگیر دەکرد و لە کاتی گفتوگۆکردنیشدا بڕیاری بەسەربازبوونی هاوڵاتییانی دەدا و داوای دەکرد ئەو کەسانەی لە تەمەنی سەربازیدان، دەبێت ببنە سەرباز و لەنێو شارەکاندا دەیان مەفرەزەی بڵاو دەکردەوە و ئەو هاوڵاتییانەی نەچووبوون بۆ سەربازی؛ دەستگیری دەکردن و زیندانەکانی پڕ بوون لە پێشمەرگە و ئەندامانی ڕێکخستن و سەربازی هەڵاتوو. لەگەڵ ئەوەشدا گفتوگۆ لەئارادا بوو و ئاوات عەبدولغەفوور لە سلێمانی بەرپرسی لیژنەی تەنسیق بوو و وەهابیش مەفرەزەکەی لە سلێمانیدا بوو، بەبەر چاوی خەڵک و لیژنەی تەنسیق و وەهابەوە، زیندانەکان ڕۆژانە بە پێشمەرگە و دۆست و لایەنگرانی شۆڕش و سەربازی هەڵاتوو پڕ دەکران، لە هەمان کاتیشدا وەفدی دانوستان کە وەک ئاماژەم بە ناوەکانیان دابوو کە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بوون، لە هاتوچۆکردندا بوون و لە بەغداد لەگەڵ سەرانی بەعسدا وتووێژیان دەکرد، ناشرینترین و قێزەوەنترین ڕەفتاری بەعس لەوەدا بوو لە کاتی گفتوگۆدا ڕەشبگیریی دەکرد و دەبووە هۆی ناشرینبوونی یەکێتی و ساردبوونەوەی سۆز و خۆشەویستیی هاوڵاتییان. جگە لەوەی ڕژێمی بەعس لەنێو شار و شارۆچکەکان پێشمەرگەی تیرۆر دەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا مەفرەزە تایبەتەکانی خۆی دەناردە گوندەکانی سنووری ئازادکراوی هێزی پێشمەرگە و سەربازی هەڵاتووی دەستگیر دەکرد. ئێمە وەک کەرتی پێنجی شەهید هاوڕێ جەبار، تیپی 47ی پیرەمەگروون، لە قەیوانەوە بۆ دۆڵەڕووت بە تراکتۆرێک بەڕێ کەوتین، لە کەڵکی قەیوان کە لەدامێنی زنجیرەچیای قوتەی دوو برا کە بەسەر گوندی خەمزەدا دەڕوانێت و لەگەڵ چیای ئەزمڕدا یەک دەگرنەوە و ڕێیەکی سەختی بەردەڵانی بوو، لە دیوی دۆڵەڕووتەوە بەو ڕێیە سەختەدا سەر دەکەوتیت کە پێی دەوترا کەڵکی قەیوان و شۆڕ دەبوویتەوە بە دیوی ئەودیودا دەچوویتە گۆندی قەیوان، من و تۆفیق ناوسراو بە هونەر؛ فەرماندەی مەفرەزەکەمان بوو، دواتر لە ڕێی ناوتاقان شەهید بوو، لەگەڵ ئازاد #کەرکووک#ی ئێستە لە ژیاندا ماوە؛ لە پێشەوەی تراکتۆرەکە دانیشتبووین و لەسەر شاخەکە تایەیەکی ڕاستی تراکتۆرەکە دەرچوو، ئەوانەی لە پێشەوە دانیشتبووین، خۆمان هەڵدایە خوارەوە و تراکتۆرەکە لەسەر شاخەکەوە بە عەرەبانەکەی پشتیەوە کە پڕ بوو لە پێشمەرگە، تل بووەوە و کەوتە خوارەوە، یانزە پێشمەرگەمان بریندار بوون.
ئەو پێشمەرگانەی کە بریندار بوون و ناوەکانیانم لەیاد ماوە: ئەردەڵانی ئیسماعیل، لوقمانی سدیق سوارە، عەبدوڵڵای سدیق سوارە؛ دواتر لە سلێمانی دەستگیر کرا و لەسێدارە درا، مام کاوە، دڵشاد پوورزای لوقمانی سدیق سوارە، هەندێک پێشمەرگەی تر ناویانم لەیاد نەماوە، ئەم بریندارانە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کران، منیش شەوانە لەگەڵ سێ پێشمەرگەی تردا چاودێریمان دەکردن نەبا تووشی کێشە و گرفت بن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لیژنەی تەنسیق و مەفرەزەکەی وەهاب ئاگادار بوون بەوەی تووشی ئەو کارەساتە بووین و زۆر جاریش وەهاب سەردانی دەکردین، شەوێک لەپڕ چەند چەکدارێکی ڕژێم هاتنە لام و داوای ئەوەیان کرد کە دەیانەوێت شەو لەگەڵماندا بمێننەوە و مەبەستیان خراپ بوو، بەڵام من بە زووترین کات هەواڵم بۆ فەرماندەی کەرتەکەمان؛ عومەر حەسەن ناسراو بە عومەر عەرەب نارد و ئەویش بەخێرایی داوای گواستنەوەی بریندارەکانی کرد و بریندارەکانمان بەرەو نەخۆشخانەی سوورداش برد.
بۆ سبەی فەرماندەی کەرتەکەمان عومەر حەسەن (عومەر عەرەب) و سەڵاحی حاجی عەلی ناسراو بە سەڵاح چاوزەق جێگری فەرماندەی کەرتەکەمان، هەرسێکمان گەڕاینەوە بۆ سلێمانی بۆ هەندێک کاری تایبەت، لە نیوەڕۆخوانێکدا لە ماڵی مستەفا حەسەن ناسراو بە مچە سوور لە گەڕەکی مەجید بەگ کە ئەندامی ئیختیالاتی ناوشار و ڕێکخستنە نهێنییەکان بوو، پێش نانخواردن بە نیوکاتژمێر هەواڵی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکی کەرتەکەمان؛ بەکری حاجی فارسمان پێ گەیشت کە بەفەرمی لەلایەن ئاوات عەبدولغەفوور لیژنەی تەنسیق نێردرابوو کە لە نەخۆشخانەی سلێمانی چارەسەر بکرێت، لە ڕاستیدا کاریگەریی کردە سەر هەمووان و هەرسێکمان دەستمان کرد بە گریان و بڕیارمان دا دەبێت لە هەمان کات و ساتدا تۆڵەی ئەو تێکۆشەرە قارەمانە بکەینەوە. دواتر باسی جۆری شەهیدکردنی دەکەم. فەرماندەی کەرتەکەمان داوای لە خاوەن ماڵەکە کرد و وتی: نەبێتە ئەرک نانەکەمان بۆ دانێن، بەڵام تکایە لای مەبەن! ئەوانیش سفرەیان ڕاخست و نانی نیوەڕۆیان بۆ ئامادە کردین و پێمان ڕاگەیاندن یەک کاتژمێری تر دێینەوە، با ئەو خواردنە لە شوێنی خۆی بێت. هەرسێکمان لە ماڵ بەدەر کەوتین و بەرەو منەزەمەی جەیشی شەعبیی شەهید عوسمان لەلایەن خەڵکییەوە بە تۆپیو عوسمان ناو دەبرا، لەسەر شەقامی تووی مەلیک و فلکەی سجن بەڕێ کەوتین، لەبەردەم منەزەمەکەی جەیشی شەعبیی شەهید عوسمان سێ چەکداری بە ڕەگەز عەرەبی سەر بە ڕژێم؛ پاسەوانیی بارەگاکەیان دەکرد و لەگەڵ چووینە بەردەمیان و بەبێ هیچ پرسیارێک دەستڕێژیی گوللەمان لێ کردن و لەبریی ئەو تاوانەی دەرهەق بە تیکۆشەری دێرینی کەرتەکەمان شەهید بەکری حاجی فارس کرابوو، بە سزای شۆڕشمان گەیاند و چەکەکانیانمان هێنا و گەڕاینەوە بۆ ماڵەکە و خواردنەکە سارد ببووەوە، دواتر فەرماندەی کەرتەکەمان داوی لێبوردنی کرد کە وتبووی ئەو خواردنە ناخۆین تاکوو تۆڵەی شەهیدبوونی بەکری حاجی فارس نەکەینەوە، تەنها لەبەر ڕێزی ماڵەکە یەکی پەرداخێک ئاومان خواردەوە و بەخەمناکی ماڵئاواییمان لە خانەخوێ کرد. بە ئێستەشەوە خۆم بە هەڵە نازانم کە تۆڵەی شەهید بەکری حاجی فارسمان کردووەتەوە، چونکە ئێمە بە کاری تایبەتی کەرت و شۆڕش و سەرقاڵی هەندێک لە بریندارەکانمان بووین، بەڵام چەکدارەکانی ڕژێم فرسەتیان لە پێشمەرگەکانمان دەهێنا و شەهیدیان دەکردن.
#شەهاب کەریم#
#مێژوویەک لە لوولەی تفەنگەوە؛ ڕۆژگارە سەختەکانی شاخ 1979-1991# [1]