فوئادی مەجید میسری لەبریی کوشتن، جامێک تێزابی بە دەموچاودا بکرێ
ئەوەی لەناو ئەو ڕایە دەربڕاوانەدا لە هەمووان زیاتر تووشی نیگەرانی و حەپەسانی کردم، ڕای یەک لە هاوڕێ نووسەرەکانمان بوو: با نەکوژرێ. من پێشنیار دەکەم لەبریی کوشتن، جامێک تێزابی بە دەموچاودا بکرێ، بۆ ئەوەی تا دەمرێ، نەتوانێ لە ئاوێنەشدا تەماشای خۆی بکا! لە بەشی کۆتایی ئەم بابەتەدا، جارێکی تر بەکورتی باس لە بیروڕای جیاواز و چیرۆکی کوشتنی فوئادی مەجید میسری دەکەم بە بەڵگەی سەلمێنەر کە خۆم بۆ چەند ڕۆژیک پێکەوە بووین و بەشداری ئەو مێژووە بووین و نەوشیروانیش خەریکی ڕەدوونان و کوشتن و زیندانکردنی کادرانی ناو ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە و کادرانی شاخ بوو. چیرۆکی گرتن و کوشتنیان، مێژوویەکی درێژ و خوێناوییه.
دوای ڕاپەڕین کۆی دیمەنەکەم لەلا ڕوون بۆوە، نامەوێت نه خۆم بکەم به پاڵەوان و نه ناوی کەس بڵێم و باسی ڕووداوی دیکه بکەم کە خوێناوین و بێمانا ڕوویان دا. من خۆم لێرەدا ناکەم بە حاکم بەسەر مێژوودا، بەڵام دەزانم شۆڕش بەگشتی لە دنیادا هەر وا بووە، چەندە فاشیزم دەڕووخێنێت، دە ئەوەندە فاشیزمۆچکەی بچووک له هەناوی خۆیدا دروست دەکاتەوە.
هەندێک لەوانە وەک ئه و بەعسی و جاشانە وەها بوون سەرەتای ڕاپەڕین خۆیان دەشاردەوە، کەچی دوای چەند ساڵێک لە حزبەکاندا و له دەزگاکاندا لە فۆرمی جۆراوجۆردا دەر دەکەو تنەوه. ئێستاش دەبینین هێزێک هەیە که دەیەوێت ناوی پێشمەرگە ناشرین بکات، ناوی ڕێکخستنەکان و جەنگاوەرە دێرینەکان، ئه و هێزە لەناو حزبەکاندا دووبارە جێگەی خۆیان کردەوە و گەندەڵییش زیاتر ژینگەیەکی بۆ ترووکاندنی ئەم فاشیزمە دروست کرد. ئەم فاشیزمە نوێیە بەردەوامە له فۆرمی گەندەڵیدا، له فۆرمی چەواشەی مێژووی شۆڕشدا و له فۆرمی بەبنەماڵەکردنی شۆڕشدا و کردنی بە کۆمپانیا بۆ منداڵی هەندێک لێپرسراوان بەردەوامیی هەیە. بەهەرحاڵ، دەمەوێت بڵێم کە ڕێکخستنەکان تاوەکوو کارەساتی هەڵەبجە و کۆتایی ساڵی 1989؛ لاواز و پەرت بوو و شێوازی شانەیی لە هەندێکدا مابوو و له هەندێکدا کرابوو بە خەتی دەزوولەیی تەنها پەیوەندی و ئاگالێبوون، چونکە ئیتر بنەما چەپەکانی بەسەختی لێ درابوو، دەتوانم بڵێم لە هەموو بنەما و خەتە ئارامییەکەی شەهید ئارام درابوو، مابۆوە تەنها قاوغێکی بەتاڵی تەتەری لەنێوان یەکتر و شاخدا. چیتر کۆبوونەوە نەمابوو، تەنها ڕاگرتنی ئەوانه بوون کە هێشتا دەیانویست ڕێکخراوەکە هەڵنەوەشێت، بەڵام له ڕاستیدا ڕێکخراوەکە هەڵوەشابوو. ڕاستە چەند ئیختیالاتێک کرا، بەڵام ئەمە بۆ ورەی خەڵک بوو و لە توندوتۆڵیی ڕێکخراوەکەوە نەبوو.
#شەهاب کەریم#
#مێژوویەک لە لوولەی تفەنگەوە؛ ڕۆژگارە سەختەکانی شاخ 1979-1991# [1]