فادی مەرعی، ئەندامی ئەمنیداریی گشتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە دیمانەیەکی (باسنیوز)دا وردەکاریی کۆنگرە و ڕێکخستەنەکانی ئەنەکەسە لە ڕۆژئاوای کوردستان باس دەکات و دەڵێت، ئەنەکەسە بە خوێنێکی تازە و گەرمەوە دەکەوێتە گۆڕەپانی سیاسی و باشتر خۆی نوێ دەکاتەوە و دەشڵێت، چەندین پارتی دیکەش هاتوونەتە نێو ئەنەکەسە.
(باسنیوز) ئێستا ئەنەکەسە بە چییەوە سەرقاڵە؟
فادی مەرعی: ئێستا وەک ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) سەرقاڵی کۆنگرەی چوارەمی ئەنجوومەنی خۆمانین، لە کۆتا کۆبوونەوەی ئەنجوومەندا لیژنەکانی پێک هێنراون بۆ گیرانی کۆنگرە و و پەیڕەوی ناوخۆ و بەشەکان، بۆ ئەوەی هەموو چین و توێژەکان بەشداری کارایان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەندا هەبیت.
(باسنیوز) هیچ ئاستەنگییەک لە بەردەم ئێوەدا هەیە بۆ گرتنی کۆنگرەتان لە ڕۆژئاوای کوردستان؟
فادی مەرعی: ئەم جارە کۆنگرەی خۆمان لە قامیشلوو دەبەستین، جاری پێشووتر ئەنەکەسە ویستی کۆنگرەی خۆی ئەنجام بدات، بەڵام گرووپی گەنجانی شۆڕشگێڕ سەر بە پەکەکە نەیانهێشت کۆنگرەی خۆمان ببەستین، سەرباری ئەوەش ئەنەکەسە کۆنگرەی خۆی هەر دەبەستێت و بە خوێنێکی تازەوە دەچینە خەباتی سیاسییەوە، چونکە ڕۆژئاوا مڵکی هیچ حزبێک نییە، بەڵکوو مڵکی هەموو کوردە.
(باسنیوز) دەتانەوێت چ گۆڕانکارییەک لەنێو ئەنەکەسەدا بکەن؟
فادی مەرعی: ئەنەکەسە خەباتێکی سیاسیی دیموکراسی ئەنجام دەدات و بڕوای بە گۆڕانکارییەکان هەیە، بۆیە دەمانەوێت گۆڕانکاری بکەین و خەڵک و دەموچاوی نوێی سیاسی بهێنینە نێو ئەنەکەسە و خەڵک پشتیوانی ئەنەکەسەیە، چونکە دەزانن ئەنەکەسە خەباتی سیاسی و مەدەنی و دیموکراسی دەکات و لەسەر ڕیبازێکی پیرۆزە، کار بۆ کورد و کوردستان دەکات بۆ ئەوەی گەلی کوردستان بە مافەکانی بگات، ئێستاش هاتنی خەڵک بۆ نێو ئەنەکەسە بەردەوامە.
(باسنیوز) ئێوە بۆ هاتنی حزب و ڕێکخراوەکان بۆ نێو ئەنەکەسە چ کارێک دەکەن و خەڵک چۆن پێشوازی لە ئەنەکەسە دەکەن؟
فادی مەرعی: بەڵی، هاتنی حزب و ڕێکخراوەکان و کەسانی سەربەخۆ و ئەکادیمی بۆ نێو ئەنەکەسە بەردەوامە و لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنەکەسەشدا هاتنی پارتی گەلی کوردستانی سووریا، عەبدلسەمەد خەلەف برۆی بۆ نێو ئەنجوومەن پەسەند کرد.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە 16 پارتی سیاسی و چەندین ڕێکخراو و تەڤگەر و کەسانی سەربەخۆ و ئەکادیمی پێک دێت ئەم ئەنجوومەنە شوێنی خەباتی سیاسیی ڕۆژئاوای کوردستانی سووریایە و دەستەی سەرۆکایەتییەکەی لە پێنج کەس پێک دێت.[1]