ناو: ئەنوەر
ناوی باوک: تاهیر خدر
نازناو: مەلا ئەنوەر
ساڵی لەدایکبوون: 1941
$ژیاننامە$
مەلا ئەنوەر-مۆسیقا ژەن
نووسینی: #خالید عومەر عوسمان#
ناوی تەواوی (ئەنوەر تاهیر خدر) ە، ساڵی 1941 لە شاری #کۆیە# گەڕەکی قەڵا لەدایک بووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە کۆیە تەواوکردووە، ساڵی 1959 ڕوو دەکاتە بەغدا بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن و لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا وەردەگیرێت، یەکەم قوتابی کورد بووە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان ئامێری (قانوون) بە شێوەی ئەکادیمی بخوێنێ، لە هەموو کوردستان ژەنیاری ئامێری قانوون نەبووە، سەرەتا لە بەشی ئامێری (کلارنێت) وەرگیرا بەڵام لەبەر ئەوەی جگەرە کێشێکی بێ ئەندازە بووە نەیتوانیوە بەردەوام بێت، بۆیە دواتر بەشی ئامێری قانووی هەڵدەبژێرێت، ساڵی 1962 پەیمانگا تەواو دەکات و لە هەمان ساڵ بووەتە مامۆستای هونەر لە قوتابخانەی (غەزالی) شاری کەرکووک، لە کەرکووک دەبێتە ئەندامی تیپی مۆسیقای سۆلاڤ و چەندین کار و چالاکی تێدا ئەنجام دەدات، هونەرمەند ئاواز دانەر بووە و ئاوازی بۆ گۆرانیبێژ (عەلی عەزیز) داناوە بۆ گۆرانی (بۆ ئەو یارە لێم زیزە) لە هۆنراوەی ڕەمەزان زامدار، هەروەها ئاوازی بۆ گۆرانی (هەر تۆم خۆش ئەوێ) لە هۆنراوەی ڕەمەزان زامدار، لەو ماوەیەی لە تیپی مۆسیقای سۆلاڤ بووە دۆستایەتییەکی پتەو لەگەڵ هونەرمەند (شەوکەت ڕەشید) درووست دەکات، ئەم پەیوەندییە دەبێتە پەیوەندی خانەوادەیی، ساڵی 1963 لەسەر هەستی نەتەوایەتی لە شاری کەرکووک دەسگیر دەکرێت و دوای ماوەیەک ئازاد دەکرێت، ساڵی 1964 لە شاری کەرکووک ژیانی هاوسەری پێکدێنێت و بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییە دوو کوڕ و سێ کچە، دوای مانەوەی (5) ساڵ لە کەرکووک لە ساڵی 1967 بە یەکجاری دەگەڕێتەوە کۆیە و وانەی هونەر بە منداڵانی شارەکەی خۆی دەڵێتەوە و لە هەمان کاتیشدا ئەندامێکی چالاکی تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە دەبێت، مەلا ئەنوەر ئەندامی کۆمەڵەی بوژانەوەی هونەرە جوانەکانی کورد بووە لە کۆیە، دوایی ئەو کۆمەڵەیە بوو بە تیپی باواجی کۆیە و هونەرمەند مەلا ئەنوەر لە دەستەی دامەزرێنەران بووە، بەردەوام کاری هونەری گۆرانی و مۆسیقا لە کۆیە پێشکەش دەکرد و بە تیپە باشەکانی کوردستان دادەنرا، ئەوەبوو لە 1972/3/1 لە وەزارەتی ڕۆشنبیری ئێراق مۆڵەتی یاسایی پێدرا، هەر لەو ساڵەدا توانیان لە ستۆدیۆی ژمارە (2) ی تەلەڤزیۆنی بەغدا (11) گۆرانی ڕاستەوخۆ تۆمار بکەن، هونەرمەند مەلا ئەنوەر کاتێک قوتابی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا بووە لەگەڵ هونەرمەند (زاهیر محەمەد) دەچنە ڕادیۆی کوردی بەغدا بە مەبەستی تۆمار کردنی کاری هونەری، لەو سەردەمە هەر دەنگ خۆشێک ڕووی لە ڕادیۆی ناوبراو کردبا سەرەتا لەلایەن لیژنەیەکەوە دەنگی تاقی دەکراوە، لیژنەکەش پێکهاتبوو لە (عەلی مەردان-ئەحمەد خەلیل-نازم نەعیم) ، هونەرمەند ئەنوەر تاهیر وەک گۆرانیبێژ ڕەزامەندی لەسەر دەدەن کە گۆرانی بۆ تۆمار بکەن، لە هەمان ڕۆژدا هونەرمەند (عەبدوڵڵا دڵسۆز) یش پەسەند دەکرێت، هونەرمەند ئەنوەر تاهیر و عەبدوڵڵا دڵسۆز چەند گۆرانییەک بۆ ڕادیۆ تۆمار دەکەن، گۆرانییەکان لە ئاوازی هونەرمەند (زاهیر محەمەد) دەبن، هونەرمەند ئەنوەر تاهیر جگە لە ژەنینی ئامێری قانوون ئاوازی بۆ گۆرانی (بۆ بتبینم بە غەمناکی) بە دەنگی وریا عوسمان داناوە، مەلا ئەنوەر لە ماوەی ژیانی هونەریدا زۆر هونەرمەندی پێگەیاندووە، ستوونێکی گرنگ و پتەوی تیپی باواجی کۆیە بووە، بەداخەوە لە #1996-1-14#ماڵاوایی لە ژیان و هونەر کرد و لە گۆڕستانی کۆیە بەخاک سپێردرا، لە دوای خۆی (دوو کوڕ و سێ کچ) ی بەجێهێشتووە، تەنیا هونەرمەند (زانا ئەنوەر) ی کوڕی ڕێبوارێکی بە ئەمەکی ڕێگا پیرۆزەکەی باوکییەتی و ئامێری قانووی دەژەنێ.
ئەم ژیاننامەم لە هونەرمەند (زانا ئەنوەر) ی کوڕی هونەرمەند وەرگرتووە لە 2021/8/19[1]