داوا دەکرێت عێراق و ئێران سوود لە ئەزموونی دادوەری کۆمەڵایەتی هەورامان وەربگرن
K24 – هەولێر:
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا و بە بەشداری دەیان توێژینەوەی نێودەوڵەتی و ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای ئێران و سەدان توێژەر و ئەکادیمیست و مامۆستایانی زانکۆ لە زانکۆی ڕازی کرماشان لە کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ یەکەمین جار کۆنفرانسی نێودەوڵەتی هەورامان بەڕێوەچوو.
کۆنفرانسەکە بە دروشمی (کەلەپووری جیهانیی هەورامان و گەشەپێدانی بەردەوام- گرنگی تۆماری جیهانیی هەورامان لە لایەن ڕێکخراوی یۆنسکۆوە) ئەنجامدرا.
لە ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکەدا و لە مەراسیمی کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا وەزیری ڕ ۆشنبیری ئێران و پارێزگاری کرماشان و نوێنەری هەورامان لە پەرلەمانی ئێران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی ئێران وتەیان پێشکەش کرد و جەختیان لەسەر گرنگی بایەخدانی فراوانتری حکومەت بە هەورامان کردەوە.
هاوکات عەباس غەزالی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بە ناوی چڤاکی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستانەوە وتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەسەر گرنگیپێدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەورامان کردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە (پێویستە هەوڵی فراونکردنی کاری هاوبەشی نێوان ڕۆشنبیران و توێژەران بدرێت بۆ ئەوە باشتر بەسەر ئاڵنگارییە کلتورییەکاندا سەرکەوتوو بین.
لە پانێڵێ یەکەمی کۆنفرانسەکەشدا هەریەک لە (د. حەسەن دانایی فەڕ) باڵوێزی پێشووی ئێران لە عێراق، (د. موئمین زەڵمی) مامۆستای زانکۆ و ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان، و (د. محەمەدڕەزا مەجیدی) نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە یۆنسکۆ وتاریان پێشکەش کرد.
لای خۆیەوە د. موئمین زەڵمی ڕایگەیاند: هەورامان دەتوانێت لە چەند گۆشە نیگای جیاوازەوە ببێتە ئەڵقەی بەهێزکردنی پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاماژەی بەوەشکرد گرنگە بەرپرسانی هەورامیی لە هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندی نزیکتریان هەبێت لە پێناو باشترکردنی پەیوەندی دوو حکومەت، هەروەک سوود لە لایەنی گەشتیاری هەورامان وربگیرێت (گەشتیاری دیپلۆماسی) بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و پێگەی هەورامان و دۆخی دادوەری کۆمەڵایەتی و ئەوەی کە لە ناوچەی هەورامان کەمترین توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان هەیە دەکرێت ببێتە ئولگوویەکی سەرکەوتوو بۆ باشترکردنی دۆخی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا و هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران دەتوانن سوود لە ئەزموونی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەورامان وەربگرن.
ئەو ڕۆشنبیرەی هەرێمی کوردستان پێشنیازی سازکردنی کۆنفرانسی هاوبەش و هەوڵی هونەری و فەرهەنگی هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانی کرد و باسی لەوەشکرد: سنوری جوگرافی هەرێمی کوردستان و ئێران لە ناوچەی هەورامان تەنها جۆگەیەکی ئاو لە ناو باخە گوێزەکانی ناحیەی بیارە جیایکردووەتەوە و هەڵگرتنی ڤیزای سەفەر بۆ دانیشتوانی هەورامان و کردنەوەی ناوچەی بازرگانی ئازاد لە هەورامان دەتوانێت خزمەتێکی فراوان بە پەیوەندی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بکات.
لە ڕۆژی دووەمی کۆنفرانسەکەشدا دەیان توێژەری زانکۆکانی ئێران و سلێمانی و هەولێر توێژینەوەکانیان لەسەر تەوەرە جیاوازەکانی کۆنفرانسەکە پێشکەش کرد.
هەورامان دەڤەرێکی فراوانی سەرسەوزی کوێستانییە لەسەر سنوری هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و ژمارەی دانیشتوانەکەی بە نزیکەی 700000 هەزار کەس هەژمار دەکرێت، کە نزیکەی 600 گوند و شار و شارۆچکەی دەکەوێتە سنوری ئێران و 23 گوند و ناحیە و شارۆچکەی دەکەوێت سنوری هەرێمی کوردستانی عێراقەوە.[1]