دوای ئەوەی ڕووداو چاوپێکەوتنی لەگەڵ پیاوێکی کاکەیی کرد، کە دەڵێت لەلایەن حەشدی شەعبییەوە سەر و سمێڵی تاشراوە، #وەزارەتی پێشمەرگە# ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەم کردەوەیە جێگەی قبووڵکردن نییە.
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کردووە، داوا لە هێزە ئەمنییەکانی #کەرکووک# دەکەین، دەستبەجێ، لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم پرسە پێکبهێنن و تۆمەتباران دەستگیربکرێن و ڕووبەڕووی یاسایان بکەنەوە، بۆئەوەی هیچ کەس و لایەنێکی دیکە هەوڵنەدات ئەم جۆرە کردەوە ناشیرنانە دووبارە بکاتەوە.
لەبارەی هۆکاری ڕووداوەکە، پێشتر ئەو گەنجە بە ڕووداوی ڕاگەیاند، قسەی نەشیاویان بەرامبەر کورد و پێشمەرگە کردووە و ئەویش نەیتوانیوە خۆی بگرێت و بە هەمان شێوە وەڵامی داونەتەوە و دوای ئەوەی دەنگی تۆمارکراوە، ئەو بێڕێزییەی بەرامبەر کراوە. بە گوتەی ئەو گەنجە، هەوڵی کوشتنی دراوە و لێیدراوە، بەڵام دواتر لەلایەن ستافەکەی خۆیانەوە ڕزگار کراوە.
مامی ئەو گەنجە کوردەی حەشدی شەعبی سەر و سمێڵی (شواربی) تاشیوە بە ڕووداوی گوت، گوللەیەکیان پێوە بنایە، لەوە باشتربوو (سمێڵی بتاشن).
هاوکات خۆپێشاندانێکیش لە کەرکووک دژی ئەو کارەی حەشدی شەعبی ڕێکخرا و یەکێک لە کوردانی کاکەیی داوایکرد، ئەو کەسەی ئەو کارەی بەرامبەر گەنجە کاکەییەکە کردووە ڕادەست بکرێت و لە بەرامبەر ئەو کارەیدا دەستی ببڕدرێتەوە.
دەقی ڕاگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە:
ئەمڕۆ 23ی تەمووزی 2022، لە ڕووداوێکی نەخوازراو دا، مەفرەزەیەکی حەشدی شەعبی، هەڵیان کوتاوەتە سەر (پ. م ئەیمەن عەبدی جاسم) پێشمەرگەی لیوای 9ی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، دوور لە هەموو عورف و یاسایەک، ئەم مەفرەزەیە زۆر بە شێوەیەکی ناشیرین سوکایەتیان بەو پێشمەرگەیە کردووە و کاری نەشیاویان بەرامبەر ئەنجام داوە.
ئێمە ڕایدەگەیەنین: کە ئەم کردەوەیە جێگای قبوڵ کردن نیە، داوا لە هێزە ئەمنیەکانی کەرکووک دەکەین، کە دەست بەجێ، لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم پرسە پێک بهێنن و تۆمەتباران دەستگیر بکرێن و ڕووبەڕووی یاسایان بکەنەوە، بۆئەوەی هیچ کەس و لایەنێکی تر هەوڵ نەدات ئەم جۆرە کردەوە ناشیرنانە دووبارە بکاتەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە
23ی تەمووزی2022[1].