سەر و سمێڵ تاشین
ڕەفتاری چ تاقمێکن؟
دوو ڕۆژە، میدیاکان سەرقاڵی سمێڵ و سەرتاشینی پێشمەرگەیەکی کاکەین. ئەم ڕەفتارەش، لەلایەن سێ کەسی حەشدی شەعبیەوە، لە یادی (7) ساڵەی دامەزراندنیان، ئەنجامدراوە. لەکوێ ؟ لە ئامرلی لای #کفری#، کە ئەگەر بە هاوکاری هێزی پێشمەرگە نەبوایە، شیعەکانی ئەو ناوچەیە، تەفر و تونا دەکران.
لێرەدا، ناچمە ناو هەڵدانەوەی قەتماغەی سیاسی و عەسکەری، ئەمەیان، بۆ مێژوو با بمێنێ. ئەوەی لام گرنگە..ڕەفتارەکەی سێ کەسی حەشدی شەعبییە.
جارێ، با بپرسین، لەدوای سەرهەڵدانی داعشەوە، ئایا، تاقە کاکەییەکیش لەهەموو جیهاندا بوەتە داعش؟ بێگومان نەخێر. ئەی هەموو ئەوانەی بونەتە داعش، ئایا موسڵمان نەبوون؟ بەڵێ توندڕەوترین موسڵمان بوون!!
کەچی، ئەم سێ حەشدە، لەبری ئەوەی ڕێزی کاکەییەکان بگرن، کە تاقە کەسێکیشیان نەبونەتە داعش و دەستیان لە ڕشتنی خوێنی هیچ موسڵمانێک و مرۆڤێک نەژەنیووە، چاکەیان بە ئەتک کردن دەدەنەوە.
ئەم ڕەفتارە، ڕەنگدانەوەی پەروەردەی ئەو کەسانەیە ئەنجامیان داوە. کە ئەم پەروەردەیە ڕەگ و ڕیشەی لەناو ئەقڵیەتی فاشیانەدا، ڕۆچووە. بە ڕای من، مشتێک نمونەی خەروارێکە، هەموو کوردێک لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دەبێ بزانن، کورد لەمە زیاتر بێخاوەن بکەونە بەردەستی ئەم تاقمانە، جگە لە تەعریبی بەردەوام، ئەتکی بەردەوامیش دەکرێن.
ئەو کاربەدەست و بەرپرسانەی هەڵوێستی لێبڕاو دژی ئەم ڕەفتارە قێزەونانە دەرنابڕن، بێگومان بەرامبەر تاوانی گەورەتریش لە ئایندەدا، دەستی هەڵپەرستییان بەکڵاویانەوە دەگرن! سەرەنجامی بێدەنگی بەرامبەر ڕەفتاری سەر و سمێڵ تاشین.. کارەساتی گەورەتری لێدەکەوێتەوە![1].