لۆزان
بەڵێننامەی بێ دەوڵەتکردنی کورد.
لە ئێستادا لەم بەشە ئازادکراوەی کوردستان، باسکردنی مێژووی کوردستان و مافی چارەی خۆنووسین، باسێک نین کە لە لایەن زۆرینەی خەڵک و بە تایبەت گەنجانەوە بەروویەکی خۆش و شیرینەوە پێشوازی لێ بکەن، ئاشکراشە هۆکارەکان زۆرن و دیارن. بەڵام مێژووش باسێکی گرنگە و سەرەڕای دڵشکاوی خەڵک، ئەو ڕاستییە ونناکرێ، کە کورد قوربانی گەورەترین زوڵمی مێژووییە.
پاش تەواوبوونی جەنگی جیهانی یەکەم (1914-1918) بەرەی براوەی جەنگ کە لە بەریتانیا و فەرەنساو ئیتاڵیا و یابان و سربیا یۆنان و ڕۆمانیاو چەند دەوڵەتێکی تر پێکهاتبوو، دەستیان کرد بە دابەشکردنی خێر و بێری جەنگ بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و مەرجیان بە سەر وڵاتانی دۆراوی جەنگدا سەپاند. کە بریتی بوون لە وڵاتانی ڕووسیای قەیسەریی و ئیمپراتۆریای عوسمانیی و چەند دەوڵەتێکی تر.
لە ڕێکەوتی 24-07-1923 لە شاری لۆزانی سویسرا، ئەم بەڵێننامە گرنگو فراوانەیان ئیمزا کرد. کە پێک هاتووە لە 143 بەند، جەوهەری پەیماننامەکە ئاگربەستی ئاشتییە لەنێوان هاوپەیمانان لە لایەک و حکومەتی نیشتمانی باڵای تورکیا، لایەکی تر. لەو سەردەمەدا جەنگی سەربەخۆیی تورکیا دژی هاوپەیمانان لەناو تورکیادا هەڵگیرسابوو. خاڵێکی تری جەوهەری لەناو بەڵێننامەی لۆزاندا هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتننامەی سیڤەری 1920 بوو، کە لە کاتی خۆیدا بە فشاری دەوڵەتانی هاوپەیمان دەوڵەتی عوسمانی کە دۆراوی جەنگ بوو ئیمزای کردبوو. کەبەپێی ئەو ڕێکەوتنە دەوڵەتێک بۆ کوردەکان لە تورکیادا درووستدەکراو ویلایەتی موسڵیش کە دەکاتە کوردستانی باشووری ئێستا، دەتوانێت خۆی بەو دەوڵەتە کوردییەوە بلکێنێ.
لە سیڤەردا بەندێکی تیادا هەیە، کە سەربەخۆیی بە هەموو گەلانە دەبەخشێ کە تورکی زمان نین.
لێرەدا باشتر وایە بە گوێرەی ڕیزبەندی مێژوویی زنجیرەی ڕووداوەکان بگێرینەوە. لە30-10-1918 لە مۆدرس دەوڵەتی عوسمانی بە ڕەسمی دەستی هەڵبڕیی و خۆییابەدەستەوە. شەریفی کوڕی حسێن کە بە شەریفی مەککە ناسراوە. لە ناوچەی حیجازی عەرەبی لە ساڵی 1916 و شۆڕشی گەورەی عەرەبی هەڵگیرساندبوو کە داوای سەربەخۆی ناوچە عەرەبییەکانی ژێر دەستی عوسمانی دەکرد، ئینگلیز کە سەرکردایەتی هێزی هاوپەیمانانی دەکرد، لە کاتی جەنگدا بەڵێنی دابوو هەموو ئەو گەلانەی کە ژێر دەستەی عوسمانین ئازادییان بکات.ئینگلیزەکان ئەفسەر (نوئێل)یان بۆ کوردستان نارد، هەتاوەکوو گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەی خێڵ و دەسترۆیشتووە کوردەکان بکات بۆ جیابوونەوە لە دەوڵەتی عوسمانی دۆراوی جەنگ.
لە پاریس ئینگلیزەکان لە 18-11-1918 کۆنگرەی سوڵحیان بەست کە کارەکانی هەتاوەکوو 1920 دریژەی کێشا. لەو کۆنگرە زۆربەی دەوڵەتان بەشدابوون، ئەم کۆنگرەیە بۆ ئەوە بوو کە پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی لەنێوان وڵاتان هاوپەیمان دابەشبکەن.
کۆنگرەی سوڵح و ژەنەراڵ شەریف پاشا
کورد بە شێوەیەکی نارەسمی بەشداری کۆنگرەکەی کرد.شەریف پاشا بە نوێنەرایەتی کۆمەڵەی تەعالیی و تەرەقی و حزبی سەربەخۆیی کورد و چەند بزاڤتێکی تری کورد بەشداریکرد، پاشان ئەندامانی نوێنەری کورد زیاتر بوون و هەریەکە لە فەخری عادل بەگ و عادل بەگ ماردینی و ساڵح بەگ حوسنە بەشدارییانکرد.
لە بەشی باشووری کوردستانیشەوە خاوەنی شکۆ مەلیک مەحمودی حەفیدی نەمر. نوێنەری خۆی بۆ کۆنگرەی سوڵح نارد، بەڵام ئینگلیزەکان ڕێگەیان پێنەدا بەشداری بکات. بۆ یەکەم جاربوو کە ئینگلیزەکان لە کۆرێکی گەورەی نێودەوڵەتی بە ڕەسمی باسی کێشەی کورد بکەن، نوێنەری ئینگلیز لە کۆنگرەکەدا وتبوی
(دەبێت هەر یەکە لە دوورگەی عەرەبیی و فەلەستین و ئەرمینیا سووریا و کوردستان بەتەواوی لە دەوڵەتی عوسمانی جیاببنەوە). بەریتانیا داوای دابەشکردنی کوردستانی بەم شێوەیە کرد، بەشی باشوور بدرێت بە ئینتیدابی بەریتانی، باشووری خۆراوا بدرێ بە فەرەنسا، کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش لەتەک ئێراندا بمێنێتەوە.
شەریف پاشا لە کۆنگرەکە داوای کوردی پێشکەشکرد.کە خۆی لەسەربەخۆیی تەواوەتیدا دەبینییەوەو داوای دەکرد هاوشانی ئەرمینیا کوردستانیش سەربەخۆ بێت.شەریف پاشا داوای کرد سنووری دەوڵەتەکە لە دەریای قەزوینەوە دەست پێ بکات بە درێژایی دەریای ناوەڕاستدا بێتە خوارەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی کورد بتوانێت سەروەت و سامانی خۆی هەناردەی دەرەوەبکات.لە هەمان کاتدا هەموو ئەوانەی کە لەو ناوچانەدا کوردی زمانن بلکێنرێن بە دەوڵەتی کوردییەوە.
کۆنگرەی لۆزان ماوەی هەشت مانگ درێژەی بە کارەکانیدا.هەتاوەکوو لە 1922 لە کۆتاییدا هاوپەیمانەکان ڕادەستی فشارەکانی تورکیای تازە بوون و دەستبەرداری بەڵێنەکانیان بۆ سەربەخۆی کورد بوون، هۆی سەرەکی بۆ پاشگەزبوونەوەیان، ترسی هاوپەیمانان بوو لە تورکیا کە بچێتە پاڵ یەکێتی تازەی سۆڤێت.
$شۆڕشی ئۆکتۆبەر و کورد$.
لە ڕاستیدا لەپاڵ فشارەکانی تورکیا. ڕوودای شۆڕشی ئۆکتۆبەر و دامەزراندنی دەوڵەتی سۆڤێت هۆیەکی گرنگ و سەرەکی بوون بۆ گۆڕانکاری سیاسەتی هاوپەیمانان لەسەر مەسەلەی سەربەخۆی کوردستان.
گەورەترین وانەی هەڵهێنجنراو لەو مێژوودا خاڵێکی گرنگ و پرماناو سەرەکییە، ئەویش گەلانی ناوچەکە بە عەرەب و تورک و ئەرمەنییەوە لەنێوان هەستی دینی و مەزهەبی و نەتەوایەتی، بەرژەوەندی نەتەوایەتیان هەڵبژارد و گوێیان بە ئایینی داگیرکەریان نەدا، شەریفی مەکە لە حیجاز کە هەڵگری کلیلی کەعبە بوو، یەکسەر لەگەڵ ئینگلیزی کافر ڕێکەوتنی کرد و دەستبەرداری دەوڵەتی موسڵمانی عوسمانی بوو، شەریفی مەکە لەنێوان هەستی موسڵمانبوون و عەرەب بووندا، بێ دوو دڵی، عەرەبوونی پەسەندکرد. تورکەکانیش بە هەمان شێوە بەرژەوەندی تورکیا لە لایان لە هەستی ئایینی زۆر گرنگتر بوو.
لە کۆتاییدا:
بەڕاستی کوردایەتی، وەکوو تێزێکی فکری و سیاسی وەهمێکی گەورەبوو؟ یان پڕۆژەیەکی دێرینە و ڕووحێکی زیندووی پێویستە؟ کێن نووسەری ئەم پەرتووکی وەهمە؟ پاشان وەهمی سیاسی هاوتایە بە ڕەوایی خەونی گەلێکی بێ دەوڵەت؟[1]