کەمال ڕەئوف نووسەر و ڕۆژنامەنووسی دیاری کوردستان لە شاری لۆزانی سویسرا ڕایگەیاند، خیانەت گیانی ئەم نەتەوەیەی داغان کردووە و دەبێت قسەیەکی جدیمان هەبێت لەسەری.
وتارەکەی کەمال ڕەئوف لەو هۆڵە پێشکەشکرا کە 99 ساڵ لەمەوبەر ڕێکەوتنی لۆزانی تیاکراو بە هۆیەوە کوردستان دابەشکرا.
کۆنفرانسەکە دەستەیەک لەکەسایەتییەکانی باکوور و باشوورو ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان سەرپەرشتیدەکرد و سەرپەرشتیاری کۆنفرانسەکە لە ناساندنی کەمال ڕەئوفدا وتی:کەمال ڕەئوف یەکێکە لەنوێنەرانی ڕاستەقینەی ئەو کۆمەڵگە مەدەنییە بەهێز وبەدەسەڵات و بوێرە.
کەمال ڕەئوف سەرۆکی دەزگەی میدیایی شارپرێس لەو کۆنفرانسەدا کە ژمارەیەکی زۆری لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتی سەربەخۆو ڕۆشنبیرو ڕۆژنامەنووسان ئامادەیبوون، لە وتارەکەیدا وتی:تەنیا نەتەتەوەی کورد زیانمەند نەبووە لەپەیماننامەی لۆزان، بەڵکوو هەموو ئەو گەلانەی لە کوردستان دەژین زەرەرمەندبوون، ئەمە پیلانێکی گەورەی نێودەوڵەتی بوو بۆ شەرعیەتدان بەچەوساندنەوەی زیاتری گەلی کوردستان، لە 99 ساڵی ڕابردوودا غەدرێکی گەورەمان لێکراوە و هەرچییان لەدەستهاتبێت بەرانبەرمان کردوویانە لەچەکی کیمیایی و ئەنفال و کۆمەڵکوژی، لەوێرانکردنی زمان و کلتوورو گۆڕینی جوگرافیا.
لەبارەی بارودۆخی کوردستان بەگشتیی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، کەمال ڕەئوف لە وتارەکەیدا وتی:ئەوەی ئێستا دەیبینین ئاوێنەی ڕابردوومانە، حزبەکان پێکەوە کۆک نین و ناتوانن کاری هاوبەش بکەن، تەنانەت لەسەر پرسە نیشتمانییەکانیش.
هەر وەک کەمال ڕەئوف بەشێکی ئەو ڕووداوانەی خستە ئەستۆی خیانەتی ناوخۆیی و وتی:بەداخەوە خیانەت لای ئێمە پێناسەی نییە، کەس نازانێت خیانەت کامەیە؟ چییە؟ چۆنە؟ لە کوێدا دەست پێ دەکات و لە کوێ کۆتایی دێت؟ بۆیە ئەوەی لای هەندێک لایەن خیانەتە لای هەندێک لایەنی دیکە دەستکەوتە... خیانەت گیانی ئەم نەتەوەیەی داغان کردووە، پێم وایە دەبێت قسەیەکی جدیشمان لەسەر خیانەت هەبێت.
وەک چارەسەرێکیش بۆ ئەم بارودۆخە، کەمال ڕەئوف ڕایگەیاند، پێویستە لەمەودوا وتارێکی جیاوازمان هەبێت، پێویستمان بەوەیە کۆمەڵگەی کوردی و نەتەوەکانی تر بەشداریی پێبکەین، بەشدارییەکی ڕاستەوخۆ نەک شکڵی، چونکە ئێستا بەشداریی شکڵیمان زۆرە.
ساڵی داهاتوو 100 ساڵی تەواو تێپەڕدەبێت بەسەر پەیماننامەی لۆزان، بۆ ئەوەش کەمال ڕەئوف داوای کرد، لەو یادەدا باشتر خۆ ئامادەبکرێت و وتی:بۆ 100 ساڵەی ئەم ڕێکەوتنە شومە کارێکی وەها بکەین نەک تەنیا لە لۆزان خۆپیشاندان و ڕێپێوان بکرێت، بەڵکوو ئەم ناڕەزایەتییە سەرتاسەریەی کوردستان بگرێتەوە.
ڕۆژی 24ی تەمموزی 1923 لە شاری لۆزانی سویسرا پەیماننامەی لۆزان لەنێوان وڵاتانی براوەی جەنگی یەکەمی جیهانی (بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، یۆنان، ڕۆمانیاو یوگوسلافیا) لەگەڵ تورکیا ئیمزاکراو تیادا کوردستان پارچەپارچە کراو دابەشکرا بەسەر تورکیا و ئێراق و ئێران و سووریادا.
پەیماننامەی لۆزان 143 مادە پێک هاتووە، لەمادەی سێیەمدا باسی سنوورەکان کرابوو، پەیماننامەی لۆزان شوێنی پەیماننامەی سیڤەری گرتەوە و زیانێکی گەورەی بە کورد گەیاند.
ئەمساڵ 99 ساڵ بەسەر واژۆکردنی ئەو پەیماننامەیەدا تێپەڕی، لە هەر چوارپارچەی کوردستانەوە ژمارەیەک کەسایەتی لە هەمان ئەو هۆڵە کۆبوونەوە کە پەیماننامەکەی تێدا ئیمزاکراو داوایانکرد بەتەواوەتی ئەو پەیماننامەیە هەڵبوەشێندرێتەوە و خۆ بۆ قۆناغێکی نوێ ئامادەبکرێت.[1]