دەقی پرسەنامەکەی مەکتەبی سیاسیی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#:
بەڕێزان خانەوادەو کەسوکاری سیاسەتمەدار و تێکۆشەر مامۆستا کەریم ئەحمەد
بەڕێزان مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی عیراق
بەرێزان مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان
لەناخی دڵمانەوە هاوبەشی خەمتانین بۆ کۆچی دوایی سیاسەتمەدارو تێکۆشەری دێریی کۆڕی خەباتی گۆڕەپانی سیاسی لە عیراق و کوردستاندا مامۆستا کەریم ئەحمەد.
مامۆستا کەریم تێکۆشەرێکی خاکی و جەماهیری بوە، وەک سەرۆک #مام جەلال# لە نوسنێکیدا باسی کردوە و دەڵێت (لە قۆناغی خوێندندا ئێمە خوێندکاری ئەو بووین بەڵام وەک خۆی تەماشای دەکردین).
مامۆستا کەریم ئەحمەد لەناو کایەی خەباتدا کە لە ناوەراستی چلەکانەوە بەحزبی شیوعی عیراق پەیوەست بوە لەسەرەتاو ناوەراستی پەنجاکاندا چەند جارێک دەستگیرکراوەو تاکو سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوو بەهۆی هاتنەسەر حوکمی بەعسیەکانەوە خەباتیان لەگەڵ شۆڕشی کوردستاندا گرێداوە.
لەوکاتانەوە دۆستایەتی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ حزبە کوردستانیەکان لای مامۆستا کەریم ئەحمەد گرنگی هەبوەو لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بۆ پێکهێنانی بەرەی کوردستانی مامۆستا کەریم ڕۆڵێکی بەرچاوی بینی لەوەی کە هەرێمی کوردستانی حزبی شیوعی بەشدارییەکی کارای هەبێت لەو بەرەیەدا. ئەم ڕۆڵانەی مامۆستا کەریم ئەحمەد کە بینیویەتی بۆ برەودانی خەباتی سیاسی بوو لە گۆڕەپانی عیراقی و کوردستانیدا دژ بەڕژێمی دکتاتۆریی بەعس.
ئیمڕۆش بۆ کۆچی دوایی ئەو تێکۆشەرە ماندوو نەناسە، پرسەو ماتەمی خۆمان بەخانەوادەو گشت ئەندامانی حزبی شیوعی عیراق و حزبی شیوعی کوردستان ڕادەگەیەنین.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!