کەمتەرخەمیی کورد و گوێ نەدان بە قانوون
دوای سێ ساڵ تێپەڕ بوون بەسەر پەیمانی سیڤەر Sèvres لە 1923 بە پێی پەیماننامەی لۆزان کۆتایی بە ئیمپراتوورییەتی عوسمانیی هات و بەندەکانی پەیماننامە سیڤەر Sèvres هەڵوەشایەوە و ڕۆژهەڵاتی تورکییە و ناوچە کوردنشینەکان کە بەشێک لە هەرمەنستان بوون، کەوتە ژێر دەسەڵاتی تورکییە و بە پێی ڕێککەوتنەکانی نێودەوڵەتیی دانیان پێ داهێنان. بەم شێوەیە بەشێکی گەورەی کوردستان خرایە ژێردەسەڵاتی تورکییە و لە پەیماننامەکەدا کێشەی کوردیان سڕییەوە و بابەتێک بە نێوی کورد و کوردستان لە ئارادا نەما. بە پێی ئەم پەیماننامەیە کوردستان بەسەر چوار وڵاتی: تورکییە، ئێران، ئێراق و سوورییەدا دابەش کرا. بە پێچەوانەی سەردەمی ئیمپراتوورییەتی عوسمانیی لە پەیماننامەی لۆزان دا شوێنێک بە نێوی کوردستان یا تەنانەت کۆڵەداریی (موستەعمەرە)یەکیش بە نێوی کوردستانەوە نەما. بە پێی ئەم پەیماننایەوە پێناسەی مێژوویی و سیاسیی کوردستان یان دزیی و بە پێی بنەمای قانوونی نێودەوڵەتیی کوردستان پارچەپارچە کرا و دانیان پێدا هێنا و مۆر کرا. عیسمەت ئینۆ نۆ سەرۆکی شاندی دانووستانی تورکییە ڕایگەیاند:
ئێمە بە یارمەتیی ئینگلیز و فەڕەنسا سەرکەوتنمان بەدەست هێنا، کێشەی هەرمەنستان و کوردستانمان لە مێژوودا ناشت.
بەڵام کێشەی کورد و کوردستان وەک برینێکی تیمار نەکراو تا بە ئیمرۆش قوڕقوڕۆچکەی تورکییەی گرتووە.
ئەوەی کە ئۆردۆغان هێرش دەکاتە سەر پەیماننامەی لۆزان، کەمتر پەیوەندیی بە کێشەی کوردەوە هەیە، زۆرتر دەگەڕێتەوە بۆ دووڕگەکانی دەریای ئیجە، کە بە پێی مادەی 16ی پەیماننامەکە جگە لە دوو دوورگەی ئیمبروسImbros و تەنەددۆس Teneddos ئەوەی تر هەمووی دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی یۆنانەوە و ناوچەکانی موسڵ و#هەولێر#یش بە فەرمیی خرایە سەر ئێراقەوە.
ئەم پەیماننامەی بۆ مستەفا کەمال دەسکەوتێکی گەورە بوو، کە بەم شێوەیە دەریبڕی:
ئەم پەیماننامەیە بەڵگەیە بۆ سەرکەوتن بە سەر ئەو گەلەکۆمەکی و پیلانەی دژ بە میللەتی تورک دەکرا و لایان وابوو، بە پێی پەیمانی سیڤەر Sèvres مۆر کراوە. ئەمە سەرکەوتنێکی سیاسییە، کە لە مێژووی ئیمپراتووریی عوسمانییدا هاوتای نییە.
هەرچۆنێک بێ، ئەم پەیماننامەیە هەندێک بڕیار لە خۆی دەگرێ، کە لە سەرووی سنوورەکانی ئەرزییەوە. بندەکانی 37-40ی بەشی سێیەم بە تێروتەسەلیی ئەو بڕیارانە بۆ بەرگریی لە مافی کەمە نەتەوایەتییەکان لە ڕووی پاراستنی ئایین و زمان و مافی سیاسیی لەخۆی دەگرێ، کە هەموو حکومەتەکانی یەک لە دوای یەکی تورکییە بە شێوەیەکی ڕێکخراو و سیستیماتیک پێشێل یان کردووە. هیچییەک لەو لایەنانەی کە بەشداری مۆرکردنی ئەم پەیماننامەیە بوون گوێیان نەداوەتە ئەم پێشێلکارییە و سەرکۆنەی حکومەتەکانی تورکییەیان نەکردووە. تا ئێستاش ڕوون نییە، ئەوەی ئۆردۆغان لە پێداچوونەوەی بەم پەیماننامەدا داوای دەکا، ئایا ئەم بابەتانەش لە خۆی دەگرێ و دژ بە ڕەچاوکردنی ئەو مافانەیە کە لە بەندەکانی 37-40 هاتووە یان نا؟
پەیماننامەی لۆزان لە هیچ شوێنێک دا باس لەوە ناکا، کە ئەم پەیماننامەیە دوای تێپەڕ بوونی سەد ساڵ هەڵدەوەشێتەوە و تورکییە مافی ئەوەی هەیە، بۆ بەرژەوەندیی خۆی دەستی تێوەردا و ئاژاوە و شەڕ بنێتەوە.
تەنانەت ڕێککەوتننامەی 1969ی ڤییەنیش کە پەیوەندیی بە لایەنی حقووقیی پەیماننامەکانەوە هەیە، باس لە بابەتێکی ئەوتۆ ناکا، کە مەبەستی ئۆردۆغانە، مەگەر ئەوەی لە پەیماننامەکەدا گونجاند بێتیان، دەنا پەیماننامەکەی نێودەوڵەتیی لە هیچ بڕگەیەکی زەمانییدا کۆتاییان پێنایە.
ئەوە بۆ بێهیوا کردن و ناچار کردنی ئۆردۆغان بۆ ڕێزگرتن لە ماف و داخوازییەکانی نەتەوەی کورد، کورد دەبێت، بگەڕێتەوە بۆ بەندەکانی 37 تا 40ی بەشی سێیەمی پەیماننامەی لۆزان و لە ڕووی دیپلۆماتیی و حقووقییەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی کاری لەسەر بکات و بەرەو داواکاریی مافی سەربەخۆیی هەنگاو بنێ.
[1]