ئەکادیمێستێکی تورک پێشبینی کردووە تورکیاش هاوشێوەی وڵاتی سریلانکا تووشی داڕمانێکی خێرای ئابووریی ببێتەوە، ئەوەش بە پشت بەستن داتاکانی پەیوەست بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان و لێکەوتەکانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا لەسەر ئەو وڵاتە، بە تایبەت کە پێشتر ئابوورییناس و شرۆڤەکاران هۆشدارییان لەبارەوە داوە و تورکیاش خۆی چەند ساڵێکە بە دەست قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنێت.
کورکوت بوراتاڤ پرۆفیسۆر و ئابووریناسی تورکی بە دووری نەزانیوە کە هاوشێوەی ئەوەی لە سریلانکا ڕوویدا لە تورکیاش دووبارە ببێتەوە وڵاتەکە ڕووبە ڕووی داڕمانی ئابووریی ببێتەوە، بە تایبەتی کە جارێکی تر دراوی ناوخۆیی بەرانبەر دراوە بیانییەکان دادەبەزێت، کە بە وتەی ئەو پڕۆفیسۆرە، ئەم دابەزینەش بۆ چەند مانگێکی تر بەردەوام دەبێت.
بوراتاڤ پێشبینی کردووە کە بەهای لیرەی تورکی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریکی زیاتر دابەزێت و لە چەند مانگی داهاتوودا بەهای دۆلارێکی ئەمەریکی بگاتە ئاستی 25 لیرەی تورکی، هەرچەندە پێشبینی کردووە لە هاویندا بەهۆی داهاتی گەشت و گوزارەوە قەرەبووی بەشێکی کورت هێنانی بازرگانیی دەرەکیی بکاتەوە.
هەروەک ئارینچ یاڵدان، شارەزای دارایی و ئابووریی تورکیا لە لێدوانێکدا سەبارەت بەم بابەتە وتویەتی: ئەگەری زۆرە لە قۆناغی داهاتوودا لیرەی تورکی زیاتر دابەزێت، ئەویش بەهۆی لاوازی گریمانەکان سەبارەت بە گەشەکردنی ئابووریی جیهانی و خراپ بەڕێوەبردنی ئابووریی تورکیا، کە ئەمەش بە واتای زیاتر قەیرانیبوونی ئابووریی ئێستای تورکیا دێت.
ئەو پسپۆرەی بواری دارایی و ئابووریی لە تورکیا بەدووری نەزانیوە کە ئەگەر بێت و قەیرانی ئابووریی ئێستای تورکیا بەردەوام بێت کێشەی ئەمنیی لەو وڵاتە سەرهەڵبدات، وتووشیەتی دووبارە بوونەوەی دۆخی سریلانکا لە تورکیا گریمانەیەکی قورسە، بەڵام بەردەوامبوونی قەیرانەکە دەرگا لەبەردەم سەرهەڵدانی گرفتی ئەمنییدا دەکاتەوە. [1]