ئەردۆگان لە بری داوای لێ بوردن، نکۆڵی لە کۆمەڵکوژی #زاخۆ# دەکات، وەزیری بەرگری عێراقیش هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ تورکیا دەکات.
ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند ئەو هێرشە تیرۆریستییەی کرایە سەر پارێزگای #دهۆک# لە عێراق، هاوشێوەی ئەو هێرشانە بوو کە لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە ئەنجامدراون، لێدوانەکەی سەرۆکی تورکیا نکۆڵی کردنە لەوەی دەوڵەتەکەی ئەو کۆمەڵکوژیەی کرد بێت و لە هەمان کاتدا خۆی لادەدا لە ناوهێنانی هەرێمی کوردستان.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ئەردۆغان لە پەخشێکی ڕاستەوخۆدا لە کەناڵی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی تورکی (TRT) ڕایگەیاند: “ئەنقەرە داوای لە ئەمریکا و ڕوسیا و براکانمان لە عێراق کردووە کە نەکەونە داوی ئەوەی کە تورکیا بە بکەری ئەو کۆمەڵکوژیە بزانن”
سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند کە هێرشەکە هاوشێوەی ئەو هێرشانەیە کە لەلایەن شەڕڤانانی پەکەکە و یەپەگە و پەیەدەوە ئەنجامدراون.
وەزیری بەرگری عێراق جومعە عناد ڕایگەیاند کە سوپای عێراقی توانای ڕووبەڕووبونەوەی سەربازیی لەگەڵ تورکیا هەیە و ناچار دەبین کە بە سوپا هێرشەکانی تورکیا ڕابگرین، بەڵام ئێمە وەک عێراق چاوەڕێی چارەسەری سیاسی و دیپلۆماسین و ڕایگەیان کە شەڕ جگە لە وێرانکردن و خوێن ڕشتن هیچی تر بە دوایی خۆیدا ناهێنێت.
وەزیری بەرگری لە لێدوانە تەلەفیزیۆنییەکانی درەنگانی ڕۆژی دووشەممەدا وتی: “عێراق ڕۆژی سێشەممە، یەکەم شەڕی دژی تورکیا لە ئەنجومەنی ئاسایشدا دەکات و چاوەڕوانین عێراق لە بواری دیپلۆماسیەتی چی بەدەست دەهێنێت”
جومعە، وتیشی: بارودۆخی سەر سنووری تورکیا و عێراق زۆر مەترسیدارە و لەهەوڵی ئەوەداین هێزەکانی پاسەوانی سنووری فیدراڵی چەکدار و بەهێز بکەین و بەرەو سنورەکان جوڵەیان پێبکەین بۆ کۆتاییهێنان بە هاتنە ناوە و دەستدرێژیەکانی تورکیا لە عێراق
سوپای تورک ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو گوندی (بەرخ)ەی گەشتیاریی سەر بە پارێزگای دهۆک تۆپباران کرد و لە ئەنجامدا کۆمەڵکوژییەکی هاوڵاتیانی مەدەنی لێکەوتەوە کە دەیان ژن و منداڵی تێدا کوژرا و بریندار بوون.[1]