سێشەممە #26-07-2022# ئەنجومەنی ئاشایشی نێونەتەوەیی لە نیویۆرک کۆبونەوەیەکی لەسەر سکاڵای عێراق دژی هێرش و داگیرکارییەکانی داگیرکەری تورکیا بەڕێوە برد، بەتایبەتی ئەم هێرشە کۆمەڵکوژیەی ئەمدواییەی بۆ سەر گوندی بەرخی سنوری #زاخۆ# کە بووە هۆکاری کوشتنی 9 هاوڵاتی و بریندار بوونی 23 هاوڵاتی تر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، وەزیری دەرەوەی عێراق توانی لە کۆبونەوەکەدا بەڵگەی پێویستی بۆ تۆمەتبارکردنی تورکیا پێشکەشبکات.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە، وتاری عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە لایەن وەزیری دەرەوەی عێراق خوێندرایەوە کە سەرکەوتوانە توانی بەڵگەی پێویست بۆ تۆمەتبارکردنی تورکیا پشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایش بکات و دیبلۆماسیەتی عێراق بەرپرسیارانە توانی بەرگری لە مافی گەلی عێراق و خوێنی شەهیدانی هێرشەکانی تورکیا بکات، ڕایگەیاند کە عێراق پێشوازی لە ئیدانەکردنی هێرشەکانی تورکیا دەکات لە لایەن وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشەوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ساڵی 2018ەوە عێراق 296 یاداشتی ناڕەزایەتیی بەفەرمی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەوە ئاڕاستەی تورکیا کردووە وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر پێشێلکارییەکانی تورکیا، کە بەکۆی گشتی 22 هەزار و 742 پێشێلکاری بەرامبەر خاک و سەروەریی عێراق ئەنجامداوە، هاوکات چوار داواکارییشی ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کرد بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بەهۆی ئەم دۆخەوە، ئێمە لەبەردەم هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەڕێگەی ئەنجوومەنی بەرێزەوە دووپاتی دەکەینەوە، کە هیچ ڕێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان عێراق و تورکیادا نییە سەبارەت بە ڕێگەدان بە هێزەکانی تورکیا بۆ چوونە ناو خاکی عێراق بۆ شەڕکردن لەگەڵ پەکەکە، لە بەرامبەر پێداگریی تورکیا لەسەر هەبوونی ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە، هەروەها بیرتان دەهێنینەوە کە لایەنی تورکیا هۆکاری یەکەمی ئەم قەیرانەیە، لە ڕێگەی دەستپێشخەریی ئەنقەرە لەگەڵ پەکەکە لە ساڵی 2013، کە لە یەکێک لە بڕگەکانیدا داواکارییەکی خستۆتە ناوەوە بۆ ئەوەی چەکدارانی ئه و حزبە لە تورکیا بکشێنەوە بۆ ناو خاکی عێراق”.
$دەقی داواکارییەکانی وەزیری دەرەوەی عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایش نێودەوڵەتی$
یەکەم: دەبێت ڕێککەوتنێک بکرێت کە تورکیا ناچار بکات تەواوی هێزەکانی لە خاکی عێراق بباتە دەرەوە، ئیدی لە هەرشوێنێکی عێراق جێگیرکرابن، هێزەکانی تورکیا بە هەڕەمەکی لە نێو خاکی عێراق جێگیربوون و هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر هەبوونی هێزی ئەو وڵاتە لە عێراق بوونی نییە، هەبوونی ئەو هێزانە ناوچەکە ناسەقامگیر دەکات و ئاسایش پەکدەخات.
دووەم: ئەم هێرشانە دەبێت بە تووندی سەرکۆنە بکرێن و تەواوی ئەوانەش کە ئەم هێرشە ترسنۆکانە دەکەن دەبێت سزابدرێن.
سێیەم: ئەمە هەڕەشەیە بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیش، هەروەها دەبێت تیمێکی نێودەوڵەتی دابنرێت تاوەکو لەم هێرشانە بکۆڵنەوە.
چوارەم، پێویستە حکومەتی تورکیا قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە کە بەر خەڵک کەوتووە، ئەم هێرشەی کۆتایی زیانی گەورەی بە کەرتی گەشتوگوزاری عێراق گەیاندووە، هەروەها عێراق بە تەواوەتی بەرپرسیاری خۆی نیشانداوە و خۆی بۆ سەقامگیریی زیاتری ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی یەکلاکردووەتەوە.
[1]