هەزاران کورد کوژران و گۆڕەکەشیان دیار نییە
گرتووخانەی #ئامەد#، وەکوو ترسناکترین گرتووخانە باس دەکرێت لە مێژووی تورکیادا، بەتایبەت لە ساڵانی هەشتاکان و دوای کودەتاکەی کەنان ئێڤرەن. کورد مێژوویەکی زۆر خراپی لەگەڵ ئەو گرتووخانەیەدا هەیە، چونکە بە سەدان گەنجی کورد لەوێدا شەهید کراوە و لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی سپاردووە. ئەو گرتووخانەیە کراوە بە مۆزەخانە، تا نەوەکانی داهاتوو بزانن لەو شوێنەدا چۆن کورد کوژراوە و چۆن ئازاری ڕۆحی و گیانی دراون.
گرتوخانەی ئامەد وەکوو باڵەخانە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ بەر لە ئێستا، دەکەوێتە ناوچەی سووری ئامەد، ئەو ناوچەیەش هەر کوچە و کۆڵان و شوێنێکی مێژووییە و لەلایەن یونسکۆشەوە وەکوو ناوچەیەکی مێژوویی ناوی تۆمار کراوە.
وەکوو ئەوەی میدیاکانی تورکیا باسی دەکەن و نایشارنەوە، گرتووخانەی ئامەد، وەکوو شوێنی دەزگای هەواڵگری بووە، لەوێدا دەیان گەنجی کورد ئەشکەنجە دراون و شەهید بوون، شوێنێک بووە کە جەندەرمەی تورکیا، بە بەهانەی ئەوەی ڕووبەڕووی تیرۆر دەبێتەوە، بەبێ بڕیاری دادگا، سەدان گەنجی کوردی تێدا لەناو بردووە.
نەزاهەت بایباشی، یەکێکە لەو ئافرەتە کوردانەی، لە گرتوخانەی ئامەد بە زیندوویی ڕزگاری بووە، بەڵام کاتێک قسە بۆ ئاژانسی (DW) دەکات، سیمای ئەوەمان پێ دەڵێت لەو گرتووخانەیە شەڕێکی دەروونی زۆریان لەگەڵدا کردووە و لەڕووی فیزیکیشەوە جەستەی تەواو نییە.
وەکوو ئەوەی باسی دەکات، لەناو گرتوخانەکەدا، بەپێی پەتی تا بەیانی لەناو ئاودا زیندانییەکانیان هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی نەخۆش ببن و بمرن.
نەزاهەت دەڵێت: ”بیرمە یەکێک لە جەندەرمەکان بە یەکێک لە گیراوەکانی گوت، تەمەنی تۆ پێنج هەفتەی نەماوە، تەنیا پێنج ڕۆژی ماوە، بەو شێوەیە شەڕی دەروونییان لەگەڵدا دەکردین. ئێمە بە تۆمەتی ئەوەی تورکیا بەرەو دابەشبوون دەبەین، دەستگیر کراین، ئەوانەشی بە سەیارەی (بەیاز تۆرۆس) دەهێنرانە ئێرە، هیچیان بە ساغی دەرنەچوون و هەموویان کوشتن''.
لە گرتووخانەی ئامەد، بەشێک لە زیندانیان بەساغی ڕزگاریان بوو، بەڵام تاوەکوو ئێستا نەهاتوونەتە بەردەم کامیرا و قسە ناکەن تەنیا بەشێکی کەمیان نەبێت، هۆکارەیشی ئەوەیە، تووشی نەخۆشیی دەروونە بوونە و لەڕووی فیزیکییەوە تەواو نین.
ئەدیب پۆڵات، دوای کودەتای 1980، سێ ساڵ لە گرتووخانەی ئامەد زیندانی کراوە، ئەو، نووسەرە و بە ساغی لەو جەهەننەمەی گرتووخانەی ئامەد ڕزگاری بووە، وەکوو ئەوەی خۆی باسی دەکات، نازانێت چۆن باسی ئەو ئەشکەنجەیە بکات کە لەگەڵ زیندانیان دەیانکرد.
پۆڵات، باس لەوە دەکات کە لە ژوورێکی یەک کەسیدا بووە، جاری وا هەبووە تا بەیانی ئەشکەنجەیان داون، نەک تەنیا ئەو، بەڵکوو هەموو ئەو کەسانەی کە دەیانهێنان و بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر دەکران، ئەشکەنجەیەکی بێویژدانانە دەدران.
ئەگەرچی پلان دانراوە گرتووخانەی ئامەد ببێتە مۆزەخانە، بەڵام حکوومەت هیچ ڕیکلام و مارکێتێنگێکی بۆ ناکات تا گەشتیار ڕووی تێ بکات، چونکە نایەوێت ئەو مێژووە ڕەش و عەیبەیە پێشانی بێگانە بدرێت، ئەمەش ئەو کەسانەی نیگەران کردووە کە لەوێ ڕۆژانێک ئازاریان چەشتووە و حەز دەکەن دەنگیان لەڕێگەی ئەو مۆزەخانەیەوە بەجیهان بگات.
وەکوو ئەوەی ئاشکرا بووە و باس دەکرێت، لە دەوروبەری ئەو گرتووخانەیە، ئیسکی مرۆڤیان دۆزیوەتەوە، بەڵام دەزگای هەواڵگری ئەوکاتی تورکیا، ڕێگەی نەداوە پشکنینی بۆ بکرێت، بۆیە نازانرێت ئاخۆ ئەو ئێسکانە هی ئەو زیندانیانەی ئامەدن، یان پێشووترن.
بەشێک لەو کەسایەتییە سیاسی و نووسەرانەی، لە ساڵانی نەوەدەکاندا دۆسیەیان لە دادگا دژی ئەو کەسانە کردەوە کە تۆمەتبارن بە کوشتنی سەدان کورد لە گرتووخانەی ئامەد، بە شێوەیەک لە شێوەکان کوژران و تیرۆر کران، یەکێک لەوانە مووسا عەنتەر، نووسەری دیاری باکووری کوردستان و چەندانی تریش.
ئەگەرچی حکوومەتی ئێستای تورکیا، دان بەوەدا دەنێت کە لە هەشتاکاندا لە گرتووخانەی ئامەد زوڵمێکی زۆر لە کورد کراوە و پێشێلی مافیان کراوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا یەک کەس لەسەر ئەو زوڵم و تاوانە گەورەیە سزا نەدراوە، تەنانەت کەنان ئێڤرەن، کە کودەتای 1980ی ئەنجام دا و تۆمەتبارە بە کوشتنی سەدان کورد و دروستکەری ئەو گرتووخانەیەیە، تا مردیش لە ماڵەکەی خۆیدا پارێزگاری لێ کرا، بەهۆی تەمەنییەوە لە ماڵەوە زیندانی کرابوو.
لە 1999، حکوومەتی تورکیا بڕیاری دا گرتووخانەی ئامەد نۆژەن بکاتەوە، بەڵام ئەوان مەبەستێکی تریان هەبوو، ئەویش سڕینەوەی هەموو پاشماوەکانی دەزگای هەواڵگری بوو، بە شێوەیەک نۆژەن کرایەوە، کە هیچ دەزگایەک نەتوانێت لەوێدا ئەشکەنجە و زوڵم و کوشتن بدۆزێتەوە، تەنانەت هەر کەسێکی کوشتبێتیان و لەوێ ناشبێتیان بە بەهانەی نۆژەنکردنەوە پاشماوەکەیان نەهێشت و لەناویان برد.[1]