#دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم# (ڕێنووسی یەکگرتووی کوردی)
داوا لە نووسەرانی بەڕێز دەکەین، ئەوانەی دەیانەوێت بەرهەمەکانیان لە ڕێگەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە بڵاوبکەنەوە، پێڕەوی لەم ڕێنووسەی خوارەوە بکەن، کە ڕێنووسی پەسەندکراوی ئەو سیمینار و کۆبوونەوانەیە کە لە کاتی خۆیدا لە هەولێر بۆ ئەم مەبەستە بڕیاریان لەسەر درابوو (جگە لە یەک دوو دەسکاریی بچووک)،
$یەکەم:$ گیروگرفتی پیتی (و)
نیشانەی (و) لە زمانی کوردیدا بەم شێوانەی خوارەوە دەنووسرێت:
1- پیتی (و)ی کورت، واتە (و)ی بزوێنی کورت (و: u)
بۆ نموونه: کورد، کورت، کوشت
2- پیتی (وو)ی درێژ، واتە (وو)ی بزوێنی درێژ (وو: u)
بۆ نموونە: سوور، چوو، دوو
3- پیتی (و)ی کۆنسۆنانت (نەبزوێن)، واتە (و: w)
بۆ نموونە: ئاوایی، وەرە، هاوار
4- پیتی (ۆ)ی کراوە، واتە (ۆ: o)
بۆ نموونە: دۆڵ، گۆڕ، نۆ
$دووەم:$ گیروگرفتی پیتی (و)ی سەرەتای وشە
هەر وشەیەک بە پیتی (و) دەست پێ بکات بە یەک (و) دەنووسرێت
بۆ نموونە: وریا، وڵات، وشە، ورد
$سێیەم:$ گیروگرفتی پیتی (ی):
نیشانەی (ی) لە زمانی کوردیدا بەم شێوەی خوارەوەیە:
پیتی (ی)ی بزوێن، واتە (ی: i)
بۆ نموونە: زەوی- zewi، جوانی، خۆشەویستی، کوردی، جیهانی
پیتی (ی)ی کۆنسۆنانت، واتە (ی: y)
بۆ نموونە: یار- yar
سەرنج1: پیتێکی (ی)ی بزوێنی فرە کورت هەیە کە لە نووسینی کوردی لە ئەلفوبێی لاتینیدا نیشانەی (i)ی بۆ دانراوە وەک لە وشەکانی: من- min، کن- kin، ژن-jin، ئەم نیشانەیە لە نووسینی کوردیدا بە ئەلفوبێی عەرەبی نییە،
سەرنج2: نیشانەکانی (ی)ی بزوێن و (ی)ی کۆنسۆنانت، واتە (i) و (y) لە پیتی عەرەبیدا هەردووکیان هەمان نیشانەی (ی) یان هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا لە یەکتر جیاوازن و لە کاتی بەدوای یەکترهاتنیاندا دەبێت هەردووکیان بنووسرێن، وەک: نییە، چییە، دیارییەکە، زەوییەکە،
سەرنج3: لە کاتی هاتنی سێ پیتی (ی) بەدوای یەکتردا وەک لە وشەکانی (ئاواییەکەمان، ، ) (کۆتاییەکی…) (وەستاییەکی، ، ) (کۆتایی بە کارەکە هێنا، ، ) هەر بە دوو (ی) دەنووسرێن،
$چوارەم:$ گیروگرفتی پیتی (ڕ)ی گران، واتە (ڕ)ی نیشانەدار، ئەم پیتە لە هەر کوێیەکی وشەدا هات دەبێت بە نیشانەکەیەوە بنووسرێت، واتە لە سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی وشەدا هەر (ڕ)ی گرانی نیشانەدارە،
وەک: ڕۆژ، بڕیار، کەڕ
$پێنجەم:$ گیروگرفتی پیتی (و)ی بەیەکەوەبەستن (عطف):
پیتی (و)ی بەیەکەوەبەستن، بەشێوەیەکی جیاواز لە وشەی خۆی و پاش خۆیەوە دەنووسرێت و مامەڵەیەکی سەربەخۆی لەگەڵدا دەکرێت،
بۆ نموونە: من و تۆ، ئارەزوو و وریا،
سەرنج: لە هەندێک وشەی لێکدراودا پیتی (و)ی بەیەکەوەبەستن بووە بە بەشێک لە هەردوو وشە لێکدراوەکە و بە هەموویان وشەیەکی سەربەخۆیان دروست کردووە،
وەک: کاروبار، دەنگوباس، ئەلفوبێ، هاتوچۆ
لەم بارانەدا مامەڵەی سەربەخۆ لەگەڵ پیتی (و)ی بەیەکەوەبەستندا ناکرێت و وشەکە هەمووی بەسەریەکەوە دەنووسرێت وەک لە نموونەکاندا پیشانمان دا، .
$شەشەم$: وشەی ناسادە چ ناو بێت یان زاراوە، دەبێت بەسەریەکەوە وەکو یەک وشە بنووسرێن، وەک:
ناو: چەمچەماڵ، بێکەس، دڵشاد، زوورگەزراو، بێخاڵ، ناڵپارێز، میاندواو، کانیکەوە، سپیگرە
زاراوە: ڕێنووس، ڕێپێوان، دەسبەجێ، جێبەجێ، نیشتمانپەروەر، دەستنووس، ڕاستەوخۆ، یەکشەوە (مانگی یەکشەوە)،
$حەوتەم:$ پیتی (ت) لە کۆتایی کار (فرمان)دا دەشێ بنووسرێت و دەشێ نەنووسرێت
وەک: دێت و دەڕوات (یان) دێ و دەڕوا
$هەشتەم:$ نیسبەت لە زمانی کوردیدا زۆربەی جار بەهۆی پیتی (ی) لە کۆتایی ناودا دەکرێت
وەک: پێنجوێنی، هەولێری، دهۆکی، شێخانی
هەروەها ئەم نموونانەی خوارەوە:
ئەحمەدئاوا: ئەحمەدئاوایی
یارمجە: یارمجەیی
تووزخورماتوو: تووزخورماتوویی
شنۆ: شنۆیی
ئاکرێ: ئاکرێیی (یان) ئاکرەیی
لادێ: لادێیی
سەرەنج: ئەو ناوانەی خۆیان بە پیتی (ی) تەواو دەبن، پێویست ناکات (ە)ی نیسبەتیان بخرێتە پاڵ، وەک:
سلێمانی: کامەران سلێمانی
کانیماسی: حاجی حوسێن کانیماسی
ئامێدی: ئازاد ئامێدی
$نۆیەم:$ هەر وشەیەکی بیانی چ هاتبێتە ناو زمانی کوردییەوە یان هەر ناو و وشەیەکی تر کە لە نووسینی کوردیدا دێتە پێشەوە بە ڕێنووسی کوردی دەنووسرێت
وەک: قەڵەم، ئەکبەر، قاهیرە، ئۆتۆمۆبێل، دۆستویڤسکی
$دەیەم:$ ئامرازی (تر، ترین) کە بۆ بەراورد بەکاردێن دەبێت بە وشەکانی پێش خۆیانەوە بلکێنرێن، وەک:
جوان: جوانتر- جوانترین
خاو: خاوتر- خاوترین
سەرنج: ئەم ئامرازەی (تر) جیاوازە لە وشەی (تر) کە بە واتەی (دی، دیکە) دێت،
ئەمەی دوایی دەبێت بە جیاواز لە وشەی پێش خۆی بنووسرێت،
وەک: ماڵێکی تر، چیی ترم ناوێ.
$یازدەیەم:$ جێناوی نیشانەی وەک: ئەم، ئەو، ئەڤ
ئەم جێناوانە ئەگەر ئاوەڵکاری (کات- یان- شوێن)یان بەدوادا هات پێیانەوە دەلکێن و دەبن بە یەک وشەی سەربەخۆ،
وەک؛ ئەمشەو، ئەمڕۆ، ئەڤساڵ، ئەمجارە، ئەمبەر و ئەوبەر، ئەڤرۆ
$دوازدەیەم:$ نیشانەکانی نەناسراوی وەک (..یەک..ێک..ەک) بەم شێوەی خوارەوە دەچنە سەر وشەکانی پێش خۆیان:
1- ئەگەر وشەکان بە پیتە بزوێنەکانی (ا، ی، ە، ێ) تەواو بووبن، ئەوا نیشانەی (..یەک)یان دەخرێتە پاڵ وەک: چیا: چیایەک
زەوی: زەوییەک
دێ: دێیەک
2- ئەگەر وشەکان بە پیتە بزوێنی (وو)یان هەر پیتێکی دەنگدار (نەبزوین: کۆنسۆنانت) تەواو بوون، ئەوا نیشانەی (ێک- لە کرمانجی خواروو) و نیشانەی (ەک- لە کرمانجیی سەروو)ی دەچێتە سەر، وەک:
خانوو: خانووێک، خانووەک،
گوند: گوندێک (کرمانجیی خواروو)، گوندەک (کرمانجیی سەروو)،
ژن: ژنێک: (کرمانجیی خواروو)، ژنەک (کرمانجیی سەروو)،
$سێزدەیەم:$ گیروگرفتی پاشگرەکانی (دا، ڕا، وەو، ەوە)
ئەم پاشگرانە بە وشەکانی پێش خۆیانەوە دەلکێنرێن، وەک:
دا: لە دڵدا (هەر برینێ لە دڵدا هەیە ساڕێژی کەن)، (خەمێکم لە دڵدایە)
ڕا: لە ئامێدیڕا (لە وێڕا بەپێ هاتووین)، (لەخۆڕا دڵی گۆڕاوە)
وە: لە چوارچراوە (لەوێوە هاتووین)
ەوە: بە ماڵەوە (بە ماڵەوە ڕۆیشتین)
سەرنج: پاشگری (دا) جیایە لە وشەی (دا) کە فرمانە و چاوگەکەی (دان)ە،
وەک: تیرێکی لە دڵی دا، تیرێکی لە دڵی دام، ئەم (دا)یەی فرمان بە جیا دەنووسرێت،
$چواردەیەم:$ گیروگرفتی پێشگرەکانی (هەڵ، دا، ڕا، وەر، دەر)
1- ئەم پێشگرانە کاتێک دەچنە سەر چاوگ یان ف ڕمان یان حاڵەتێکی تر پێیانەوە دەلکێن، وەک:
چاوگ:
هەڵ: هەڵکردن، هەڵگرتن، هەڵکورمان، هەڵکێشان
دا: دابڕان، داخستن، داڕمان، داکردن
ڕا: ڕاگرتن، ڕاکێشان، ڕاپەڕین
وەر: وەرگرتن، وەرسوڕان
دەر: دەرکردن، دەرهێنان
فرمان:
هەڵ: هەڵگرە، هەڵمەخە، هەڵکشێ،
دا: دانێ، دامەبڕە،
ڕا: ڕاکێشە، ڕامەپەڕێنە،
وەر: وەرگرە، وەرسوڕێنە،
دەر: دەر بێنە، دەرخە،
حاڵەتی تر، وەک:
هەڵکشاو، هەڵنەکشا، دانراو، ڕاپەڕیو، ڕانەپەڕیو، وەرگرتوو، وەرگرتە، دەرخراو، دەرکراو،
2- ئەگەر جێناوی لکاو کەوتە نێوان پێشگر و فرمانەکەی دوای خۆی ئەوا بەیەکەوە دەنووسرێن، وەک:
هەڵ: هەڵمگرن، هەڵیانکەن، هەڵمانکێشن، هەڵمانمەواسن
دا: داماننەنایە، دایانخەن، دایبڕە
ڕا: ڕایاندەگرین، ڕامکێشە، ڕامپەڕێنە، ڕاشیانپەڕێنن
وەر؛ وەرمانگرتایە، وەرینەگریت، وەریانسووڕێنە
دەر: دەریانپەڕاندین، دەریخە
$پازدەیەم:$ ئەگەر وشەی دووەم لە دۆخی فرماندا بوو، بە جیا دەنووسرێن:
ڕیک دەکەوین، پێکیان هێناینەوە، پێک نەهاتین، یەکیان نەگرتووە، دەستمان نەکەوت،
بەڵام ئەگەر وشەی دووەم لە دۆخی چاوگ یان حاڵەتی تردا بوو، ئەوا هەردوو وشەکە بە یەکەوە دەلکێنرێن،
وەک: ڕێککەوتن، پێکهاتن، یەکگرتن، دەسخستن، یەکگرتوو، دەسکەوتوو، پێکهاتە،
$شازدەیەم:$ ئامرازی (ش)ی تەئکید کەوتە هەر شوێنێکی وشەوە دەبێت بە بەشێک لە وشەکە و نابێت بەهۆی لەتبوونی وشەکە،
وەک: بشتەوێ ناتدەمێ، نەشخۆیت، گوتی دێم… نەشهات، نەشمانگرتن، بشمانبەن
دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم
سلێمانی #20-01-2009# [1]