ناو: عیسمەت
ناوی باوک: مەمەند
ساڵی لەدایکبوون: 1953
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
$ژیاننامە$
عیسمەت مەمەند ئاغا سەعید
ژنێکی خاوەن خەبات و شۆڕشگێڕ ئەویش عیسمەت مەمەند ئاغا سەعید-ە لە ساڵی 1953 لە شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە دایکبووە.
عیسمەت دەڵێت: لە ساڵی 1982 لەگەڵ هاوسەرم شەهید ئەحمەد محەمەد کە ناسراوە بە مامۆستا ئەحمەدی سەناعە، پەیوەندیمکرد بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە لە ناوزەنگ و زەڵێ ، کاری من لە شۆڕشدا گەیاندنی سەرجەم نووسراوە نهێنییەکانی هەڤاڵانی شاخ و شار بوو، یەکەم چالاکیشم لەو بوارەدا لەگەڵ هاوسەرم مامۆستا ئەحمەد و شەهید ئاراس بوو سەردانی ناوزەنگ و زەڵێمان کرد بەمەبەستی بەشداری کردن لە کۆنفرانسی دووەمی کۆمەڵە لەو سەردانەدا من کۆمەڵێک نوسراوی نهێنی و دەمانچەکانی هاوسەرم و شەهید ئاراسم هەڵگرتبوو، هەرلەو کاتەوە دەستمکرد بە کاری نهێنی بەجۆرێک زۆربەی شەوەکان بەیاننامەمان لەسەر دیواری شەقامەکان هەڵدەواسی و هەڵماندەدایە ناو ماڵانەوە.
$کار و چالاکی$
عیسمەت مەمەند باسی لەوە کرد لەگەڵ ئەوەشدا نووسراوی هەڤاڵانی ناوشاری گەیاندۆتە شاخ بۆ یاغسەمەرو سەرگەڵو و بەرگەڵو و گاپیڵۆن دەڵێت: بەجۆرێک ئەو ڕۆژانەی دەبوو نامەی ڕێکخستنی ناو شار ببەم بۆ دەرەوە، دەبوو بەیانیان سەعات پێنج بەڕێکەوین بۆ ئەوەی نووسراوەکە بگەیەنم، دەبوو نووسراوەکانم بە تیپ ببەستم لە ئەژنۆکانم، هەندێکجار لە ڕێکخستنەوە فەرمانم پێدەکرا هاوکاری هەڤاڵان بکەم بە مەبەستی گەیاندن بۆ دەرەوەی شار منیش لەگەڵ هاوسەرەکەم ئەو کارەم دەکرد یەکێکیش لەو کەسانە کاک عەدنان شاسوار بوو، کە لەگەڵی چووم بۆ کۆتەڵ، چونکە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو بوو هەتا گەیاندمانە شوێنی مەبەست دەمانچەو نووسراوەکانم بۆ هەڵگرتبوو، بەشێکی تری کارەکانم بریتی بوو لە هاوکاریکردنی هاوسەرەکەم کە لێپرسراوی چاپەمەنی ڕێکخستنی سلێمانی بوو.
$چاپکردن بە نهێنی$
ئەو ژنە وتی: هاوسەرەکەم دوو جیهازی چاپ و دوو جیهازی ڕۆنیۆی هەبوو لە ژێر زەویدا ژوورێکی بچووکی بۆ دروست کردبوون، بە نهێنی شەوانە کاری چاپکردنی پێ دەکردن ئەمەش ترسناکترین کار بوو لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، بەشێوەیەکی گشتی کارەکانی من پڕ مەترسیی و سەرکێشیی بوون لەو سەردەمەدا بۆ ژن، بەڵام من خۆشەویستیم بۆ خاک و نیشتمان ئەوەندە زۆر بوو، بۆیە هیچ شتێکی مەترسیدارم لەلا قورس نەبوو، دەتوانم کارەکانم پۆلێن بکەم بۆ سێ شێوە:
یەکەم: هێنان و بردنی نووسراوەکانی ڕێکخستن بوو لە نێوان شارو شاخدا.
دووەم: هاوکاریکردنی ئەو هەڤاڵانەی ڕێکخستن کە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەردەچوو لە لایەن بەعسەوە، من بەشێوەی نهێنی لەگەڵ هاوسەرەکەم دەمانبردنە دەرەوەی شار دەمانگەیاندنە لای هەڤاڵانی شاخ.
سێیەم: بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکانی شۆڕش کە لە ماڵی ئێمە چاپدەکران و لە ناوبردنی پاشماوە بێ کەڵکەکانی تەواوی نووسراوە نهێنیەکان، بەم شێوەیە بەردەوام بووم تا 12/4/1989 کاتێک مامۆستا ئەحمەدی هاوسەرم لەو شەوەدا دەستگیر کرا ئیتر دوای دەستگیرکردنی من و هەر چوار منداڵەکەم لەلایەن حکومەتی ئەو سەردەمەوە فەرمانی دەستگیرکردنمان بۆ دەرچوو، بۆیە هەتا ڕاپەڕینی ساڵی 1991 دەربەدەر بووین، هەر ماوەیە و لە شوێنێک بووین ماوەیەک لە بازیان و ماوەیەک لە باینجان و #چەمچەماڵ# بووین، ئەمنی سلێمانی زۆر مەبەستیان بوو من دەستگیر بکەن، چونکە ئەو شەوەی مامۆستا ئەحمەدی هاوسەرم دەستگیرکرا سێ نامەی زۆر گرنگی ڕێکخستنی ئەو لای من بوو دەبوو بۆ بەیانی بیدەمە دەستی شەهید وەستا بەکر و ببرێت بۆ دەرەوە، بۆیە مولازم عەلی و مولازم خەڵەف زۆر مەبەستیان بوو ئەو نامانە بدۆزنەوە، بەڵام بەجۆرێک شاردبوومەوە نەیانتوانی بیدۆزنەوە، گەیاندنی نووسراوەکانی ڕێکخستن بۆ ئیزگەی یەکێتی بەلامەوە زۆر خۆش بوو، چونکە هاوسەرەکەم جارێکیان پێی وتم: #مام جەلال# لە ئیزگەیە، منیش زۆرم حەزدەکرد لە نزیکەوە بیبینم، بۆیە هەرچەندە بەفرێکی زۆر باریبوو، بەڵام لەخۆشی ئەوەی بەڕێز مام جەلالی هەمیشە زیندوو ببینم، ئەو ڕۆژە بە سواری ئێسترێک ڕۆیشتم، بەڵام کەوتمە خوارەوەو ئازارم گەیشت و نەمتوانی بڕۆم.
$دەستگیرکردنی مامۆستا ئەحمەد$
قورسی ژیان لەکاتی دەستگیرکردنی هاوسەرم مامۆستا ئەحمەد دەستیپێکرد، چونکە ئەو ماوەیە داواکراوبووین پیاوانی ئەمنی عێراقی بەدوامانەوە بوون هەموو کەسوکارم لەژێر چاودێریدا بوون کەس نەیدەتوانی سەردانمان بکات، بۆیە وەک شارەزایەکی بە ئەزموون دەجووڵاینەوە، هەمیشە هەنگاوەکانمان لەبەرچاو بوو، زۆر قورسیش بوو بۆم بۆ دابینکردنی بژێوی خۆم و منداڵەکانم کاری ڕستن و چنینم دەکرد بۆ پەیداکردنی بژێویی ژیان، بە گشتی ژیانێکی پڕ مەینەت بوو بۆ من و بۆ تەواوی گەلی کورد.[1]