مانگی نیسان هات، نیسانی 1951. باران دەستی پێ کرد، بەڵام چ بارانێک! پەڕۆ و گوێنیمان لە دووکانی ژێر دار ئاکاسیاکە ئاڵاند، بەڵام هیچ شتێک بەرگەی ئەو بارانە زۆرەی نەدەگرت. ڕۆژێک چووم بۆ کن مامە ڕەشید. ئەو ڕۆژە خزمێکمان لە ئەدەنەوە بە بارهەڵگر هاتبوو بۆ ماڵیان و دەیویست بچێت بۆ ئەنقەرە. پرسیم: داخۆ ئەو خزمەمان دەتوانێت تا ئەنقەرە بمبات؟ ئەو گوتی: دەتبات.
منیش نووسینەکان، ئامێری تایپ و دوو نیگاری لەبەر دڵان شیرینم پێچایەوە. عارف دینۆ ئەو دوو وێنەیەی بە دیاری دابوو پێم و هەریەکەیان شاکارێک بوو لەو گۆڕەی. نووسینەکانم ئەو چیرۆکانە بوون کە دواتر لە کتێبی قرچەی گەرمادا کۆم کردنەوە. ئەو ماوەیەی لە قادیرلی مامەوە، ساڵی چەند جارێک ڕەوە ژەندرمە هەڵیان دەکوتایە سەر ماڵمان و لەگەڵ هەموو سەگ و سواڵی قادیرلیدا ناوماڵیان بەسەریەکدا دەشێواند، تەنانەت ناو جەواڵی ئاردیش دەگەڕان و هەرچی کاغەزی چاپکراو و چاپ نەکراو لە ماڵەوە هەبوایە، هەموویان دەپێچایەوە و دەیانبرد. بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمە کەلەپوورییانەی کۆم کردبوونەوە، بەوجۆرە تیاچوون. ڕۆمانی پێڵاوی ئاسنین ڕۆمانێکی درێژ بوو. ئەویشیان برد. هەروەها بەسەرهاتی گەورەی ئەحمەد دۆغان ناوێکم نووسیبووەوە. ئەویش تیاچوو. چەندین بەرهەمی لە بیر نەکراو و لە بیر کراوم بوون بە قووتی ژەندرمە. بژی فاشیزیمی گەورەی تورکیا! لەوانەیە بپرسن ئەدی نووسینەکانی تری قرچەی گەرما چۆن ڕزگاریان بوو؟ ئەوە بوو سکاڵانووس بووم و ئامێری تایپم هەبوو. دەستم کردبوو بە نووسینەوەی نووسینەکانم بە ئامێری تایپ. هەر جارێک سێ کۆپیم دەنووسی، هەر کۆپیەکیشم لە ماڵی یەکێک لە هاوڕێکانم دەشاردەوە. پێش بەڕێکەوتنم بەرەو ئیستانبوڵ، بەرهەمەکانم لە ماڵان کۆ کردەوە. قرچەی گەرما ئا بەو شێوەیە لە دەستی ژەندرمە ڕزگاری بوو. [1]
یاشار کەمال
31-07-2022
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 1,135 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!